رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رووسیا هەڕەشەی ئەوە دەکات کە "ناوەندەکانی بڕیاردان" لە کیێڤ بە جۆرە مووشەکێکی نوێی دەنگبڕ دەکاتە ئامانج.
رۆژی پێنجشەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2024، ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە وڵاتی کازاخستان رایگەیاند، "لەوانەیە رووسیا چەکی ئۆرێشنیک دژی ناوەندە سەربازی، پیشەسازی و بڕیاردان لە کیێڤ بەکاربهێنێت".
پرسیار لە سەرۆکی رووسیا کرا مەبەستی لە "ناوەندە گرنگەکانی بڕیاردانی ئۆکراینا" چییە؟ پووتین گوتی: "لە سەردەمی سۆڤیەت نوکتەیەک هەبوو لەبارەی کەشوهەواوە دەگوترا. دەیانگوت کەشوهەوا چۆنە؟ وەڵامەکەش ئەوەبوو: ئەمڕۆ هەموو شتێک ئەگەری روودانی هەیە."
پووتین باسی لە هێرشەکەی دوێنێی رووسیا بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئۆکراینا کرد و گوتی: "هێرشەکە وەڵامی ئەو هێرشە ئاسمانییانەی ئۆکراینییەکانە کە بە یارمەتی رۆژئاوا دەیانکات".
گوتەکانی پووتین کاردانەوەی ڤۆڵۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینای لێکەوتەوە و گوتی: "پووتین دەیەوێت دۆخەکە زیاتر تێکبدات بۆ ئەوەی ئەگەر سەرۆک ترەمپ هاتە سەر دەسەڵات نەتوانێت کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت".
رووسیا دوێنێ بە زیاتر لە 90 مووشەک و نزیکەی 100 درۆن هێرشی کردە سەر ئۆکراینا و بەوهۆیەوە کارەبای ملیۆن ماڵی ئۆکراینا بڕا.
هەفتەیەکە رووسیا هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراینا چڕ کردووەتەوە و لە ئێوارەی رۆژی یەکشەممەوە، نزیکەی هەزار و 500 هێرشی کردووەتە سەر ئۆکراینا.
ئەوەش لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو، ئۆکراینا چەکی دوورمەودای دروستکراوی ئەمریکا و بەریتانیای دژی رووسیا بەکارهێنا و رووسیاش بە مووشەکی مەودا مامناوەندی کیشوەربڕ هێرشی کردە سەر ئۆکراینا.
رووسیا رۆژی 20ـی ئەم مانگە، بە جۆرێکی نوێی مووشەکی دەنگبڕ (هایپەرسۆنیک) هێرشی کردە سەر شاری دینیپرۆی ئۆکراینا.
ئەمە یەکەم جار بوو سوپای رووسیا ئەم جۆرە مووشەکە لە دژی ئۆکراینا بەکاربهێنێت. خێرایی مووشەکە بالیستییە کیشوەربڕەکانی رووسیا 19 هەزار کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا و دەتوانێت لە دووری 18 هەزار کیلۆمەتر ئامانجەکەی بپێکێت و توانای هەڵگرتنی چەندین کڵاوەی ئەتۆمی هەیە.
کەمتر لە دوو مانگی دیکە دۆناڵد ترەمپ وەکو سەرۆکی چوار ساڵی داهاتووی ئەمریکا دەستبەکار دەبێت.
ترەمپ لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی دا کە ئەگەر بگەڕێتەوە کۆشکی سپی، کۆتایی بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا دەهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ