جیهان

پاشماوەی مووشەکێک لە خارکیڤ کە ئۆکراینا پێیوایە مووشەکی کۆریای باکوورە و رووسیا هاوێشتوویەتی. وێنە: Reuters
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەمریکا رووسیا بەوە تۆمەتبار دەکەن لە جەنگی دژی ئۆکراینا مووشەکی بالیستیی دروستکراوی کۆریای باکوور بەکاردەهێنێت.
رۆژی پێنجشەممە، 30ـی ئایاری 2024، ئاژانسی هەواڵگریی بەرگریی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کرد: "لێکۆڵینەوەکان لە پاشماوەی بەشێک لە مووشەکە بەکارهێندراوەکان دەریدەخەن رووسیا مووشەکی بالیستی بەرهەمهێندراوی کۆریای باکووری لە ئۆکراینا بەکارهێناوە".
ئاژانسی هەواڵگری بەرگریی ئەمریکا لێکۆڵینەوەی لەسەر بەشێک لەو مووشەکانە کردووە کە رووسیا لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵ لە ناوچەی خارکیڤ بەکاریهێناون، ئاژانسەکە ئەوەشی پشتراستکردووەتەوە کە مووشەکەکان کورتمەودا بوون.
کۆریای باشوور چەندینجار کۆریای باکووری بەوە تۆمەتبار کردووە "هەزاران کۆنتێنەری پڕ لە تەقەمەنیی بۆ رووسیا ناردووە".
کیم یۆ جۆن، خوشکی سەرۆکی کۆریای باکوور و ئەندامی پارتی کۆمیونیستی ئەو وڵاتە لە سەرەتای ئەم مانگە، تۆمەتەکانی ناردنی چەکی بۆ رووسیا رەتکردەوە و بە "بێمانا" ناویبرد: "پیۆنگیانگ مەبەستی نییە توانا تەکنیکییە سەربازییەکانمان بۆ هیچ وڵاتێک بنێرێت".
لە چەند مانگی رابردوودا کۆریای باکوور و رووسیا بەرەو بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوانییان هەنگاویان ناوە، کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکوور لە تشرینی یەکەمی پار بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی کۆریای باکوور – رووسیا سەردانی ئەو وڵاتەی کرد.
بەرپرسانی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا – کرێملن رایانگەیاندووە، ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی سەردانی کۆریای باکوور بکات.
دوایین جار کە پووتین سەردانی کۆریای باکووری کردبێت ساڵی 2000 بوو، کە بۆ بەشداریی لە پرسەی کیم جۆن ئیل، رێبەری کۆچکردووی کۆریای باکوور بوو.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو جۆرە چالاکییەکی تایبەت بە تاقیکردنەوەی تەکنەلۆژیاکانی مووشەکی بالیستی لە کۆریای باکوور قەدەخەکردووە و چەندین سزای لەوبارەیەوە بەسەر کۆریای باکووردا سەپاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ