نرخی بەنزین لە ئەمریکا بەرزبووەوە

28-07-2023
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی بەنزین لە ئەمریکا بۆ بەرزترین ئاست لەدوای مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە بەرزبووەتەوە، ئەوەش مەترسیی لەسەر هەڵبژاردنەوەی بایدن دروستکردووە.
 
کۆمەڵەی شۆفێرانی ئەمریکا رۆژی هەینی 28-07-2023 رایگەیاند، لە سێ رۆژی رابردوودا نرخی بەنزین لە ئەمریکا 12 سەنت بەرزبووەتەوە.
 
کۆمەڵەکە دەڵێت، نرخی گالۆنێک بەنزین کە دەکاتە 3.7 لیتر، گەیشتووەتە 3 دۆلار و 71 سەنت، ئەوەش لە دەیەی رابردوودا دووەم بەرزترین نرخە لەم کاتەی ساڵدا و تەنیا ساڵی رابردوو بەرزتر بووە.
 
هەرچەندە مانگی رابردوو هەڵاوسان لە ئەمریکا بۆ 3% دابەزی، کە نزمترین ئاستە لە دوو ساڵی رابردوودا، بەڵام بەنزین یەکێکە لەو شتانەی زۆرترین خەرجیی ئەمریکییەکان دەگرێتەوە.
 
ساڵی رابردوو بەهۆی کاریگەرییەکانی شەڕی ئۆکراینا و بەرزبوونەوەی هەڵاوسانەوە، نرخی گالۆنێک بەنزین لە ئەمریکا گەیشتە 5 دۆلار؛ 1.15 دۆلار بۆ هەر لیترێك. لە هەندێک لە ویلایەتەکانی وەکو کالیفۆڕنیاش گەیشتە 6 دۆلار.
 
نرخی بەنزین کە بەهۆی ترسی دابینکردن و زۆریی خواست لە وەرزیی هاویندا بەرزبووەتەوە، مەترسیی لەسەر جۆ بایدن، سەرۆکی ئەو وڵاتە دروستکردووە کە دووبارە هەڵبژاردنەوەی لە ساڵی داهاتوودا بەشێکی پەیوەستە بە سنووردارکردنی هەڵاوسان و گەڕاندنەوەی متمانەی بەکاربەران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە