وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: هێزەکانمان لە عێراق دەمێننەوە

31-10-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
ماتیو میللەر و دیار کوردە.
ماتیو میللەر و دیار کوردە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ئەرکەکانیان بەردەوام دەبن و ئاماژە بەوەش دەکات ئەمریکا هەموو رێکاری پێویست بۆ بەرگریکردن لە هێزەکان و بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی لە ناوچەکە دەگرێتەبەر.
 
رۆژی دووشەممە، 30ـی تشرینی یەکەمی 2023، ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیاری دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن رایگەیاند: "هێزەکانمان لە ‌عێراق بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی رێگە لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش بگرن، کە کاری هەرە لەپێشینەی دژە تیرۆرە بۆ ئەمریکا و بۆ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە".
 
میللەر گوتیشی: "سەرۆک [بایدن] ئەوەی روونکردەوە کە ئێمە هەموو رێکارێکی پێویست دەگرینەبەر بۆ ئەوەی بەرگری لە هێزەکانی ئەمریکا و بەرژەوەندیی ئەمریکا لە هەر شوێنێکی ئەو جیهانە بکەین".
 
هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح و ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر، یەکێک لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی، ئێوارەی رۆژی دووشەممە 30-10-2023، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "ئێستا کاتی دەرچوونی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە لە عێراق، ئەگەر هیچ پێویستی، یان پاساوێک نەبێت بۆ مانەوەیان. لەبەر بوونی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق، هیچ کەسێک پێیوانەبێت، توانای سەربازی سوپای عێراقی و دامەزراوە ئەمنییەکانی دیکە بونیات دەنرێت."
 
هادی عامری گوتیشی: "دوای ماوەیەک هێوری، جارێکی دیکە بە ئامانجکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە هەردوو بنکەی (عەین ئەسەد و  هەریر) دەستیپێکردووەتەوە لەلایە هێزەکانی بەرگری ئیسلامی لە عێراق، ئەوەش کاردانەوەیە لە بەرامبەر تاوانی جەنگ کە دەرهەق بە خەڵکی غەززە دەکرێت".
 
واشنتن هێرشەکان دەخاتە ئەستۆی ئەو هێزانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، لەو چوارچێوەیەشدا هەفتەی رابردوو چەند ئامانجێكی لە سووریا بۆردوومان کرد و دەڵێت: ''لەو گرووپانەن کە سەر بە تارانن".
 
بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکا رۆژی دووشەممە رایگەیاند، لەنێوان17 تاوەکو 30 ئۆکتۆبەر، هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە عێراق رووبەڕووی 14 هێرش بوونەوە، هەروەها 9 جاریش لە سووریا.
 
ژمارەی هێرشەکان لە سووریا لە رۆژی هەینییەوە سێ هێندە زیادیانکردووە، بەپێی چەند راپۆرتێک لە کۆتایی هەفتەش جارێكی دیکە کرانەوە ئامانج لە کاتێکدا گرووپێک بەناوی ''مقاومەی ئیسلامی لە عێراق'' بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکانی ئەم دواییە راگەیاند.
 
زیادبوونی ئەم هێرشانە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە عێراق و سووریا پەیوەندی بە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە هەیە و بە تایبەتیش لە 7ی ئۆکتۆبەر حەماس هێرشیکردە سەر ناوچەکانی سنووری غەززە و زیاتر لە 1390 ئیسرائیلی کوژران.
 
بەگوتەی پێنتاگۆن، تائێستا و لە ئەنجامی بەئامانجکردنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە عێراق و سووریا 21 هاووڵاتیی ئەمریکی بە سووکی برینداربوون، هەروەها بەڵێندەرێک بەهۆی زەنگی ئاگادارکردنەوەی هەڵەوە تووشی وەستانی دڵ بوو و گیانی لەدەستداوە.
 
نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکی لە عێراقدا هەن، هەروەها 900 سەربازیش لە سووریان لەچوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەرهەڵدانەوەی داعش، ئەو گرووپەی چەند ساڵێک بەر لە ئێستا پانتایەکی فراوانی لەو دوو وڵاتە داگیرکردبوو و دواتر بە گورزی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزی پیادەی ناوچەکە بەرپەرچدرانەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی کاردیناڵەکان لە ڤاتیکان. وێنە: AFP

ڤاتیکان پرۆسەی هەڵبژاردنی پاپای دەستپێکرد

پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی گشتی کاردیناڵەکان بۆ هەڵبژاردنی پاپای نوێ، گەورە کاردیناڵی ڤاتیکان رایگەیاند، پێویستە کەسێک هەڵبژێردرێت کە بتوانێت یەکگرتوویی کەنیسەی کاسۆلیکی بپارێزێت و رێبەرایەتی قۆناخێکی "سەخت و ئاڵۆز"ـی مێژوو بکات.