وەزارەتی گواستنەوەی عێراق: پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت

03-04-2024
رێناس ساڵح
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایدەگەیێنێت، پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت و "دەوروبەری رێگەکەش دەکەن بە ناوەندێکی ئابووریی گرنگ و کارگە و ناوچەی پیشەسازیی تێدا دروست دەکرێت."
 
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "هەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە عێراق، هاوئاهەنگیی باشیان لەگەڵیاندا هەیە. حکومەتی عێراق دەیەوێت هەرێمی کوردستان سوودمەند بێت لە پرۆژەکە، چونکە پرۆژەیەکی وەبەرهێنانە بۆ هەموو عێراق، بۆیە بە شێوەیەک دیزاین دەکرێت کە رێگەی گەشەپێدان بە هەرێمی کوردستاندا تێپەڕێت."
 
پرۆژەکە بە 11 پارێزگادا تێدەپەڕێت، لە بەندەری فاوەوە دەستپێدەکات و لە پێشابوور کۆتایی دێت. ئەمڕۆ 02-04-2024 مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق میوانی بووڵتەنی ئابوویی رووداو بوو، باسی لە گرنگیی رێگەکە کرد و گوتی، "مەبەستمانە هەرێمی کوردستان ببێتە بەشێک لە سیستمی ئابووریی عێراق، نەوەک لەم پرۆژەیە، بەڵکو پلانی دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەرمان بۆ هەموو عێراق هەیە بە شارەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە."
 
بە گوتەی مەیسەم سافی، پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان تەنیا بۆ گواستنەوەی بازرگانی نییە، بەڵکو لە کەناری رێگەکە دەیان ناوەندی بازرگانی دەکرێنەوە و کارگە و ناوچەی پیشەسازی دروست دەکرێن، هێڵی شەمەندەفەری تێدا دەبێت بۆ گواستنەوە، "چونکە پرۆژەیەکی گشتگیری ئابووری و کولتووری و کۆمەڵایەتییە، حکومەتی عێراق گرنگییەکی زۆری پێدەدات."
 
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق: پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان 2050 تەواو دەبێت
 
رێگەى گەشەپێدان، درێژییەکەى 1200 کیلۆمەتر دەبێت و تێچووی 17 ملیار دۆلارە، 10.5 ملیار دۆلار بە شەمەندەفەری پێشکەوتووی کارەبایی دەدرێت و 6.5 ملیار دۆلاریش تێچووی دروستکردنی هێڵە ئاسنینەکە دەبێت.
 
کارەکانی پرۆژەکە دابەشکراوە بەسەر 15 بەش و بە سێ قۆناخ تەواو دەبێت. قۆناخی یەکەمی ساڵی 2028 تەواو دەبێت، قۆناخی دووەم 2038 و قۆناخی کۆتایی ساڵی 2050 تەواو دەبێت، واتە هەم رێگەکە و هەم پرۆژەکانی دەوروبەری رێگەکە دوای 26 ساڵی دیکە تەواو دەبێت بەگوێرەی ئەو پلانەی بۆی دانراوە.
 
گوتیشی، حکومەتی عێراق گرنگییەکی زۆر بە پرۆژەکە دەدات، ئێستا لە قۆناخی سەرەتاداین لەم قۆناخەدا 60% دیزاینی سەرەتایی پرۆژەکە تەواو بووە، 50% دیزاینی رێگەکانی لەگەڵ 80%ی هەڵکۆڵینی رێگەکان تەواو بوون، "هەرکات نەخشەسازیی سەرەتایی تەواو بوو، دەست بە دانانی نەخشە و دیزاینی کۆتایی دەکەین و دواتر دروستکردنی پرۆژەکە دەست پێدەکات."
 
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، دەرگە کراوەیە بۆ سەرجەم کۆمپانیاکان کە بێن لە پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان کار بکەن. گوتیشی، "ڤیتۆمان لەسەر هیچ وڵات و کۆمپانیایەک نییە؛ رۆژانە بەشی ئابووریی باڵیۆزخانەی وڵاتان سەردانی بنکەی سەرەکیی پرۆژەکە دەکەن بۆ بەشداری لە دروستکردنیدا، بەڵام دواتر لیژنەی باڵا دیاریی دەکات چ کۆمپانیایەک دەتوانێت لە جێبەجێکردنی پرۆژەکە بەشداربێت."
 
لەبارەی قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی موڵک و زەویوزاریان بەر پرۆژەکە دەکەوێت گوتی، کۆمپانیایەکی راوێژکاریی ئیتاڵیی تایبەت، ئەو شوێنانە دیاری دەکات کە رێگەکەی پێدا تێدەپەڕێت، بۆئەوەی نەکەوێتە ناوچەی نیشتەجێبوون و قەرەباڵخ، ناهێڵن هیچ کەسێک زەرەرمەند ببێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە