رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی چاودێریی بازاڕەکان لە هەولێر بە بەردەوامی بەسەر دووکان و مارکێتەکاندا دەگەڕێن، دەیانەوێت نرخ و کوالێتی گۆشت، نان و خواردنەکانی دیکە بزانن، بەرپرسەکەیان دەڵێت، نرخ دابەزیوە.
هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "ئێستا کە رۆژێکی پشووە بەردەوام لیژنەکانمان لە گەڕاندان. لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا سەردانی 950 شوێنمان کردووە، لەنێویاندا 233 شوێنمان سزای مادی داون، 5 شوێنمان داخستوون و زیاتر لە 22 تۆن کەرەستەی بەسەرچوومان لەنێوبردووە."
لە سلێمانیش تەنیا لە رەمەزاندا لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەت زیاتر لە 300 سەردانیان هەبووە و دەستیان گرتووە بەسەر 20 تۆن شتومەکی خراپدا. سەرۆکی لیژنەکە بە رووداوی گوت، لەو سەردانانەدا 21 شوێنیان سزا داوە.
لیژنەکانی قایمقامیەت لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان کارێکیشیان چاودێریکردنی نرخی شتومەکە، وەکو بەرپرسەکانیان باسی دەکەن، ئەم رەمەزانە نرخ دابەزیوە.
گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی، "زۆرینەی بابەتەکان نرخیان جێگیرە، وەکو ئارد رۆن شەکر و چا و برنج، بەراورد بە رەمەزانی ساڵی رابردووش نرخیان دابەزیوە."
مانگی پێشوو کیلۆیەک گۆشتی بەرخ لە هەرێمی کوردستان گەیشتە 23 هەزار دینار. 27ـی ئادار حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەزینی نرخ، بڕیاری لێخۆشبوونی 50%ـی رەسمی هاوردەکردنی گۆشتی دەرکرد و بەهۆیە کەمێک نرخ دابەزی.
هۆگر عەلی ئەوەشی گوت، "بەگوێرەی دۆلار نرخ دابەزیوە، بۆ نموونە بەر لە هاتنی مانگی رەمەزان تەبەقێک هێلکە شەش هەزار دینار بوو، ئێستا چوار هەزارە. گۆشت و مریشک هەروا. خواردن سەرجەمی دابەزیوە.. رۆن [کارتۆنی رۆنی شل] پار بە 70 هەزار بوو، ئەمساڵ 33 هەزارە... گۆشتی گۆلک بە ئێسک کیلۆی 14 هەزارە، نەرمەکەی 18 هەزارە و گۆشتی بەرخیش 20 هەزارە."
لە هەرێمی کوردستان هەر کەسێک کەرەستەی ماوە بەسەرچوو بفرۆشیت، یان نرخ بەرزبکاتەوە بەسەرپێچی تۆمار دەکرێت، سزاکەشی داخستن، سزای مادییە و هەندێک جار خاوەنەکەشی دەدرێتە دادگە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ