رووداو دیجیتاڵ
ئیدارەی بایدن هەریەک لە وڵاتانی ئەسیوپیا، مالی و گینیا لە رێککەوتنی بازرگانیی نێوان ئەمریکا و کیشوەری ئەفریقیا بێبەش دەکات و دەڵێت کردەی حکومەتەکانی ئەو سێ وڵاتە: "پرەنسیپەکانی ئەمریکا پێشێلدەکەن".
نوینەرایەتیی ئەمریکا لە دەستەی بازرگانیی ئەمریکی-ئەفریقی رایگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وڵاتانی ئەسیوپیا، مالی و گینیا لە رێککەوتنی (AGOA) دووردەخاتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەو کردانەیە کە حکومەتەکانی هەر یەک لەو وڵاتانە ئەنجامیانداوە و "پێشێلی پرەنسیپەکانی ئەمریکا دەکەن".
رێککەوتنی (AGOA)، کورتکراوەی "یاسای ئەمریکا بۆ گەشە و دەرفەتەکانی ئەفریقیایە" کە لە ساڵی 2000 و لە سەردەمی ئیدارەی بیل کلینتن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کرا، مەبەست لێی ئاسانترکردنی و رێکخستنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و ئەفریقیایە.
سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی ئەو سێ وڵاتە، ئیدارەی بایدن نیگەرانی قووڵی لە ئاست "پێشێلکارییەکانی حکومەتی ئەسیوپیا و لایەنەکانی دیکە لەئاست مافەکانی مرۆڤ دەربڕیوە، کە قەیرانی باکووری ئەسیوپیای قووڵتر کردووەتەوە". هەروەها نیگەرانی خۆشی لەو "گۆڕانکارییانەی" کە لە هەردوو حکومەتی مالی و گینیا روویانداوە، خستوەتەڕوو.
تاوەکو ساڵی 2020دا، 38 وڵاتی ئەفریقیا سوودیان لە یاسای (AGOA) بینیوە. لە 2015دا کۆنگرێسی ئەمریکا یاساکەی نوێ کردەوە و بۆ ماوەی 10 ساڵی دیکە درێژی کردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ