رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ بووە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا لە مێژوودا لەلایەن دادگەوە بەفەرمی وەکو تۆمەتبار دابنرێت و ئەگەری هەیە دەستبەسەر بکرێت لەسەر دۆسیەی بەرتیلدان بە ئەستێرەیەکی فیلمە رووتەکان لە ساڵی 2016دا.
شەوی پێنجشەممە، 30ی ئاداری 2023، دەستەی بڕیاردەرانی کەیسەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لە دادگەیەکی ناوچەی مانهاتن لە نیویۆرک، ترەمپیان بەفەرمی تۆمەتبار کرد بەوەی لە ساڵی 2016، بەرتیلی بە ستۆرمی دانیاڵس داوە، کە ئەستێرەیەکی پۆڕنە، بۆ ئەوەی پەیوەندییە نهێنییەکەی نێوانیان بۆ رای گشتی ئاشکرا نەکات، بەڵام تائێستا تەواوی وردەکارییەکانی کەیسەکەی دژی ترەمپ ئاشکرا نەکراوە.
دەستەی بڕیاردەری کەیسەکەی ترەمپ بە زۆرینەی دەنگ، ترەمپیان لەو کەیسەدا بەفەرمی تۆمەتبار کرد، دوای ئەوەی دادگە لێکۆڵینەوەی لە پێدانی 130 هەزار دۆلار لەلایەن ترەمپەوە بەو ئەستێرەیەی فیلمە رووتەکان کرد لە ساڵی 2016. رووداوەکە پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بوو کە ترەمپ بەربژێری پارتی کۆمارییەکان بوو. ئەو بڕە پارەیەش لە بەرامبەر ئەوە بووە دانیالس پەیوەندییە نهێنییەکەی خۆی و ترەمپ ئاشکرا نەکات.
بەو بڕیاری دادگەیە، ترەمپی تەمەن 76 ساڵ دەبێتە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا لە مێژوودا لەلایەن دادگەوە بەفەرمی تۆمەتبار بکرێت. ئالڤن براگ، دادوەری کەیسەکەی ترەمپ لە دادگەی ناوچەی مانهاتن رایگەیاند، پەیوەندییان بە دەستەی پارێزەرانی ترەمپەوە کردووە تاوەکو "خۆی رادەستی یاسا" بکات.
بەپێی میدیای ئەمریکا، ترەمپ کە لە ویلایەتی فلۆریدا دەژی، چاوەڕێ دەکرێت لە رۆژی دووشەممەی داهاتوودا بچێتە نیویۆرک و لەوێ ئامادەی دادگە بێت و لەوێ گوێی لە ئەو تۆمەتانە بێت کە ئاراستەی دەکرێن، بەڵام پارێزەرەکەی بە کەناڵی ئەی بی سیی ئەمریکی راگەیاندووە چاوەڕێ دەکرێت، رۆژی سێشەممە ترەمپ خۆی رادەستی پۆلیس بکات و بچێتە بەردەم دادگە و وێنەی تاوانباریی "مەگ شۆت" دەگیرێت.
لە دوای بڕیارەکەی دادگەی مانهاتن، لە راگەیێندراوێکدا، ترەمپ داواکاری گشتی بە "ریسوا" ناوبرد و تۆمەتباری کرد بەوەی "کارە پیسەکانی جۆ بایدن [سەرۆکی ئەمریکا]" دەکات. هەروەها سەرۆکی پێشووی ئەمریکا گوتیشی: "دیموکراتەکان درۆ دەکەن و بە هەموو توانایانەوە دەیانەوێت دەستبەسەرم بکەن، بەڵام ئەوان کارێکی نایاساییان کردووە ئەویش کەسێکی بێ تاوانیان بەفەرمی تۆمەتبار کردووە کە ئەمەش کردەوەیەکی ئاشکرای دەستوەردانە لە هەڵبژاردنەکاندا."
لە درێژەی قسەکانیدا، ترەمپ رەخنەی تووندی لە دادوەری کەیسەکەی گرتووە و بە "پرسێکی سیاسی" ناوی بردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە براگ کە لایەنگری دیموکراتەکانە، بەڵام رەتیکردووەتەوە ئەوە هەڵمەتێکی سیاسی بێت لە دژی ترەمپ. لە سەرەتای ئەم مانگەش لە تویتێکدا رایگەیاندبوو "ئێمە لەسەر بنەمای راستی و یاسایی و بەڵگەکان کەیسەکانمان هەڵدەسەنگێنین."
چاوەڕێش دەکرێت، بڕیارەکەی دادگە کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا 2024 هەبێت، لەوکاتەی ترەمپ بە یەکێک لە بەربژێرە سەرەکییەکانی کۆمارییەکان دادەنرێت لەو هەڵبژاردنەدا.
هەروەها ترەمپ لەدرێژەی قسەکانیدا رایگەیاند تاکە هۆکاری ئەو تۆمەتانەیان ئاراستە کردووە ئەوەیە کە ئەو لەگەڵ گەلی ئەمریکادایە، "لە نیویۆرک ناتوانم دادگاییەکی راست و دروست بکرێم."
بەگوێرەی دەستووری ئەمریکا، سەرەڕای ئەوەی ترەمپ بە فەرمی وەکو تۆمەتبار دانراوە، بەڵام هێشتا دەتوانێت خۆی بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەربژێر بکات، چونکە بەگوێرەی دەستووری ئەمریکا، سێ مەرجی سەرەکی بۆ بەربژێربوونی سەرۆکایەتیی ئەمریکا هەیە کە ئەوانیش بریتین لە، "بەربژێرەکە تەمەنی لە 35 ساڵ کەمتر نەبێت و زیاتر لە 14 ساڵ لە ئەمریکا ژیابێت و لەدایکبووی ئەمریکاش بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ