رووداو دیجیتاڵ
به‌هۆی زۆری خواستەوە، ساڵ به‌ساڵ ژماره‌ی كارگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی شیش له هه‌رێمی كوردستان زیاد دەکەن. ئێستا 9 كارگه له‌كاردان، بەرهەمی ساڵانەیان ده‌گاته زیاتر له ملیۆنێك و 848 هه‌زار تۆن شیش.
له هه‌رێمی كوردستان 9 كارگه و له عێراقیش 2 كارگه‌ی گه‌وره‌ی به‌رهه‌مهێنانی شیشی كۆنكریت هه‌ن، كۆی به‌رهه‌می ساڵانه‌یان ده‌گاته نزیكه‌ی 2 ملیۆن و 616 هه‌زار تۆن، ئه‌م بڕه‌ش نزیكه‌ی 65.4%ی پێداویستی ناو‌خۆ دابین ده‌كات، چونكه عێراق و هه‌رێمی كوردستان پێویستیان به نزیكه‌ی 4 ملیۆن تۆن شیش هه‌یه، بۆیه شیش لە ئێران و توركیا و ئۆکراینا هاوردە دەکرێت.
كۆی به‌رهه‌می ساڵانه‌ی كارگه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌گاته زیاتر له ملیۆنێك و 848 هه‌زار تۆن، واتە 70.64ی توانای به‌رهه‌مهێنانی شیشی كۆنكریتی عێراق له هه‌رێمی كوردستانه و توانیویانه نزیكه‌ی 50%ی پێداویستییەکانی عێراق لە شیش دابین بكه‌ن.
ئه‌م كارگانه به‌پێی خواستی بازاڕ نزیكه‌ی 75% تاوه‌كو 80%ی به‌رهه‌مه‌كانیان هه‌نارده‌ی بازاڕه‌كانی عێراق ده‌كه‌ن.
كارگه‌ی ماس ستیل له پارێزگای سلێمانی، یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین كارگه‌كانی شیشی كۆنكریت له هه‌رێمی كوردستان و نزیکەی شەش ساڵە دەستی بە بەرهەمهێنان کردووە. كارگەکە ساڵانه توانای تواندنه‌وه‌ی 1 ملیۆن و 250 هه‌زار تۆن سیكراب و به‌رهه‌مهێنانی 650 هه‌زار تۆن شیشی كۆنكریتی هه‌یه.
ئامانج سه‌لام، به‌ڕێوه‌به‌ری فرۆشتن و به بازاڕكردنی كارگه‌کە ، له پارێزگای سلێمانی، ده‌ڵێت: "له شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ساڵی رابردوو به‌هۆی كه‌رەنتینەوە فرۆشمان زۆر كه‌مبووه، به‌ڵام كارگه‌كه‌مان به‌رده‌وام بوو له كار و به‌رهه‌مه‌كه‌مان هەڵگرت، دواتر کە كه‌ره‌نتین نه‌ما و پرۆژه‌كانی ده‌ستیان پێکردەوە، خواست له‌سه‌ر شیش به جۆرێك زیاد بوو كارگه‌كه‌ی ئێمه و كارگه‌كانی دیكەش فریا نه‌ده‌كه‌وتن، سه‌رووی 75%ی به‌رهه‌مه‌كه‌ش هه‌نارده‌ی شاره‌كانی عێراق ده‌كرا".
كارگه‌كانی شیش له عێراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ 90%ی كه‌رسته‌ی خاو، پشت به ئاسنی سیكراپ ده‌به‌ستن، 10%ی دیكه‌ش پێكهاته‌ی دیكه‌ی تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی كواڵێتی شیشه‌كه، ئاسنی سیكرابیش له عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام له‌كه‌مبوونه‌وه‌دایه.
ئامانج سه‌لام، ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر شه‌ڕی داعش نه‌بووایه ئاسنی سیكراب له عێراق زۆر كه‌م دەبووەوە، بۆیه كارگه‌كه‌مان ئاماده‌كاری بۆ به‌كارهێنانی ئاسنی ئیسفەنجی كردووه، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت هاوكاربێت ده‌توانین كه‌رسته خاوه‌كه‌ی له ناوچه‌ی پێنجوێن و هه‌ندێک ناوچه‌ی دیكه‌ی كوردستان به‌ده‌ست بهێنین، ئه‌گه‌رنا ده‌توانین له ئێران هاورده‌ی بكه‌ین".
لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 65 كۆمپانیای بازرگانی هاوردەكردنی شیشی كۆنكریت هەن، ساڵانە به‌پێی خواستی بازاڕ ملیۆنێك تاوه‌كو دوو ملیۆن تۆن شیشی كۆنكریت لە توركیا و ئێران و ئۆكراینا هاوردە دەكەن.
رابه‌رمحه‌ممه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری فرۆشتن و به بازاڕكردن لە گروپی كۆمپانیاكانی گه‌لیاوه، ده‌ڵێت: "به‌پێی به‌دواداچوونی ئێمه ساڵی رابردوو زیاتر له 3 ملیۆن 620 هه‌زار تۆن شیشی كۆنكریت له عێراق و هه‌رێمی كوردستان فرۆشراوه، کە 2 ملیۆن تۆنی هاوردە بووە (300 هه‌زار تۆن ئوكرانی، 420 هه‌زار تۆن توركی، 1.280 ملیۆن تۆن شیشی ئیرانی)".
به‌پێی به‌دواداچوونی گروپی كۆمپانیاكانی گه‌لیاوه، ساڵی رابردوو به‌رهه‌می كارگه‌كانی ناو‌خۆ نزیكه‌ی 1 ملیۆن و 620 هه‌زار تۆن بووه، له‌م بڕه‌ش 1 ملیۆن و 440 هه‌زار تۆنی به‌رهه‌می كارگه‌كانی كوردستان بووه، كه ده‌كاته نزیكه‌ی 89%ی شیشی به‌رهه‌مهێنراوی عێراق.
رابه‌رمحه‌ممه‌د، ده‌ڵێت: "له شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ساڵی رابردوودا كارگه‌كانی ناو‌خۆ به و‌زە‌ی باش كاریان ده‌كرد، به‌ڵام به‌هۆی كۆرۆنا و كه‌ره‌نتینەوە نزیكه‌ی 30%ی به‌رهه‌مه‌كه‌یان له بازاڕه‌كان ساخ ده‌بووەوە، له شه‌ش مانگی دووه‌م كاتێك كه‌ره‌نتین هه‌ڵگیرا و ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان بڕیارێكی ده‌ركرد، كه هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی وه‌به‌رهێنان ده‌ست به‌كارنه‌كاته‌وه، مۆڵەتی پڕۆژه‌كه وه‌رده‌گرێته‌وه ، خواست له‌سه‌ر شیش زیادبووەوە و كارگه‌كان به ته‌واوی وزه‌ی كاریان ده‌كرد و ئه‌و به‌رهه‌مه‌ش كه له‌شه‌ش مانگی یه‌كه‌م هەڵیانگرتبوو فرۆشتیان و هێشتا فریای خواستی بازاڕ نه‌كه‌وتن".
به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی ئاسن له بۆرسه‌ی جیهان و ئه‌و خواسته زۆرەی له عێراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ شیش هەیە، نرخی تۆنێك شیشی خۆماڵی 100 دۆلاری چووهتە‌سه‌ر، نرخی تۆنێك شیش به گوێره‌ی كواڵیتیه‌كه‌ی بۆ 620 تاوه‌كو 650 دۆلار به‌رزبووەوە.
به‌پێی بەدواداچووونی كارگه‌كان، له ساڵی 2025 ئاسنی سیكراب له عێراق و هه‌رێمی كوردستان زۆر كه‌م ده‌بێته‌وه، سه‌رجه‌م كارگه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستانیش پشت به سكراب ده‌به‌ستن، ته‌نیا دوو كارگه ده‌توانن ئاسنی ئیسفنجی به‌كاربهێنن، بۆیه ئه‌گه‌ر له‌داهاتوودا كارگه‌كان شێوازی كاركردنیان نه‌گۆڕن ده‌بێت بۆ به‌رهه‌مهێنانی شیش قاڵبی ئاسن له‌م دوو كارگه‌یه بکڕنەوە یان هاوردەی بکەن.
بۆ پاڵپشتی و هاوكاری كارگه‌كان له‌عێراق و هه‌رێمی كوردستان رێگه به هه‌نارده‌كردنی سیكراب نادرێت، ئه‌مه‌ش وایكردووە له عێراق نرخەکەی هه‌رزان بێت، ئێستا تۆنێك سیکراب بە 200 تاوه‌كو 215 دۆلاره.
كارگه‌ی ئاسنی هند ستیل، لە شاری هەولێر، ساڵانه توانای تواندنه‌وه‌ی 1.2 میلۆن تۆن سیكراب و به‌رهه‌مهێنانی 400 هه‌زار تۆن شیشی هه‌یه.
حاجی ره‌سول، به‌ڕێوەبه‌ری كارگه‌ی هند ستیل، ده‌ڵێت: "كارگه‌كه‌مان دەتوانێت رۆژانه 1,200 تۆن شیش به‌رهه‌م بهێنێت، به‌ڵام به‌هۆی گرفتی كه‌می كاره‌باوە رۆژانه 1000 تۆن شیش به‌رهه‌م ده‌هێنین، 90%ی بەرهەمەکەشمان هه‌نارده‌ی عێراق ده‌كه‌ین".
كارگه‌كه‌ی حاجی ره‌سول، ده‌توانێت ئاسنی ئیسفەنجی بەکاربهێنێت، کە له هه‌ندێک ناوچه‌ی ئێران، توركیا و هیندستان و چین هه‌یە، له هه‌رێمی كوردستانیش دەگوترێت له پێنجوێن هەیە.
حاجی ره‌سول ده‌ڵێت: "لێكۆڵینه‌وه و پشكنینمان له پێنجوێن ده‌ستپێكردووه، ئه‌گه‌ر خاكی ئه‌م ناوچه‌یه بڕی ئاسنی پێویستی تێدابێت و به كه‌ڵكی به‌رهه‌مهێنانی شیش بێت، له جیاتی هاورده‌كردنی كه‌ره‌سته‌ی خاوی ئێرانی له‌داهاتوودا، سوود له به‌رهه‌می ناو‌خۆ ده‌بینین".
به‌پێی به‌دواداچوونی كارگه‌کەی حاجی رەسول، هه‌رێمی كوردستان رۆژانە پێویستی به 1600 تۆن شیش هه‌یه، کە ساڵانە دەکاتە 576 هه‌زار تۆن، كه‌واته کارگەکانی هەرێمی کوردستان ساڵانه ملیۆنێك تاوه‌كو ملیۆنێك و 270 هه‌زار تۆن شیش هه‌نارده‌ی عێراق ده‌كەن.
حاجی ره‌سول ده‌ڵێت: "حكومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان ئه‌گه‌ر كاره‌بای پێویست بۆ كارگه‌كان دابین بكه‌ن و پاڵپشتی به‌رهه‌می ناوه‌خۆ بكه‌ن، كارگه‌كان ده‌توانن ته‌واوی شیشی عێراق و هه‌رێمی كوردستان دابین بكه‌ن".
به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌رێگه‌ی كۆمپانیا و كارگه‌كان و وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی دراوه‌ته رووداو، ساڵی رابردوو له‌كۆی ئه‌و 11 كارگه‌ی له‌عێراق دامه‌زراون 9 كارگه‌یان کاریان کردووە، یەکێک لە کارگە وەستاوەکان کە بە و‌زە‌ی 1000 تۆن لە رۆژێکدا کار دەکات بەمنزیکانە دەکەوێتەوە کار. كارگه‌یەکیش کە لە بەسرە وەستاوە، لە مانگی ئایار بە و‌زە‌ی 50 هەزار تۆن لە مانگێکدا دەست بە بەرهەمهێنان دەکاتەوە.
له ماوه‌ی 12 ساڵی رابردوودا 9 كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی شیشی كۆنكریتی (4 له هه‌ولێر، 4 له‌سلێمانی، 1 له دهۆك) به سه‌رمایه‌ی زیاتر له 1 ملیار و 963 ملیۆن دۆلار دامه‌زراون.
هه‌روه‌ها له دوو ساڵی رابردووش‌دا ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر دامه‌زراندنی 3 كارگه‌ی دیكه به سه‌رمایه‌ی نزیكه‌ی 270 ملیۆن دۆلار دراوه، كه‌واته له 12 ساڵی رابردوودا 2 ملیار و 233 ملیۆن دۆلار سه‌رمایه‌گوزاری له به‌رهه‌مهێنانی شیشی كۆنكریت له هه‌رێمی كوردستاندا كراوه.
موخلیس موراد، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی یاسایی لە دەستەی وەبەرهێنان ده‌ڵێت: "پێشتر ساڵانه پاره‌یه‌كی زۆر له عێراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ هاورده‌كردنی شیش ده‌چووه ده‌ره‌وه، بەڵام ئێستاكارگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان جگه له دابینكردنی پێویستی كوردستان رۆڵێكی گه‌وره‌شیان له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق بینیوه".
بۆ پارێزگاریکردن له به‌رهه‌می كارگه‌كانی ناو‌خۆ دەستەی وەبەرهێنان بەنیازە به‌یه‌كجاری هاورده‌ی شیشی توركی و ئێرانی بۆ هه‌رێمی كوردستان قه‌ده‌خه بكات.
موخلیس موراد، ده‌ڵێت: "ئامانجمان ئه‌وه‌یه چیدی پاره‌ی هه‌رێمی كوردستان له هاورده‌کردنی شیش نه‌چێته ده‌ره‌وه و له‌م رێگه‌یه‌وه گه‌شه‌ی زیاتر به به‌رهه‌می كارگه‌كانی ناو‌خۆ بده‌ین، چونكه به‌هۆی بوونی خواست زۆربه‌ی خاوەن كارگه‌كان هەوڵی فراوانکردنی کارگەکانیان دەدەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ