تۆنی دەنگی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەهای دۆلار دادەبەزێنێت

05-05-2022
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی پێنجشەممە بەهای دۆلار گەورەترین دابەزینی بەخۆیەوە بینی دوای ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رێژەی سوودی بانکی بە رێژەی 0.5% بەرزکردەوە. بەهای دۆلار ئەمڕۆ پێنجشەممە بەرامبەر دراوەکانی دیکە 0.9%ی بەهاکەی لەدەستدا، ئەوەش بە گەورەترین دابەزینی رۆژانەی لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا هەژمارکراوە.
 
هەرچەندە بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکی بەرزکردووەتەوە، بەڵام تۆنی دەنگی جێرۆم پاوڵ بە چەشنێک بوو کە نەک تەنیا نەبووە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای زیاتری دۆلار، بەڵکو بەهای دۆلاری بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزاند.
 
جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئاوی ساردی رژاند بەسەر بیرۆکەی زیاتر بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا کە بەپێی شارەزایان دەبوایە رووبدات بۆ دابەزاندنی رێژەی هەڵاوسان کە لە ماوەی 12 مانگی رابردوودا بەرزبووەتەوە بۆ 8.5%.
 
بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا بە رێژەی 0.5% گەورەترین بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکییە لە ئەمریکا لە دوای ساڵی 2000ەوە، بەڵام جیرۆم پاوڵ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەدوای راگەیاندنی بڕیاری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی، ئاشکرای کرد کە کۆمیتەی بازاڕی ئازادی بانکی ناوەندیی ئەمریکا چاوی لەوە نییە کە سوودی بانکی زیاتر لە 0.75% لە داهاتوودا بەرزبکاتەوە.
 
پێشتر لە مانگی ئاداری ئەمساڵ بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکیی بە رێژەی 0.25% بەرزکردبووەوە و شەوی رابردوو لەدوای بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بە رێژەی 0.5%، ئێستا سوودی بانکی لە ئەمریکا لەسەر ئاستی 0.75% جێگیر بووە.
 
لێدوانی جیرۆم پاوڵ لەسەر ئەوەی سوودی بانکی زیاتر بەرز ناکەنەوە، بووە هۆکار بۆئەوەی بەهای دۆلار بەراورد بە دراوەکانی دیکە دابەزێت.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە بەهای یۆرۆ بەرامبەر بە دۆلار بە رێژەی 1% بەرزبووەوە و بەهای یەک یۆرۆ گەیشتە 1.0606 دۆلار.
 
بەهای پاوەندیش بە هەمان رێژەی 1% بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەوە و بە 1.2605 مامەڵەی پێوەکرا.
 
دابەزینی بەهای دۆلار هەروەها بووە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای زێڕ بە رێژەی 1.6% و هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە سەرووی 1900 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەکرا.
 
ئازاد گەیلانی، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان کە لە لەندەنەوە بەشداریی بوولتەنی ئابووریی رووداوی کرد، لەوبارەیەوە رایگەیاند، "نەختینەیەکی زۆر لە بازاڕەکانی جیهاندا هەبووە و هەفتەی رابردوو دوای دابەزینی گەورەی بۆرسەکانی ئەمریکا پارەیەکی زۆر لە بازاڕەکاندا بە سەرگەردانی مابووەوە و وەبەرهێنەر و بازرگانان هیچ سامانێکیان پێ نەدەکڕی و ئەو نەختینەیەش تاوەکو گوتارەکەی دوێنێی جێرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، بەردەوام بووە."
 
 
گەیلانی، نەختینەی زۆری بازاڕەکان لە هەفتەی رابردوو بە سمارت مەنی، واتە پارەی زیرەک، ناوبرد و روونیکردەوە، لەدوای گوتارەکەی پاوڵ بازرگانان روویانکردە فرۆشتنی دۆلار بۆئەوەی قازانجەکانیان کۆبکەنەوە و لەدوای کۆکردنەوەی قازانجەکانیان دووبارە سامانەکان و پشکەکان بە بەهایەکی هەرزانتر بکڕنەوە.
 
بە گوتەی ئەو شرۆڤەکارەی بازاڕە داراییەکان لە لەندەن، سەرەڕای دابەزینی دوێنێ و ئەمڕۆی بەهای دۆلار لە بەرامبەر دراوەکانی دیکە، بەڵام دۆلار هیچ رێگەیەکی دیکەی نییە جگە لەوەی کە ئاراستەی بەرەو بەرزبوونەوە بگۆڕێت.
 
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، جگە لە بابەتی سوودی بانکی، بانکی ناوەندیی ئەمریکا مانگانە 95 ملیار دۆلار لە بازاڕدا دەکشێنێتەوە کە پێشتر لەو رێگەیەوە پاڵپشتیی قەواڵە داراییەکانی پێدەکرد و ئەوەش دەبێتە هۆکاری دووەم بۆ کەمکردنەوەی نەختینە لە بازاڕەکاندا.
 
ئازاد گەیلانی سەبارەت بە نرخی زێر ئەوەی خستەڕوو، هەرچەندە نرخی زێر ئەمڕۆ بەرزبووەتەوە، بەڵام هیچ ئاسۆیەک بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری بەهای زێر دیار نییەوە و بەپێی بنەماکانی بازاڕ، دەبێت نرخی زێر بەرەو دابەزین هانبدرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک ئۆنسەی زێڕ.

نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بۆ 2,669 دۆلار بەرزبووەوە

نرخی زێڕ بەهۆی ناڕوونییەکانی پەیوەست بە سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ بەرزبووەوە. بازرگانان چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی ئابووریی ئەمریکان پەیوەست بە هەڵاوسانی مانگی 12 بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونییان هەبێت سەبارەت بە سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندی ئەمریکا.