رووداو دیجیتاڵ
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەغدا لەگەڵ کڕیارانی نەوت کۆبوونەوە.
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق ئێستا لەگەڵ کڕیارانی نەوت کۆبوونەوە و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سۆمۆش بەیەکەوە دوای ئەم کۆبوونەوەیە، لەگەڵ کڕیارانی نەوت کۆدەبنەوە".
هەولێر و بەغدا لەسەر هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بەشێوەی بەرایی رێککەوتوون، کە نەوتەکە بە چاودێریی کۆمپانیای سۆمۆ بفرۆشرێت، کۆمپانیای سۆمۆش بە رووداوی گوت "لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر زۆر شت رێککەوتووین، بەمزووانە رایدەگەیێنین".
رووداو زانیویەتی کۆمپانیا و کڕیاری نەوت لە دەرەوە گەیشتوونەتە هەولێر، ئەمڕۆ (دووشەممە، 3-4-2023) لەگەڵ نوێنەری هەرێمی کوردستان چوونەتە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کڕینی نەوتی کوردستان.
بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە رێککەوتنەکە کە وردەکارییەکەی بە رووداو داوە؛ رێککەوتنەکە فوئاد حوسێن و وەزیری نەوتی عێراق واژۆیان کردووە، بە چاودێری محەممەد شیاع سوودانی.
- کۆمپانیای (سۆمۆ) نەوتی هەرێمی کوردستان دەفرۆشێت.
- پارەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەخرێتە هەژمارێکی بانکی لە ژێر چاودێری و وردبینی بەغدا دەبێ و تەنیا حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی راکێشانی پارەی لەو هەژمارە بانکییەدا هەیە.
- وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سرووشتییەکانی کوردستان لیژنەیەکی هاوبەش پێکدەهێنن بۆ: هەناردەکردن، بەبازاڕکردن و فرۆشتنی نەوتی کوردستان.
- کوردێک دەکرێتە جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ.
- بۆ چارەسەرکردنی پرسە تەکنیکییەکان، لیژنەی هاوبەشی هەردوولا کۆبوونەوەی زیاتر دەکەن.
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، حکومەت و وەزارەتەکە رژدن لەسەر خێرا دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان. دەشڵێت، "رەچاوی نەرمینواندنمان کردووە بۆ ئەوەی یەکەمجار نەوت هەناردە بکرێتەوە، دواتر باسی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند بکرێت".
وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە: وەزارەتی نەوت جەخت لەسەر رژدبوونی حکومەتی عێراق و وەزارەت لەبارەی پەلەکردن لە خێرا دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهان و کارکردن بۆ نزیککردنەوەی بۆچوونەکان لە بەرژەوەندیی گشتی دەکاتەوە".
هاوکات جەختیشی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، "وەزارەتی نەوت لەژێر رۆشنایی کەشە ئەرێنی و لێکتێگەیشتنە دوو قۆڵییەکان، بەمنزیکانە دەگەن بە رێککەوتن".
گوتەبێژی حکومەتی عێراق لەبارەی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراق بۆ دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بە رووداوی گوت، "کەشوهەوای کۆبوونەوەکانی نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوت پۆزەتیڤ و باشن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ