رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی ئاژانسی یونسێف رایدەگەیێنێت، لە ساڵی 2014ـەوە، لانیکەم دوو هەزار 508 کۆچبەر لە دەریای نێوەڕاست لەنێوان تورکیا و یۆنان گیانیان لەدەستداوە یاخود بێسەروشوێن بوون.
کۆتایی ئەم هەفتەیە، رێجینا دی دۆمینیسیس، رێکخەری تایبەتی نووسینگەی هەرێمی یونیسێف لە ئەورووپا و نێوەڕاستی ئاسیا بۆ کارووباری کۆچبەران لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "لە 2014ـەوە لانیکەم 2,508 کەس لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست مردوون، کە زۆربەیان لەبەر شەڕ و هەژاری رایانکردووە".
ئەو بەرپرسەی یونیسێف ئاماژەی بەوەشکرد، لەنێو ئەوانەی لەو رێگەیە گیانیان لەدەستداوە، ژمارەیەکی زۆر منداڵ هەن. دەشڵێت، "ئێمە داوا لە حکومەتەکان دەکەین کە پابەندییەکانیان بۆ پاراستنی منداڵان زیاتر بکەن".
بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ لە ساڵی 2014 تاوەکو سەرەتای ئەم ساڵ، زیاتر لە 500 منداڵ لەو رێگەیە گیانیان لەدەستداوە.
زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی کە لە تورکیاوە بە رێگەی دەریای نێوەڕاست خۆیان دەگەیێننە یۆنان، خەڵکی سووریا، ئەفغانستان، عێراق، ئێران، پاکستان و بەنگلادیشن.
دەریای نێوەڕاست بە رێگەی مەرگ بۆ ئەو کۆچبەرانە دادەندرێت کە خۆیان دەگەیێننە وڵاتانی ئەورووپا و سێ رێگەی سەرەکی هەن کە کۆچبەران لێوەی دەپەڕنەوە، ئەوانیش بریتین لە نێوەڕاستی دەریای نێوەڕاست، کە لە لیبیا و تونسەوە بەرەو ئیتاڵیا دەڕوات.
رێگەی رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاستیش لە تورکیاوە بەرەو یۆنان، قوبرس و بولگاریا دەڕوات، هەروەها رێگەی رۆژئاوای دەریای نێوەڕاست لە مەغریب و جەزائیرەوە بەرەو ئیسپانیا دەچێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، لە ساڵی 2014 تاوەکو سەرەتاکانی ئەم ساڵ، زیاتر لە 30 هەزار کۆچبەر لە هەر سێ رێگەکەی دەریای نێوەڕاست گیانیان لەدەستداوە، یاخود بێسەروشوێن بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ