رووداو دیجیتاڵ
پووتین دەڵێت، ئامادەن لەگەڵ ئۆکراینییەکان دەست بە گفتوگۆ بکەن، بەڵام رەتیدەکاتەوە لەگەڵ زیلینسکی گفتوگۆ بکەن.
رۆژی سێشەممە 28ی کانوونی دووەمی 2025 ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئۆکراینییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوانیان دەربڕی و گوتی، "ئەگەر خواستی دانوستاندن و گەیشتن بە سازان هەیە، با هەر کەسێک [بەرپرسێکی ئۆکراینی] سەرکردایەتیی گفتوگۆکان بکات... ئێمە تیشک دەخەینە سەر ئەو شتەی بۆمان گونجاوە؛ ئەو شتەی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانمان دەگونجێت."
سەرۆکی رووسیا رەتیکردەوە لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گفتوگۆ بکات و رایگەیاند، ماوەی سەرۆکایەتییەکەی بەسەرچووە و سەرۆکێکی "ناڕەوایە."
بە گوتەی ڤلادیمیر پووتین، ئەگەر ئەمریکا و رۆژئاوا یارمەتییەکانیان بۆ ئۆکراینا بوەستێنن، لە ماوەی دوو مانگدا جەنگەکە دەوەستێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 20-01-2025 سوێندی یاسایی خوارد؛ لە هەڵمەتی هەڵبژاردنیدا بەڵێنی دا کۆتایی بە جەنگی ئۆکراینا و رووسیا بهێنێت. چەندین جار ترەمپ رایگەیاندووە، ئەگەر ئەو سەرۆکی ئەمریکا بووایە، جەنگی ئۆکراینا و رووسیا دەستی پێنەدەکرد.
سەرەڕای ئەوەی ترەمپ هاتووەتە سەر دەسەڵات، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ وەستانی جەنگەکە نییە.
هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پووتین ئامادەیی خۆیان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ یەکدی دەربڕیوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کاتێکیان بۆ کۆبوونەوەکە دیاری نەکردووە.
بەرپرسانی کیێڤ ترسیان لەوە هەیە کە لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ رووسیا داواکارییەکانیان پشتگوێ بخرێت؛ رووسیا بەوە تۆمەتبار دەکەن کە ترەمپ بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاردەهێنێت.
بەرپرسانی رووسیا چەند جارێک رایانگەیاندووە، ئامادەی گفتوگۆن لەگەڵ ئۆکراینییەکان، ئەگەر ئۆکراینا دەست لەو خاکە هەڵگرێت کە رووسیا لە ماوەی جەنگدا کۆنترۆڵی کردووە؛ هەروەها ناشیانەوێت ئۆکراینا ببێتە ئەندامی ناتۆ.
رووسیا یەک لەسەر پێنجی خاکی ئۆکراینای کۆنترۆڵ کردووە و هەریەکە لە هەرێمەکانی دۆنێتسک، خێرسۆن، لوهانسک و زاپۆریژیای لەژێردەستە و لە 2014یشەوە نیمچە دوورگەی کریمیای خستووەتە ژێر دەسەڵاتی خۆی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ