رووسیا: درۆنێکی ئەمریکی لە سووریا بە شێوەیەکی مەترسیدار لە فڕۆکەیێکی جەنگیمان نزیکبووەوە

31-07-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن رووسیا ئەمریکا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رووسیا دەڵێت، درۆنێکی ئەمریکی لە ئاسمانی سووریا "بە شێوەیەکی مەترسیدار" لە فڕۆکەیەکی جەنگیی رووسی نزیکبووەتەوە. 
 
ئۆلیگ گۆرینۆڤ، جێگری سەرۆکی ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا بۆ سووریا رایگەیاند، درۆنێکی ئەمریکی لە جۆری MQ-9 کە بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کاردەکات، "بە شێوەیەکی مەترسیدار" لە فڕۆکەیەکی جەنگیی رووسیی سووخۆی-34 نزیکبووەتەوە. 
 
گۆرینۆڤ دەڵێت، "نزیکبوونەوەیەکی مەترسیداری درۆنێکی MQ-9ـی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە فڕۆکەیەکی سووخۆی-34ـی هێزی ئاسمانیی رووسیا لە 30ـی تەممووز، لە بەرزایی 5 هەزار مەتر لە ئاسمانی رەققە تۆمارکرا."
 
دیپلۆماتە رووسیەکە ئاماژەی بەوە کردووە درۆنە ئەمریکییەکە بە جۆرێک لە فڕۆکە رووسییەکە نزیکبووەتەوە، مەودای نێوانیان "کەمتر لە 100 مەتر بووە."
 
گۆرینۆڤ هەروەها رایگەیاند، بێ ئەوەی هاوئاهەنگی لەبارەیەوە لەگەڵ هێزەکانی رووسیا بکرێت، درۆنە ئەمریکییەکە بەمشێوەیە فڕیوە و، بە گوتەی خۆی، "بەهۆی لێهاتوویی پیشەگەرانەی فڕۆکەوانە رووسییەکان و ئەو رێوشوێنانەی لە کاتی گونجاودا گرتیانەبەر، رێگری لە پێکدادان"ـی درۆنەکە و فڕۆکە جەنگییەکە کرا. 
 
ئەم رووداوە تەنیا رۆژێک دوای ئەوە دێت، کە لەبارەی لێکنزیکبوونەوەی فڕۆکە و درۆنەکانی ئەمریکا و رووسیا لە ئاسمانی سووریا، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا هۆشداریی دا لەوەی مۆسکۆ نایەوێت لە سووریا لەگەڵ ئەمریکادا پێکدادانی سەربازیی هەبێت، بەڵام مۆسکۆ بۆ "هەموو سیناریۆیەک ئامادەیە."
 
ئێوارەی رۆژی شەممە، دوای کۆتاییهاتنی لووتکەی رووسیا و ئەفریقا، پووتین گوتی، "هیچ کەس نایەوێت شەڕ لەنێوان رووسیا و ناتۆدا دروستبێت، بەڵام ئێمە هەمیشە بۆ هەموو سیناریۆیەک ئامادەین."
 
سەرۆکی رووسیا هەروەها باسی لەو هێڵانەی پەیوەندی کرد کە لەنێوان سوپاکانی وڵاتەکەی و ئەمریکادا بە کراوەیی ماونەتەوە و گوتی، "بەکراوەیی مانەوەی ئەو هێڵانە، پێشانی دەدات هیچ لایەنێک حەزی لە ململانێ نییە،" گوتیشی، "ئەگەر کەسێک بیەوێت، ئێمە نابین، بەڵام ئامادەین."
 
سوپای رووسیا هێزەکانی ئەمریکا تۆمەتبار دەکات بەوەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە فڕۆکەکانیان 23 جار بەشێوەیەکی "مەترسیدار" لە فڕۆکەکانی رووسیا لە ئاسمانی سووریا نزیکبوونەتەوە. 
 
بەگوێرەی گورینۆڤ، زۆربەی ئەو رووداوانە لەم تەممووزەدا بوون. 
 
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە 11 رووداودا فڕۆکەوانە رووسییەکان "بە سیستمی دژەفڕۆکە"ـی رۆژئاوایی کراونەتە ئامانج، لەوانەش لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە، کە گوایە ئەوەش وایکردووە، فڕۆکە رووسییەکان ئاگری هۆشداری بەربدەنەوە. 
 
مۆسکۆ چەندینجار واشنتن و هاوپەیمانەکانی ئاگادارکردووەتەوە لە مەترسیی دەرکەوتنی شەڕێکی رووبەڕوو لەنێوان رووسیا و ناتۆ، بەتایبەتیش لەم کاتەدا، کە شەڕی ئۆکراینا بەردەوامە. 
 
بە هەمانشێوە، ئەمریکاش لەماوەی دوو مانگی رابردوودا چەندینجار فڕۆکە رووسییەکانی تۆمەتبار کردووە بەوەی درۆن و فڕۆکە شەڕکەرە ئەمریکییەکانی "هەراسانکردووە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فڕۆکەیەکی F18ـی سەر بە هێزی دەریایی سوپای ئەمریکا

ئەمریکا "بە هەڵە" فڕۆکەیەکی لە دەریای سوور دەخاتە خوارەوە

سوپای ئەمریکا ئەمڕۆ رایگەیاند، هێزەکانیان "بە هەڵە" فڕۆکەیەکی جەنگیی وڵاتەکەیان لە ئاسمانی دەریای سوور خستووەتەخوارەوە، لە ئەنجامدا کورسیی فڕۆکەوانەکانی فڕێدراونەتە دەرەوە و بە رزگاریان بووە.