داهاتی سلێمانی و هەڵەبجە لە هەفتەیەکدا دوو ملیار دینار کەمیکرد

05-07-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

داهاتی ئەم هەفتەیەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانیان زیاتر لە 17 ملیار دینار بووە و بەراورد بە هەفتەی پێشوو، 10٪ کەمیکردووە.
 
بەپێی نیشاندەر و ئامارەکانی ماڵپەڕی شەفافیەت، کە تەرخانکراوە بۆ هەژمارکردن و بڵاوکردنەوەی داهاتە نانەوتییەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین، داهاتی ئەم هەفتەیە لەو شوێنانە لە ماوەی نێوان 29ـی حوزەیران بۆ 5ـی تەممووز 17 ملیار و 80 ملیۆن دینار بووە.
 
لە کاتێکدا داهاتەکانی ئەو دوو پارێزگا و دوو ئیدارە سەربەخۆیە لە هەفتەی پێشوودا، واتە لە رۆژانی 22 تاوەکو 28ـی مانگی حوزەیران 19 ملیار و 186 ملیۆن دینار بووە.
 
داهاتەکانی ئەم هەفتەیە 70٪ لە رێگەی نەختینە، 30٪ بە چەک بووە و هیچ رێژەیەکی لە رێگەی مەقاسەوە بەدەستنەهاتووە.
 
ئەو داهاتانە داهاتی گەنجینەکانی یەک، دوو، چەمچەماڵ، گەرمیان، راپەڕین و هەڵەبجە و فەرمانگەکانی 28 وەزارەت و دەستەن. لەوانە دوو دەستە، 109 بەڕێوەبەرایەتیی گشتی، 516 بەڕێوەبەرایەتی، 781 فەرمانگە و چوار هۆبە.
 
داهاتەکانیش بریتین لە داهاتی دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە، پێبژاردن و سزای دارایی، پشکنینەکان، گومرگ، کرێی کێش و پێوەرەکان، ئۆتۆمبێل، تابلۆ، داهاتی شارەوانییەکان، رسووماتی بەخشین و ژینگە.
 
رۆژی 15-12-2022، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بەگەڕخستنی ئەو ماڵپەڕەی راگەیاند، ماوەیەک بوو یەکێتی بە ناوی "تۆش بیزانە.."ـەوە رێکلامی بۆ دەکرد و ناوی لێنابوو "سیستمی چاودێری و رێکخستنی داهاتی فەرمانگەکان".
 
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە