رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە بازاڕی نەوت چاوەڕێی کۆبوونەوەی دوای نیوەڕۆی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەسە. بازرگانان هەروەها چاویان لە گرژی و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە.
یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 12 سەنت بەرزبووەوە و بە 72 دۆلار و 43 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 16 سەنت بەرزبووەوە و بە 68 دۆلار و 70 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئەندام لە هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس، هاوپەیمانییەکە بە ئەگەری زۆرەوە بۆ ماوەی 3 مانگ بڕیار لەسەر درێژکردنەوەی کەمکردنەوەکان لە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دەدات.
پێشتر بەرهەمهێنەرانی نەوت بڕیاربوو لە مانگی داهاتووەوە قەبارەی کەمکردنەوەکان لەسەرخۆ کەمبکەنەوە و نەوتی زیاتر بخەنە بازاڕەکانەوە، بەڵام دابەزینی نرخی نەوت لە چەند هەفتەی رابردوودا بەئەگەری زۆرەوە کاریگەری لەسەر بڕیارەکەی ئۆپێک پڵەس دادەنێت.
ساتۆرۆ یوشیدا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری راکوتن سیکیۆریتی رایگەیاند، "بازرگانانی نەوت چاوەڕێن بزانن ئایا بەرهەمهێنەرانی نەوت درێژە بە کەمکردنەوەکان دەدەن لە خستنەڕووی نەوت بۆ ئەوەی نرخی نەوت بەرزبکەنەوە؟"
ئەو شرۆڤەکارە پێشبینی دەکات، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ نرخەکانی نەوت زیاتر بەرزدەبنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ