وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: زۆر نیگەرانین لە سووتاندنی قورئان لە سوێد

29-06-2023
دیار کوردە @diyarkurda
A+ A-
 
رووداو - واشنتن

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە سوێد لەلایەن پەنابەرێکی عێراقییەوە، دەڵێت، "زۆر لەو کارە نیگەرانین." دەربارەی بەئەندامبوونی سوێدیش لە ناتۆ، پێیوایە "کاتی ئەوەیە هەنگاو بنرێت بۆئەوەی سوێد ببێتە ئەندامی ناتۆ."
 
ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وەڵامی چەند پرسیارێکی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتنی لەبارەی کاردانەوەکانی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە سوێد دایەوە و ئاماژەی بەوە کرد، سەرکۆنەی دەکەن و "زۆر لەو کارە نیگەرانین."
 
تورکیا لەسەر ئاستی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە وەڵامی سوێدی داوەتەوە و سووتاندنی قورئان بە "قبووڵنەکراو" ناودەبات، ئەوەش ئەگەری ئەوەی هێناوەتە ئاراوە کە کاریگەری بکاتە سەر هەڵوێستی تورکیا بەرامبەر سوێد بۆ بەئەندامبوونی لە ناتۆ. ماتیو میلەر دەڵێت، "سوێد ژمارەیەک هەنگاوی گەورە و گرنگی ناوە بۆئەوەی وەڵامی ئەو نیگەرانییانە بداتەوە کە تورکیا باسیان دەکات. ئێمە پێمانوایە پێویستە ئەو هەنگاوانە بەس بن بۆ رەواندنەوەی ئەو نیگەرانییانە و ئێستا کاتی ئەوەیە هەنگاو بنرێت بۆئەوەی سوێد ببێتە ئەندامی ناتۆ."
 
رووداو: لەسەر رووداوی سووتاندنی قورئان لە سوێد، خۆپێشاندەرە ناڕازییەکان لە عێراق هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا، لێدوانی ئێوە لەسەر ئەم رووداوە چییە و ئایا هیچ رێوشوێنێکی ئەمنیتان لە باڵیۆزخانەکەتان لە بەغدا گرتووەتەبەر، چونکە ئامادەکاری دەکەن سبەی خۆپێشاندانێکی گەورە بکەن؟
 
ماتیو میلەر: باڵیۆزخانەی سوێد لە دەرەوەی ناوچەی نێودەوڵەتییە، واتە لە دەرەوەی شوێنی باڵیۆزخانەی ئەمریکایە. وەکو سیاسەتی خۆمان، ئێمە لێدوان لەسەر رێوشوێنە ئەمنییە نێوخۆییەکانی دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتەکەمان نادەین، بەڵام دەتوانم بڵێم کاریگەریی لەسەر کارەکانمان نەبووە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوای دانبەخۆداگرتن دەکات و داوا لە حکومەتی عێراق دەکات هەموو خێزانە دیپلۆماسییەکان بپارێزێت.
 
رووداو: ئەی سەبارەت بە رووداوی سووتاندنی قورئان، ئێوە وەکو ئازادیی رادەربڕین دەیبینن؟ یانیش سەرکۆنەی دەکەن، چونکە ئەم رووداوە کاردانەوەی گەورەی دروستکردووە لە تورکیا و عێراق و چەندین وڵاتی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست؟
 
ماتیو میلەر: من دەڵێم، ئێمە سەرکۆنەی دەکەین و زۆر لەو کارە نیگەرانین. بێگومان ئەمریکا پشتیوانی لە ئازادیی رادەربڕین و مافی گردبوونەوەی ئاشتییانە دەکات وەکو بنەمای دیموکراسی، بەڵام ئێمە پشتیوانی لە ئازادیی ئایینی و بیروڕای هەموو کەسێکیش دەکەین. پێمانوایە ئەو کارە بووە هۆی دروستبوونی ژینگەی ترس کە کاریگەری دەخاتە سەر توانای موسڵمانان و ئەندامانی دیکەی پێکهاتە کەمینە ئایینییەکان لە پیادەکردنی مافی ئازادی و بیروڕا لە سوێد. بەڵام ئێمە بڕوای ئەوەشمان هەیە کە پێدانی مۆڵەت بەم جۆرە خۆپێشاندانە، پشتیوانی لە ئازادیی رادەربڕین دەکات و بە واتای پشتیوانیکردن لەو کارانە نایەت کە لە خۆپێشاندانەکەدا کراون. کاری زیاتر پێویستە بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی فرەلایەندۆست، بەڵام ئاماژە بەوە دەکەم کە وەزارەتی دادی سوێد گوتی: 'سوێد پاراستنێکی بەهێزی هەیە بۆ ئازادیی رادەربڕین و پۆلیس مۆڵەتەکان دەردەکات. لە کاتێکدا کە رێگە بە خۆپێشاندانەکە دراوە، بە هیچ شێوەیەک بە واتای ئەوە نایەت کە ئێمە پشتیوانی لە پەیامەکەی دەکەین.'
 
رووداو: زۆر باشە؛ چونکە تورکیا نیگەرانیی خۆی لە دژی ئەمە نیشاداوە، پێتانوایە ئەمە کاریگەریی لەسەر دانوستاندنەکانی نێوان تورکیا و سوێد لەسەر بەئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ دروستبکات؟
 
ماتیو میلەر: من باسی ئەوە ناکەم کە ئایا کاریگەریی دەبێت یان نا. تەنیا دووپاتی دەکەمەوە کە ئێمە بە ئاشکرا و لە گفتوگۆ راستەوخۆکانیشماندا لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا راشکاو بووین، وەزیر بلینکن هەفتەی رابردوو لە لەندەن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە و ئێمە قسەمان لەسەر ئەم پرسە کرد، سوێد ژمارەیەک هەنگاوی گەورە و گرنگی ناوە بۆئەوەی وەڵامی ئەو نیگەرانییانە بداتەوە کە تورکیا باسیان دەکات. ئێمە پێمانوایە پێویستە ئەو هەنگاوانە بەس بن بۆ رەواندنەوەی ئەو نیگەرانییانە و ئێستا کاتی ئەوەیە هەنگاو بنرێت بۆئەوەی سوێد ببێتە ئەندامی ناتۆ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە