لیژنەیەک لە بەغداوە بۆ مووچەی ساڵی 2025 سەردانى هەرێمى کوردستان دەکات

21-01-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لیژنەیەکى پێنج کەسى سەر بە وەزارەتى دارایی عێراق لە بەغداوە سەردانى هەرێمى کوردستان دەکات بۆ دیاریکردنى بڕى خەمڵێنراوى پارەى پێویستى مووچەى 2025.
 
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى دەست رووداو کەوتوون، بڕیارە ئەمڕۆ (سێشەممە، 21-1-2025) ئەو شاندەى وەزارەتى دارایی عێراق بگاتە هەرێمى کوردستان.
 
سەردانى ئەو لیژنەیە لە کۆبوونەوەى دوێنێی هەردوو شاندى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى دارایی فیدراڵ لە بەغدا بڕیاری لێدراوە. 
 
سۆران عومەر، سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵى دادگەرى کوردستان کە بەشداری لە کۆبوونەوەى سەرۆکى فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەگەڵ شاندەکەى هەرێمى کوردستان کرد، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "شاندە 5 کەسییەکە لەلایەن تەیف سامى، وەزیرى دارایی فیدراڵەوە پێکهێنراوە و سەرۆکى دەستەى خانەنشینى، یەکێکە لە ئەندامەکانى."
 
بەگوێرەى گفتوگۆکانى هەردوو شاندى هەولێر و بەغدا، ئەو لیژنەیەى وەزارەتى دارایی فیدراڵ لەگەڵ لیژنەیەکى دیکەى وەزارەتى دارایی و ئابووریی هەرێمى کوردستان خەمڵاندن بۆ بڕى پارەى مووچەى هەرێمى کوردستان دەکەن بۆ ساڵى 2025، رۆژى یەکشەممەى داهاتووش دەیدەنە شاندى هاوبەشى هەردوولا کە جارێکى دیکە لە بەغدا کۆدەبنەوە. 
 
سۆران عومەر گوتى "هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى 2025 داواى زیاتر لە 12 تریلیۆن دینار دەکات."
 
خەمڵاندنى ئەو بڕە پارەیەی بۆ 2025 بۆ مووچە پێویستە، لەسەر بنەماى تێکڕاى مووچە دەبێت بە هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانیشەوە کە وەزارەتى دارایی و ئابوورى مانگانە زیاتر لە 50 ملیار دینار لە داهاتى ناوخۆ، دەخاتە سەر مووچەکانیان چونکە لەلایەن بەغداوە خەرج ناکرێت.
 
ئەو راسپاردانەى لیژنەى هەولێر و بەغدا ئامادەى دەکەن، دواى تاوتوێکردنیان لەلایەن شاندى نێوانیان بۆ ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بەرزدەکرێنەوە بۆ ئەوەى بڕیارى لەسەر بدرێت. 

 

 

 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق

تەیف سامى بۆ سوودانى: کورتهێنانى زۆرمان لە پارەى مووچەدا هەیە

بەگوێرەى نووسراوێکى وەزارەتى دارایی عێراق کە لە 9ـی شوباتى 2025 ئاراستەى نووسینگەى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی کردووە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق هۆشدارى دەدات لەوەی لە بەهەمیشەییکردنی ژمارەیەک گرێبەستى وەزارەتی کارەبا، پارەى زیاتر بکەوێتە ئەستۆى خەزێنەى گشتى، کە وادەکات وەزارەتەکانى دیکەش داواى هەمان هەنگاو بکەن بۆ کارمەندە گرێبەستەکانیان.