رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی هەرێم/لقی سلێمانی گشتاندنێکی ئاراستەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوی ناو شاری سلێمانی و دەوروبەری کردووە و داوا دەکات پارە حەواڵە نەکەن. گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی دەڵێت، بڕیارەکە کاریگەری لەسەر کارەکانیان دەبێت و دەڵێت، "دەبێت جێگرەوە هەبێت".
رۆژی 01-02-2023، بانکی ناوەندی هەرێمی کوردستان/لقی سلێمانی گشتاندنێکی بە ژمارە 276 ئاراستەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی و دەوروبەری کرد. لە نووسراوەکەدا هاتووە، "ئاماژە بە رێنمایی وەزارەتی دارایی و ئابووریی/ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دیوان ژمارە 888 لە 26-6-2022، ئاگادارتان دەکەینەوە ئەو مۆڵەتی ئاڵوگۆڕی دراوانەی کە بەپێی رێنمایی ئاماژە بۆ کراوی سەرەوە دراوە بە کۆمپانیاکان، تەنیا بۆ ئاڵوگۆڕی دراوە نەوەک حەواڵەکردنی دراو، بەپێچەوانەوە هەر کۆمپانیایەک ئەو کارە بکات بەرپرسیار دەبێت، چونکە پێشتر بەڵێننامەتان پڕکردووەتەوە تەنیا کاری ئاڵوگۆڕی دراو بکەن."
جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی لەبارەی بڕیارەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەڵێ بڕیارەکەمان پێگەیشتووە، بەڵام زوو بوو بۆ دەرکردنی ئەو بڕیارە، چونکە دەبێت لە گرتنەبەری رێوشوێنێکی ئاوا جێگرەوە هەبێت، چونکە بانکەکان ئێستا ناتوانن ئەو هەموو حەواڵەیە بکەن، بۆیە بڕیارەکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر کۆمپانیاکان دروست دەکات و رەنگە ببێتە هۆکارێکیش بۆ دابەزینی زیاتری بەهای دینار."
گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی دەڵێت، "بەشێک لە بازرگانەکان بە خێرایی پێویستیان بە دۆلار دەبێت، بۆیە رەنگە ئەو بڕیارە کێشەیان بۆ دروست بکات، بۆیە بڕیارەکە تەنیا لە هەرێمی کوردستان رەنگە کاریگەریی ئەوتۆ دروست نەکات، بەڵام ئەگەر لە هەموو عێراق بێت کاریگەریی دەبێت."
حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر لەبارەی کاریگەرییەکانی بڕیارەکە گوتی، "ئاگاداری ئەو بڕیارەین، بەڵام دیارنییە کەی جێبەجێ دەکرێت، بەڵام ئەگەر جێبەجێ بکرێت و رێگە بە چوونەدەرەوەی حەواڵە بگرێت، ئەوا دۆلار لە بازاڕ زۆر دەبێت و بەهای دینار بەرزدەبێتەوە."
29ـی کانوونى دووەمى 2023، بانکى ناوەندیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، فەرمانى داوە بە هەریەک لە بانکەکانى بازرگانیى عێراقى (TBI)، رافیدەین و رەشید بە زیادکردنى دەروازەکانى فرۆشتنى نەختینەیی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکانى بەغدا، بەسرە، نەجەف، هەولێر و سلێمانى.
ماوەیەکە عێراق لە رێگەی ژمارەیەک رێوشوێنەوە دەیەوێت ئەو بڕە دۆلارەی کە رۆژانە بانکی ناوەندیی عێراق دەیفرۆشێت، رێگە لە چوونەدەرەوەی دۆلار بگرێت کە بۆ ئەو مەبەستە لەلایەن بانکی فیدراڵیی ئەمریکاوە هۆشداری بە عێراق دراوە و مەرجەکانی پێدانی دۆلار بەم وڵاتە توندتربوون و مەرجەکانی فرۆشتنیشی لێ قورسکردووە، چونکە ئەمریکا پاساوی هەیە بۆ ئەو کارەی و پێیوایە دۆلارەکەی دەگاتە دەستی نەیارەکانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ