رووداو دیجیتاڵ
گووگڵ ماپس کە خزمەتگوزارییەکی نەخشەسازیی کۆمپانیای گووگڵە، ناوی "کەنداوی مەکسیک" بۆ "کەنداوی ئەمریکا" بۆ بەکارهێنەرانی ئەمریکای دەگۆڕێت، بەڵام بۆ بەکارهێنەرانی مەکسیکی خزمەتگوزارییەکەی هەر بە "کەنداوی مەکسیک" هێشتووەتەوە.
رۆژی سێشەممە 28ی کانوونی دووەمی 2025 کۆمپانیای گووگڵ رایگەیاند، وەشانی خزمەتگوزاریی گووگڵ ماپس لە ئەمریکا نوێدەکەنەوە و ناوی "کەنداوی مەکسیک" بۆ "کەنداوی ئەمریکا" دەگۆڕن.
گوتەبێژێکی کۆمپانیای گووگڵ رایگەیاند، "بە پشتبەستن بەو گۆڕانکارییانەی کە لە تۆمارە فەرمییەکانی حکومەتدا روودەدەن، سیاسەتی ئێمە هەمیشە ئەوە بووە کە ناوەکان نوێ بکەینەوە."
کۆمپانیاکە تەنیا لەنێو بەکارهێنەرانی ئەمریکای ناوەکەی گۆڕیوە و لە وەشانی مەکسیکی کەنداوەکە هەر بە "کەنداوی مەکسیک" نووسراوە، بۆ بەکارهێنەرانی وڵاتانی دیکەش هەردوو ناوەکانی کەنداوەکە دانراون.
دوای ئەوەی ترەمپ رۆژی 20ی ئەم مانگە سوێندی یاسایی خوارد و وەکو سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکار بوو، فەرمانێکی سەرۆکایەتیی بۆ گۆڕینی ناوی "کەنداوی مەکسیک" بۆ "کەنداوی ئەمریکا" دەرکرد.
دوای دەرکردنی فەرمانەکە، پۆلیسی پاسەوانیی سنوورەکانی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لەمەودوا کەنداوەکە بە "کەنداوی ئەمریکا" بانگ دەکەن.
بڕیارەکەی ترەمپ کاردانەوەی مەکسیکی لێکەوتووەتەوە و رایانگەیاندووە، کەنداوەکە هەر بە "کەنداوی مەکسیک" ناودەبەن.
کەنداوی مەکسیک دەکەوێتە بەشی باشووری رۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بە ناوچەیەکی گرنگ بۆ پیشەسازیی نەوت و گاز دادەنرێت، خاوەندارێتیشی بۆ هەریەکە لە ئەمریکا، مەکسیک و کوبا دەگەڕێتەوە.
ترەمپ دەیەوێت بە گۆڕینی ناوی کەنداوەکە، گرنگیپێدانی زیاتری ئەمریکا بە کەنداوەکە نیشان بدات و دەڵێت، بۆ ئەوان گرنگییەکی ستراتیژیی هەیە.
کەنداوەکە بە ناوەندێکی سەرەکیی ئابووریی ئەمریکا دادەنرێت؛ ئەمریکا رۆژانە 2.5 ملیۆن بەرمیل نەوت لە کەنداوەکە بەرهەم دەهێنێت، ئەوەش 345 هەزار هەلی کاری بۆ ئەمریکییەکان رەخساندووە.
هەرچی مەکسیک و کوبایە، جگە لە بەرهەمهێنانی نەوت، لەڕووی بازرگانی، گەشتیاری و سامانی ماسییەوە سوودی لێ وەردەگرن. ئەوەش جگە لەوەی ساڵانە 300 ملیۆن باری بازرگانی بە کەنداوەکە تێپەڕ دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ