ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ داوا لە یەپەژە دەکات شوێنی کچێکی تەمەن 18 ساڵ دیاری بکات

30-01-2024
عەلی زەڵمی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

رێکخراوی ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ داوا لە یەکینەکانی پاراستنی ژنان- یەپەژە دەکات شوێنی کچە کوردێکی خەڵکی کۆبانێ دەستنیشان بکات کە نزیکەی دە مانگە خێزانەکەی هیچ زانیارییەکیان لەبارەی نییە. 
 
رێکخراوی ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ رۆژی 29-1-2024 لە روونکردنەوەیەکدا گوتی، فیدا محەممەد قاسمی تەمەن 18 ساڵ خەڵکی شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستانە و رۆژی 6-4-2023 لە فێربوونی وانەی ئینگلیزییەوە بۆ ماڵەوە دەگەڕایەوە و دیارنەما. 
 
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکەی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، فیدا براوەتە نێو ریزەکانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان- یەپەژەوە و ئەو کارەش دژی یاسای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە؛ هەروەها ئەو کچە کوردە لەو کاتەوەی براوە، رێگەی پێنەدراوە پەیوەندی بە کەسوکارییەوە بکات و ئەوەش "پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتی"یە. 
 
کەسێکی نزیک لە فیدا بە ئەمنێستی ئینتەرناشناڵی گوتووە، نزیکەی دوو هەفتە دوای دیارنەمانی ئەو کچە کوردە، ژمارەیەک لە ئەندامانی یەپەژە چوونەتە ماڵی فیدا و ئاماژەیان بەوە کردووە، کچەکەیان بە ویستی خۆی چووەتە نێو یەپەژەوە. 
 
ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ دەڵێت، پێویستە یەپەژە شوێنی فیدا ئاشکرا بکات و رێگەی پێ بدات پەیوەندی بە کەسوکارەکەیەوە بکات. 
 
یەکینەکانی پاراستنی ژنان بریتییە لە هێزێک کە هەموو ئەندامەکانی ژنن و بەشێکە لە هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە. یەپەژە نزیکەی 25 هەزار ئەندامی هەیە کە زۆربەیان کوردن، بەڵام ئەندامی دیکەیشی هەیە کە لە پێکهاتەی نەتەوەیی دیکەن. 
 
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانە لە بەچەکدارکردنی منداڵان لە لایەن ئەو هێزانەی لەنێو سووریادان. رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە لە حوزەیرانی 2023دا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاماژە بەوە کرابوو، ژمارەی ئەو منداڵانەی لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا کراونەتە چەکدار زیادیان کردووە، بە جۆرێک ژمارەکە لە ساڵی 2020دا 813 کەس بووە؛ لە ساڵی 2021دا بۆ 1296 منداڵ بەرزبووەتەوە و ساڵی 2022 ژمارەکە بووەتە 1969. 
 
بەشێک لەو منداڵانە لە لایەن هێزەکانی سەر بە هەسەدەوە کراونەتە چەکدار. بە گوێرەی راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، 637 منداڵ لەوانەی ساڵی 2022 لە سووریادا چەکدارکراون لە لایەن هێزەکانی سەر بە هەسەدەوە بوون. 
 
بەچەکدارکردنی منداڵان لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە کاتێکدایە، ساڵی 2019 هەسەدە رێککەوتنێکی لەگەڵ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆکرد و بەڵێنیدا واز لە چەکدارکردنی کەسانی خوار تەمەن 18 ساڵ بێنێت و تەنانەت ژمارەیەک نووسینگەی تایبەت بە پاراستنی منداڵانیشی لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کردەوە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی مۆزەکە لە مەزادخانەی سۆسبی بەریتانی، کە بارەگاکەی لە نیویۆرکە. وێنە: AP

مۆزێک بە 6.24 ملیۆن دۆلار فرۆشرا

مەزادخانەی سۆسبی بەریتانی، کە بارەگاکەی لە نیویۆرکە بڵاویکردەوە، مۆزێک لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بە 6.24 ملیۆن دۆلار [شەش ملیۆن و 240 هەزار دۆلار] فرۆشرا.