بازرگانانی نەوت چاوەڕێی بینینی كاردانەوەی ئەمریكا لەسەر كەیسی كوشتنی جەمال خاشوقچی رۆژنامەنووسی سعودی و هەروەها چاوەڕوانی سعودیە بوون كە نەوت وەك كارتێكی گوشار بەكاربهێنێ بەرامبەر ئەو دۆسیەیە.
بەڵام كاردانەوەی ئەمریكا بەرامبەر سعودیە جیاواز دەرچوو. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رایگەیاند، ئەگەر بەهۆی كوشتنی جەمال خاشوقچی هەندێ سزای تایبەت بەسەر سعودیە بسەپێنن، ئەوە زیان بەخۆیان دەگەیەنن. ئەو لێدوانە لە كاتێكدا بوو كە ترەمپ چاوەڕوانی راپۆرتی راوێژكارەكانی بوو لەسەر كەیسی كوشتنی خاشوقچی.
ترەمپ جەختی لەوە كردەوە كە سعودیە هاوپەیمانێكی باشی ئەمریكا بووە. سەبارەت بە ئیسرائیلیش گوتی كە سعودیە هاوكاریی زۆری كردوون، هەروەها پارەی بۆ زۆر بابەت تەرخان كردووە.
سەرۆكی ئەمریكا جەختی لەوەش كردەوە كە ئەگەر ئەمریكا پەیوەندییەكانی لەگەڵ سعودیە تێكبدات، ئەوكات رووسیا و چین پێشوازی لێدەكەن، چونكە لە بەرژەوەندیی ئەواندایە. لێدوانەكانی ترەمپ گوشارێكی زۆری بۆ بازاڕی نەوت هێنا و بووە هۆكاری دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا.
لەلایەكی دیكەوە خالد فالح، وەزیری وزەی سعودیە رایگەیاند كە وڵاتەكەی هیچ نیەتێكی نییە بۆ ئەوەی نەوت وەك چەك بەرامبەر هاوپەیمانەكانی بەكاربهێنێ، ئەمەش ئەو پەیامەی دا بە بازرگانان كە ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەمریكا و سعودیە كاتین و نابنە هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكاندا.
بەشی دووەمی هاوكێشەكە بریتییە لە خستنەڕووی نەوت، بڕیارە رۆژی چواری نۆڤەمبەری ئەمساڵ بەشی دووەمی گەمارۆكانی ئەمریكا لەسەر ئێران بڕواتە بواری جێبەجێكردنەوە.
گەمارۆكان كەرتی نەوت و گازی ئێران دەگرێتەوە، ئەمەش كاریگەری لەسەر كەمبوونی سەرچاوەی داهاتی ئێران دروست دەكات كە بەشێوەیەكی سەرەكی پشتی بە فرۆشتنی نەوت بەستووە. پێشتر ئەمریكا هۆشداری دابووە وڵاتان كە دەبێت تا مانگی نۆڤەمبەر كڕینی نەوت لە ئێران دابەزێنن بۆ ئاستی سفر، بەڵام هەر یەكە لە چین و توركیا و هیندوستان و چەند وڵاتێكی ئەوروپی هەوڵی دۆزینەوەی رێگەی دیكە دەدەن بۆ پارەدان لە بەرامبەر ئەو نەوتەی كە لە ئێرانی دەكڕن بۆ ئەوەی خۆیان لە گەمارۆكانی ئەمریكا بپارێزن. ئەمە لەكاتێكدایە لەماوەی هەفتەی رابردوودا هەر یەكە لە پەكین و ئەنقەرە رایانگەیاند كە بەردەوام دەبن لە كڕینی نەوت لە ئێران و گوێ بە سزاكانی ئەمریكا نادەن.
لەدوای واژۆكردنی رێككەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، چەندین كۆمپانیای ئەوروپی وەبەرهێنانیان كرد لە كەرتی نەوت و گازی ئێراندا، بەتایبەتی هەریەكە لە كۆمپانیاكانی بریتیش پترۆلیۆمی بەریتانی و تۆتاڵی فەرەنسی پلانی درێژخایەنیان دانابوو بۆ مانەوە لە ئێراندا، بەڵام لە دوای گەڕانەوەی گەمارۆكان بۆ سەر ئێران، كۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی كشانەوەی خۆی لەو وڵاتە راگەیاند و كۆمپانیای بریتیش پترۆلیۆمیش كارەكانی خۆی لە كێڵگەكانی ئێران راگرت.
مەترسییەكانی بازاڕ ئەوكاتە رووی لە زیادبوون كرد كە بیژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران گوتی هیچ جێگرەوەیەكی نەوتی ئێران نییە لە بازاڕدا، هەروەها رایگەیاند كە سعودیە و رووسیا نزیك دەبنەوە لە تەواوی توانای بەرهەمهێنانیان و بەهیچ شێوەیەك توانای زیاتریان نییە تا نەوتێكی زیاتر بخەنە بازاڕەوە.
لە بەرامبەردا لایەنی سعودی رایگەیاند كە ئەوان ئامادەن خواستی بازاڕ پڕ بكەنەوە. بەواتایەكی دیكە، ببنە جێگرەوەی نەوتی ئێران، وەزیری وزەی سعودیە ئەوەشی گوتبوو كە لە ئایندەدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت رۆژانە 1 – 2 ملیۆن بەرمیل لە ئاستی بەرهەمهێنانی ئێستایان زیاتر دەبێت، ئەمەش دەتوانێت كورتهێنانی بازاڕی نەوت پڕبكاتەوە كە لە ئەنجامی راوەستانی كەرتی نەوتی ئێران روودەدات.
ئەم لێدوانانەی خالد فالح لە میانەی كۆنفرانسی وەبەرهێنان لە ریاز هات كە سعودیە بە بڕی 50 ملیار دۆلار گرێبەستی واژۆ كردووە بەمەبەستی ئەنجامدانی وەبەرهێنان لە ژێرخانی نەوت و گازدا.
شارەزایانی بواری ئابووری پێیانوایە كە عێراق دەتوانێت ببێتە یاریزانێكی دیكەی سەرەكیی بازاڕی نەوت. بەپێی دوایین راپۆرتەكانی ئاژانسی بلومبێرگ، عێراق ژمارەی پێوانەیی تۆماركردووە لە بەرهەمهێنانی نەوت و توانیویەتی رۆژانە بگاتە 4.78 ملیۆن بەرمیل، پێشبینیش دەكرێت تا ساڵی 2019 بگاتە 5 ملیۆن بەرمیل و تاساڵی 2024 بگاتە 7.5 ملیۆن بەرمیل، بەڵام ئەوەی كە جێگەی مەترسییە، ئەوەیە كە عێراق خاوەنی ژێرخانێكی نەوت و گازی بەهێز نییە، ئەمەش توانای عێراق بۆ بەرهەمهێنان و گەشەپێدانی سێكتەری نەوی سنووردار دەكات.
لەلایەكی دیكەوە راپۆرتەكەی سندوقی نێودەوڵەتیی دراو سەبارەت بە لاوازبوونی گەشەی ئابووریی جیهان لە 2018 و 2019 بووە هۆكارێك كە لەم دوو هەفتەیەدا گوشارەكانی سەر نرخی نەوت زیاتربێت، سندوقی نێودەوڵەتیی دراو هۆشداری دا لەوەی كە پەرەسەندنی شەڕی بازرگانیی نێوان ئەمریكا و چین زیانێكی زۆر بە گەشەی ئابووریی جیهان دەگەیەنێ، ئەمەش خواست لەسەر كڕینی نەوت كەمدەكاتەوە.
لەلایەكی دیكەوە شارەزایانی بواری وزە رایدەگەیەنن كە ساڵانە لەم وەرزەدا پاڵاوگەكانی ئەمریكا دەچنە بواری سێرڤسكردنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆكاری كەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت كە لەكۆتاییدا دەبێتە هۆكاری دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا، ئەمەش لەسەر نەوتی كۆگاكراوی ئەمریكا رەنگی داوەتەوە، بەپێی ئامارەكانی API بڕی نەوتی كۆگاكراوی ئەمریكا لە هەفتەی رابردوودا 6.3 ملیۆن بەرمیل زیادی كردووە، ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت كە خواستی پاڵاوگەكان لەسەر كڕینی نەوت كەمبووەتەوە. داكشان لە بازاڕی نەوتی ئەمریكاش گوشارەكانی سەر نرخی نەوت زیاتر دەكات.
بەڵام بانكی مۆرگان ستنالی پێشبینی دەكات تاكۆتایی ئەمساڵ نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت بگاتە 85$ . ئەو بانكە پێشبینی ئەوەش دەكات كە تاكۆتایی ئەمساڵ سەقامگیریی زیاتر بۆ بازاڕی نەوت بگەڕێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ