رووداو دیجیتاڵ
کریستۆف هۆیسکن، سەرۆکی کۆنفرانسی میونشن، جەختی لەسەر گرنگیی بەشداریکردنی نێچیرڤان بارزانی لە کۆنفرانسەکە دا کردەوە و رایگەیاند، چەندین ساڵە نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن بەشدارن، "چونکە ئەکتەری گرنگن لە ناوچەکەدا."
هۆیسکن، کە پێشتر راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی ئەڵمانیا بووە، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەنگێلا مێرکڵیش بە رێکوپێکی لەگەڵ نوێنەرانی هەولێر کۆدەبووەوە. ئەو گوتی، چاوەڕوان دەکات نێچیرڤان بارزانی ئەزموونی خۆی لە شەڕی دژی داعش و هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسەکە دا بخاتەڕوو.
"من خۆشحاڵم کە دیسان بانگهێشتەکەی قبووڵ کردووە و دێتە میونشن،" هۆیسکن لەبارەی بەشداریی نێچیرڤان بارزانی گوتی و هیوای خواست کۆنفرانسەکە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ سیاسەتمەدارانی کاریگەری ناوچەکە بەکاربهێنێت.
سەرۆکی کۆنفرانسەکە هەروەها ئاماژەی بە رۆڵی گرنگی کورد لە سووریا کرد و گوتی هیوادارە کورد و ناوچە کوردییەکان ببنە بەشێکی دانەبڕاو لە سووریای داهاتوودا، بە جۆرێک کە مافەکانیان بەپێی یاسای نێودەوڵەتی پارێزراو بێت.
کۆنفرانسی میونشن یەکێکە لە گرنگترین کۆنفرانسەکانی ئاسایش لە جیهاندا و تێیدا سەرکردە و بەرپرسانی وڵاتان کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسە هەستیارەکانی ئاسایشی جیهانی.
ئەم ساڵ کۆنفڕانسەکە لە 14ـی شوبات تاوەکو 16ـی هەمان مانگ بەڕێوەدەچێت.
هەڤپەیڤین لەگەڵ کریستۆف هۆیسکن، سەرۆکی کۆنفرانسی میونشن
رووداو: بەڕێز هۆیسکن، سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە، ساڵی رابردوو لە هەڤپەیڤینێکماندا باسی مەترسی روودانی جەنگی جیهانیی سێیەممان کرد، ئەو مەترسییە ماوە؟
کریستۆف هۆیسکن: هێشتا دەبینین کە لە زۆر گۆشەی ئەم جیهانەدا ئاگر بەردەوامە. ناکۆکییەکان درێژەیان هەیە. ژمارەیەکی زۆر خەڵک هەن کە ئازار دەچێژن، دەکوژرێن و ناچار دەبن هەڵبێن. ئەمڕۆ ژمارەی پەنابەران لە جیهاندا لە ئاستێکی مێژووییدایە. لەلایەکی دیکەوە، بێگومان ترووسکایی بچووکیش هەن. یەکێک لەو ناوچانەی کە زۆر نزیکە لە ئێوەوە، بێگومان سووریایە. حکومەتێکی نوێ لە سووریا هەیە، کە هیوادارین ببێتە حکومەتێکی گشتگیر. حکومەتێک کە هەموو گرووپە ئیتنیکی و ئایینییەکان لەخۆ بگرێت. من پێم وایە ئەمە زۆر زۆر گرنگە. بێگومان کوردەکانیش بەشێکن لەمە.
رووداو: عێراق و هەرێمی کوردستان پەیوەستن بە دۆخی سووریاوە. نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی میونشن دەبێت. ئەوە گرنگ دەبێت بۆ باسکردنی ئایندەی سووریا؟
کریستۆف هۆیسکن: چەندین ساڵە نوێنەرانی حکومەتی هەرێم لە کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن بەشدارن، چونکە ئەکتەری گرنگن لە ناوچەکەدا. من لە سەرۆک بارزانی و بەڕێز کرۆگێندۆرف چاوەڕێ دەکەم، کە لە لایەکەوە هەڵوێستی خۆیان بخەنە ڕوو، چونکە ئەزموونێکی زۆریان هەیە لە شەڕی دژی داعش. ئەوەی من بە زۆر گرنگی دەزانم ئەوەیە، کە ئێستاش رۆڵێکی بنیاتنەر بگێڕن لە هەوڵی رێکخستنەوەی دەوڵەتی سووریادا. من زۆر هیوادارم کە کورد و ناوچە کوردییەکان ببنە بەشێکی دانەبڕاو لەم سووریایە، کە تێیدا مافەکانی کورد، کە ئەوکات دەبنە کەمینە لە سووریا، بەپێی یاسای نێودەوڵەتی پارێزراو بن.-
رووداو: نوێنەری کورد لە رۆژئاوای کوردستانیشەوە بانگێشت کراون؟ چونکە پرسی مافی کورد و نەتەوەکانی دیکە لە سووریا مژارێکی گەرمە، ئەو مژارە گەرمە لە کۆنفرانسی ئەم ساڵی میونشندا باس دەکرێت؟
کریستۆف هۆیسکن: ئێمە باسی سووریا دەکەین و بێگومان باسی ئەوەش دەکەین، من هێشتا نازانم کێ نوێنەرایەتی سووریا دەکات، بێگومان باسی ئەوە دەکرێت، کە ئەم دەوڵەتی سووریایە کار دەکات و ئەمەش تەنها کاتێک کار دەکات کە مافی هەموو کەمینەکان پارێزراو بێت، چونکە مافی کوردەکان پارێزراوە و لە دەوڵەتدا بەشێوەیەک یەکخراون، کە دەوڵەت کار دەکات، بەڵام هەروەها کوردەکانیش مافەکانی خۆیان وەردەگرن، وەک ئەوەی لە یەکێتی ئەوروپادا هەمانە، لە زۆر وڵاتدا کە کەمینە هەن، مافەکانیان پارێزراوە و زمان و کولتووریان پارێزراوە و من پێموایە ئەمە زۆر زۆر زۆر گرنگە. سووریا ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری دەبێتەوە، ئێمە دەبێت پشتگیرییان بکەین، حکومەتی نوێ، کە ئەوان رێڕەوێکی وا بگرنە بەر. ئەمە ئاسان نییە کاتێک کە ماوەیەکی درێژ لە جەنگدا بوویت، لە جەنگی ناوخۆ، لە جەنگ دژی ئەسەد، کە تووندڕەوییەکی بەهێز هەبووە، چۆن دەتوانیت ئێستا ئەمە کەم بکەیتەوە، بۆ ئەوەی خەڵک بە شارستانیانە مامەڵە لەگەڵ یەکتر بکەن.
رووداو: بەرێز هۆیسکن دەمەوێت سەبارەت بە ترەمپ پرسیار بکەم. ترەمپ دەڵێ هەموو جەنگەکان دەوەستێنم. زەوینەی وەستانی جەنگی ئۆکراینا هەیە؟ گەشبینن کە ئەو شەڕە کۆتایی دێت؟
کریستۆف هۆیسکن: من بۆ چەندین ساڵە دەبینم ئەمریکییەکان، کە بۆ چەندین دەیەیە چالاکییەکی بەهێزی دەرەکی و بەشداریی دەرەکییان هەیە، ماندوو بوون. ئەمریکا لە ناوخۆدا چەندین ئاستەنگی هەیە، ئەمریکا نایەوێت چیتر رۆڵی پۆلیسی جیهان ببینێت و بۆیە تێدەگەین کە ئەمریکییەکان خۆیان دەکشێننەوە. هیوادارم کە ئەگەر ئەوان ئەمە بکەن، ئەوە یاسایی بێت، کە لەوێ بۆشایی هێز و دەسەڵات بەجێ نەهێڵن، کە دواتر هێزە تووندڕەوەکان پڕی بکەنەوە و ئەوەی مەبەستە، کە کۆتاییهێنان بە جەنگ و گەڕاندنەوەی ئاشتییە، بە کشانەوەیەکی خێرای ئەمریکییەکان، بەداخەوە روو نەدات، بەڵکو پێچەوانەکەی رووبدات. بۆیە بەڵێ تێگەیشتن بۆ کشانەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا تکایە، ئەمە دەبێت بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە روو بدات.
رووداو: ئەگەر تەماشای ئەڵمانیا بکەین دەبینین تا دێت راسترەوە تووندئاژۆکان دەنگیان زیاد دەکات. ئێوە نوێنەری پارتی جێگرەوەتان بانگێشت کردووە. هەروەها دەمەوێت بزانم ئایا نوێنەری ئێران و رووسیاش ئامادەدەبن؟
کریستۆف هۆیسکن: لەبەرئەوەی ئێمە بنچینەیەکی زۆر بەهێزمان هەیە، ئەمەش ئەوەیە کە ئێمە ئاشتیمان دەوێت لە رێگەی دیالۆگەوە، بۆیە بانگهێشتی لایەنە ناکۆکەکانیش دەکەین. بەڵام پرەنسیپی دووەم ئەوەیە کە ئێمە دەمانەوێت ئاشتی لەسەر بنەمای یاسا، یاسای نێودەوڵەتی و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی بەکاربهێنرێت. بۆیە ئەمە هەمیشە هۆکارێکی هاندەرە بۆ بانگهێشتکردن، هۆکارێکە بۆ ئەوەی خەڵک پێکەوە کۆبکەینەوە. دەبێت ئەمە لە حاڵەتی تاکەکەسیدا ببینرێت. ئایا خەڵک لەسەر بنەمای دەستووری ئەڵمانیا، یاسای ئەوروپی و یاسای نێودەوڵەتی وەستاون، بەتایبەتی لە ئەڵمانیا، لە روانگەی مێژووی ئێمەوە، ئایا دان بە مێژووی هۆلۆکۆستی ئێمەدا دەنێن. ئەمە لە حاڵەتی AfD دا نییە. ئێمە بانگهێشتیان ناکەین. رووسیا بەردەوام تەنها داوای زۆرینە دەکات و بۆیە ئێمە بێگومان نوێنەرانی کۆمەڵگای مەدەنی رووسیامان دەبێت، بەڵام هیچ نوێنەرێکی حکومەتی رووسیا نا. سەبارەت بە ئێران، دەبێت ببینین دۆخی نوێ کە دروست بووە چۆن پەرەدەسێنێت. گفتوگۆ هەبووە و من زۆر جار گوێ لەوە دەگرم کە ئەو حکومەتانەی بەشداری ئەم گفتوگۆیانە بوون چی دەڵێن، ئایا لە میونیخ لە روانگەی ئەوانەوە دەکرێت دیالۆگێکی بەسوود هەبێت یان نا.
رووداو: دوایین پرسیارم بەرێز هۆیسکن ئەوەیە، چەند گرنگە سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە کۆنفرانسی میونشن ئەم ساڵیش بەشدار دەبێت؟
کریستۆف هۆیسکن: وەک گوتم، کاتێک من راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی ئەڵمانیا بووم، بۆ چەندین ساڵ بەڕێکوپێکی دەهات. ئەنگێلا مێرکڵیش لەگەڵ نوێنەرانی هەولێر کۆبووەوە، چونکە رۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕن. من هیوادارم سەرۆک بارزانی میونشنیش بەکاربهێنێت بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ زۆر سیاسەتمەدار کە لە ناوچەکەدا کاریگەرییان هەیە، تاوەکو بتوانێت ئەزموون و زانیاریە فراوانەکەی خۆی لەوێش بخاتە ڕوو. من خۆشحاڵم کە دیسان بانگهێشتەکەی قبووڵ کردووە و دێتە میونشن.
رووداو: زۆر سوپاس کە لە گەڵماندابوویت بەرێز هۆیسکن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ