وەزیری دەرەوەی دانیمارک بۆ ترەمپ: گرینلاند گرینلاندە و دەستت پێی ناگات

28-01-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی دانیمارک دەڵێت، سەرکردەکانی ئەورووپا بەرامبەر گوتەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ دەستبەسەرداگرتنی هەرێمی خۆبەڕێوەبەریی گرینلاند پشتگیریی دەکەن. وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش دەڵێت، "ترەمپ دەستی بە گرینلاند ناگات."
 
رۆژی سێشەممە 28ی کانوونی دووەمی 2025 میتە فرێدریکسن، سەرۆکوەزیرانی دانیمارک سەردانی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەلجیکای کرد و لەگەڵ سەرکردەکان باسی لە هەوڵەکانی ترەمپ بۆ دەستبەسەرداگرتنی هەرێمی خۆبەڕێوەبەریی گرینلاند کرد.
 
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، فرێدریکسن لە پاریس بە رۆژنامەڤانانی گوت، ماکرۆن زۆر پشتیوانیی لێ کردووە.
 
فرێدریکسن ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەوە پەیامێکی زۆر زۆر روونە... بە دڵنیاییەوە دەبێت رێز لە خاک و سەروەریی وڵاتان بگیرێت."
 
سەرۆکوەزیرانی دانیمارک لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیاش لەگەڵ ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەو وڵاتە کۆبوویەوە. دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا شۆڵتز گوتی، "نابێت بە هێز سنوورەکان بگوازرێنەوە."
 
هەروەها لارس لۆکی راسمسن، وەزیری دەرەوەی دانیمارک لە کۆپنهاگنی پایتەختی وڵاتەکەی بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ترەمپ دەستی بە گرینلاند ناگات."
 
وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە گوتی، "گرینلاند گرینلاندە. هەروەها بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتییش دانیشتووانی گرینلاند گەلێکن."
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ئەم مانگە رایگەیاند، بەدووری نازانێت هێز یان گوشاری ئابووری بەکاربێنێت بۆئەوەی گرینلاند، کە هەرێمێکی نیمچە سەربەخۆی دانیمارکە، بکاتە بەشێک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ترەمپ پێیوایە ئەوە بۆ ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا گرنگە.
 
رۆژی 27ـی ئام مانگە، دانیمارک لەبەرامبەر هەڕەشەکانی ترەمپ رایگەیاند، دوو ملیار دۆلار بۆ ئاسایشی هەرێمە خۆبەڕێوەبەرییەکە تەرخان دەکات؛ ئاماژەی بەوەش کرد، سێ کەشتی دیکەی جەنگی و درۆنی پێشکەوتوو دەنێرێتە هەرێمەکە و مانگە دەستکردەکانی بەرەوپێشەوە دەبات. 
 
رۆژێک دوای ئەوەی ترەمپ لە 20ـی ئەم مانگە دەستبەکار بوو، میوت ئێگید، سەرۆکوەزیرانی گرینلاند رایگەیاند، گرینلاند دەیەوێت "هاوبەشێکی بەهێز" بێت بۆ ئەمریکا، بەڵام جەختی کردەوە کە خەڵکی گرینلاند نایانەوێت ببنە ئەمریکی.
 
چاوبڕینی ترەمپ لە گرینلاند دڵەڕاوکێی لە دانیمارک و سەرتاسەری ئەورووپا دروستکردووە.
 
ئەمریکا هاوپەیمانێکی بەهێزی یەکێتیی ئەورووپای 27 ئەندامییە و ئەندامی سەرەکی هاوپەیمانێتی ناتۆیە، زۆر لە ئەورووپییەکان شۆک بوون بەوەی کە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا تەنانەت بیر لە بەکارهێنانی هێز دژی هاوپەیمانێک بکاتەوە.
 
گرینلاند دانیشتووانی 57 هەزار کەسە، بەڵام خاکێکی بەرفراوانە و سەرچاوەی سرووشتیی وەک نەوت، گاز و کانزا دەگمەنەکانی تێدایە.
 
گرینلاند هەڵکەوتەیەکی ستراتیژی هەیە لە جەمسەری باکوور کە رووسیا و چین و وڵاتانی دیکە هەوڵی فراوانکردنی پێگەی خۆیانی تێدا دەدەن.
 
هەرێمە خۆبەڕێوەبەرەکە، کە گەورەترین دوورگەی جیهانە، لە کیشوەری ئەمریکای باکوورەوە نزیکترە وەک لە دانیمارک.
 
هەرچەندە کۆپنهاگن بەرپرسیارە لە کاروباری دەرەوە و بەرگری، بەڵام ئەمریکاش بەشێک لە بەرپرسیارێتیی بەرگریی گرینلاندی لەئەستۆیە و بنکەیەکی هێزی ئاسمانی لەوێ هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 ئەم ساڵ کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە 14ـی شوبات تاوەکو 16ـی هەمان مانگ بەڕێوەدەچێت

لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن باسی جەنگی ئۆکراینا ناکرێت

کۆنفرانسی میونشن یەکێکە لە گرنگترین کۆنفرانسەکانی ئاسایش لە جیهاندا و تێیدا سەرکردە و بەرپرسانی وڵاتان کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر پرسە هەستیارەکانی ئاسایشی جیهاندا دەکەن.