رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەیرانى عێراق چەند پێشنیازێک دەخاتە بەردەم هاوپەیمانیی چوارچێوەى هاوئاهەنگى بۆ رێککەوتن بۆ ناردنى بودجەی هەرێمى کوردستان.
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى تۆڕى میدیایی رووداو لەنێو هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى دەستى کەوتوون، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ بەرپرسانى ئەو هاوپەیمانێتییە تاوتوێى چەند پێشنیازێکى کردووە بۆ رێککەوتن لەبارەى ناردنى بودجەى هەرێمى کوردستان، بەبێ ئەوەى بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵى دژى ناردنى 200 ملیار دینارەکە بیگرێتەوە.
ئەو پێشنیازانە لەمیانى کۆبوونەوەى شەوى رابردوو 5ـی شوباتى 2023ـی چوارچێوەى هاوئاهەنگى باسکراون.
6ـی شوباتى 2023، د. عەلى دیفاعی، گوتەبێژى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "سەرۆکوەزیران چەند بیرۆکە و پێشنیازێکى خستە بەردەم سەرکردەکانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لەبارەى چارەسەرى گرفتى ناردنى پارەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان و بڕیارە لەسەر یەکێکیان رێکبکەوین، بەبێ ئەوەى دژ بێت لەگەڵ بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق".
رۆژی 25ـی کانوونى دووەمى 2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیارى "نادەستووریبوونى" ناردنى 400 ملیار دیناری بۆ دوو مانگ واتە 200 ملیار بۆ هەر مانگێک لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەرکرد.
گوتەبێژى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامى عێراق، کە یەکێکە لە پێکهێنەرانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگیی شیعە، ئاشکرایکرد لەدواى بڕیاردان لەسەر یەکێک لەو پێشنیازانەى محەممەد شیاع سوودانى خستوویەتیە بەردەم چوارچێوەى هاوئاهەنگى، لەگەڵ هەرێمى کوردستان گفتوگۆ دەکرێت بۆ رێککەوتن لەبارەیەوە.
د. عەلى دیفاعى گوتیشى: "پێشبینی دەکرێت لە مانگى شوباتدا پڕۆژەیاساى بودجەى 2023 لە پەرلەمان پەسند بکرێت و بەر لە ناردنى ئەو پڕۆژەیاسایە بۆ پەرلەمان، پرسى ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بە رێککەوتن یەکلادەکرێتەوە. یەکێک لە پێشنیازەکان بۆ ئەو رێککەوتنە ئەوەیە: پارەکە بە قەرز رەوانەى هەرێمى کوردستان بکرێت".
5ـی شوباتی 2023، هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى بە ئامادەبوونى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە، لە راگەیێندراوێکدا ئەو هاوپەیمانێتیە ئاماژەی بەوەدا، تاوتوێی پڕۆژەیاسای بودجەى گشتییان کردووە، کە سەرۆکوەزیرانی عێراق بەنیازە پێشکێشی پەرلەمانى بکات بەمەبەستى پەسندکردنى.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، لەو کۆبوونەوەیەدا محەممەد شیاع سوودانى روونکردنەوەى داوە لەبارەى ئەو میکانیزمانەى بودجەى لەسەر داڕێژراوە، لەگەڵ ئاستى گونجاوى لەگەڵ کارنامەى حکومەتەکەى.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ