وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: کار بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەکەم

29-11-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، سەردانی ئیسرائیل دەکات و لە سەردانەکەشیدا کار بۆ ئەوە دەکات ئاگربەستی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل درێژ بکرێتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە 29ی تشرینی دووەمی 2023 ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی ناتۆ لە برۆکسل باسی لە ئاگربەستی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل کرد و گوتی، "لە دوو رۆژی داهاتوودا سەرنجمان دەخەینە سەر ئەوەی بزانین دەتوانین چی بکەین بۆئەوەی ئاگربەستەکە درێژ بکەینەوە، بارمتەی زیاتر ئازاد بکەین و هاوکاریی زیاتر بگەیێنینە غەززە."
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی، "هۆکاری ئەوەی دەمانەوێت ئاگربەستەکە درێژتر بکرێتەوە ئەوەیە، کە دەمانەوێت بارمتەکان ئازاد بکرێن و بگەڕێنەوە ماڵەوە."
 
ئیسرائیلیش، بە گوتەی بلینکن، مەبەستیەتی ئاگربەستەکە درێژ بکرێتەوە و دەیانەوێت بە زووترین کات هەموو بارمتەکان ئازاد بکرێن.
 
سەردانی ئەمجارەی بلینکن بۆ ئیسرائیل دەبێتە سێیەم سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەر.
 
رۆژی 22ی مانگ ئیسرائیل و حەماس گەیشتنە رێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی بارمتە و دیلەکان و راگەیاندنی ئاگربەستێکی چوار رۆژە، ئەوەش بە نێوەندگیریی قەتەر، ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی دیکە. دوای کۆتاییهاتنیشی، ئاگربەستەکە بۆ دوو رۆژی دیکە درێژکرایەوە. تاوەکو ئێستاش حەماس 81 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانیی ئازاد کردوون، لە بەرامبەردا ئیسرائیل 180 بەندکراوی فەلەستینیی ئازاد کردووە.
 
لە 7ی ئۆکتۆبەر حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند و هێرشی کردە سەر ئۆردوگا جوونشینەکانی نزیک کەرتی غەززە، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی "شمشێری ئاسنین"ی دژی بزووتنەوەی حەماس و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی کەرتی غەززە راگەیاند و هێرشی زەمینیی کردە سەر کەرتی غەززە.
 
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی تەندروستیی غەززە، نزیکەی 15 هەزار کەس لە غەززە، کە زۆربەیان هاووڵاتیی سڤیلن، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون و لە ئیسرائیلیش زیاتر لە 1022 کەس کوژراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە