رووداو دیجیتاڵ
لە واشنتن کۆڕبەندێک لەبارەی گەڕاندنەوەی متمانەی گشتی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەڕێوەچوو، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندەکە رایگەیاند، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پێویستی بە ئیرادەی سیاسی و هەبوونی دامەزراوەی چالاکە. فۆکۆ یاماش دەڵێت: پێویستە دەسەڵات بدرێتە ئەو دەستانە تاوەکو کاریگەرییان هەبێت.
درووشمی ئەمساڵی کۆڕبەندەکە گەڕاندنەوەی متمانەی گشتییە و بەهێزکردنی پایەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە.
نوێنەری دەیان دەوڵەت و هەرێم لەوێ باس لە ئەزموونی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییان لە وڵات و ناوچەکانیان کرد، لەنێویاندا نوێنەری هەرێمی کوردستان کە چاویان لەوەیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوشێوەی پشتیوانییەکانیان لە شەڕی دژی تیرۆر، لە شەڕی گەندەڵیش پشتیوانییان بکەن.
د. ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا قسەی بۆ رووداو کرد، گوتی، ''چۆن لە شەڕی دژی تیرۆردا پێشمەرگە شەهیدیدا و برینداریدا و خەڵکی کوردستان بەرگەی دۆخەکەیان گرت، لە شەڕی دژایەتیی گەندەڵیش دەبێت خۆت بیکەیت، ئەوان تەنیا هاوکارن، پشتیوانیت دەکەن و راهێنانت پێشکێشدەکەن و لەو کۆڕ و کۆبوونەوانەدا بانگهێشتت دەکەن، تاوەکو ئاگاداری ئەزموونی جیهانی بیت."
چوار رەهەندی سەرەکی هەن لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، د. ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، لە سەرووی هەموویانەوە ئیرادەی سیاسیی بەهێزە. دواتر هەبوونی دامەزراوەی چالاکە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، هەبوونی هۆشیاریی گشتی کۆمەڵگە و هەروەها هەبوونی کۆمەڵێک یاسای و رێنوێنییە.
بەگوتەی سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان، دەستوەردان لە کاروباری دەستەکەیان دەکرێت و دەسەڵاتی رەهای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییان نییە، یەکێک لەو مژارانەش لەو کۆڕبەندە باسی لێوەکرا، رۆڵی ئەو ناوەندانەبوو لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
فۆکۆ یاما، بیرمەندی بەنێوبانگی ئەمریکی یەکێک بوو لە بەشداربووانی کۆڕبەندەکە و باسی لەوەکرد، دەبێت لە هەرێمێکی وەک کوردستان ناوەندەکانی وەک دەستەی دەستپاکی هێزیان پێبدرێت و سیاسییەکان دەسەڵاتی تەواویان پێبدەن، نەک دەستبخەنە نێو کاروبارەکانیانەوە.
فۆکۆ یاما لەو بارەیەوە پێی گوتم، ''دەتوانیت دەستەیەکت هەبێت، بەڵام ئەگەر هێزی راستەقینەی نەبێت تاوەکو خەڵک رووبەڕووی بەرپرسیارییەتی بکاتەوە، هەبوونی دەستەکە زۆر کاریگەر نابێت، زۆربەی کاتیش سیاسییە خاوەن دەسەڵاتەکان نایانەوێت ئەو جۆرە دەستانە دەسەڵاتیان هەبێت، بۆیەش دەسەڵاتی دادوەریان پێنادەن و دەبێت پەناببەیتە لای داواکاری گشتی کە رەنگە ئەمەش ئەوانەی دەتەوێت لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکەیت دۆستی سیاسییەکان بن و ئەمەش وابکات سزایەکی سووک یان شتێکی لەم جۆرەیان بۆ دابندرێت.''
ساڵانە بە دەیان کۆڕبەندی لەم شێوەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەکرێن، بەگوتەی زۆربەی بەشداربووانی ئەم کۆڕبەندانە بەشداریکردن و ئامادەبوون لەو کۆنفرانس و دیدارانەی دژ بە گەندەڵی دەکرێن چارەسەری نەخۆشی گەندەڵی لە هیچ وڵاتێک ناکەن، ئەگەر خەڵکی وڵاتەکە خۆیان هۆشیار نەبن و نییەتێکی راستەقینەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەلایەن خودی سیاسییەکانی وڵاتەکە نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ