رووداو دیجیتاڵ
تێلیسکۆپی جەیمس وێب، بە جیهانی دەرەوەی خۆرمان ئاشنا دەکات کە پێشتر ئەستەم بوو مرۆڤ لە رێگەی هیچ ئامێرێکەوە وێنەی بگرێت و زانیاریی لەسەری دەستبکەوێت.
ساڵێک لەمەوبەر، رۆژی 25ـی کانوونی یەکەم، تێلیسکۆپی جەیمس وێب لە رێگەی مووشەکی Ariane 5 لە گایانای فەرەنساوە هەڵدرایە بۆشایی ئاسمان، کە نزیکەی سێ دەیە کار دروستکردنیدا کرابوو. بەوەش سەردەمێکی نوێ لە گەڕان بەنێو گەردووندا دەستیپێکرد.
پێشتر تێلیسکۆپی هەبڵ لە ساڵی 1990 رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرا، بەڵام ئەو خولگەیەی هەبڵ تێیدایە تەنیا 600 کیلۆمەتر لە زەوییەوە دووربووە.
تێلیسکۆپی جەیمس وێب، لە دووری 1.6 ملیۆن کیلۆمەتر لە زەوییەوە بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە. تێلیسکۆپەکە پێویستی بە سووتەمەنییەکی کەمە بۆ راستکردنەوەی ئاراستەکەی ئەگەر بێتو لە رێڕەوەکەی لابدات. ئەو ئامێرە ئاڵۆزە کە بە شاکارێکی ئەندازیاری دادەنرێت، 10 ملیار دۆلاری تێچووە، واتە یەکێکە لە پڕۆژە هەرە گرانبەها زانستییەکان لە مێژوودا.
ئاوێنەی سەرەتایی جەیمس وێب، زیاتر لە 6.5 مەتر پانە و لە 18 پارچە ئاوێنەی بە زێڕ داپۆشراو پێکدێت. هەر وەک چۆن پێویستە کامێرا لە دەستی مرۆڤدا نەلەرزێت بۆ ئەوەی وێنەی روون بگرێت، تێلیسکۆپەکەش پێویستی بەوەیە جێگیر بێت بۆ ئەوەی باشترین وێنە بگرێت.
لێرەدا بە چەند شاکارێکی ئەم گەوهەرە گەردوونییە ئاشنا دەبین
یەکەم شت کە دەبێت لەبیرت بێت دەربارەی جەیمس وێب ئەوەیە کە تێلیسکۆپێکی تیشکی ژێر سوورە. ئاسمان بە درێژیی شەپۆلی رووناکیدا دەبینێت کە لەوە زیاترە چاوەکانمان توانای بینینی هەبێت.
فەلەکناسەکان کامێرا جیاوازەکانی تێلیسکۆپەکە بەکاردەهێنن بۆ گەڕان بەدوای ناوچەکانی گەردوون، وەک ئەم تاوەرە گەورانەی گاز و تۆز. ئەمانە ئامانجێکی دڵخوازی هەبڵ بوون. ئەگەر بە خێرایی رووناکی گەشت بکەیت، چەند ساڵێکی دەوێت بۆ ئەوەی گەشت بەنێو ئەمسەر و ئەوسەری وێنەکەدا بکەیت.
کارینا نوبێلا
فەلەکناسان ئەم دیمەنە بە لێوارەکانی گەردوون ناودەبەن. ئەمە لێواری بۆشاییەکی زەبەلاح و گازییە لەنێو نوبێلایەکی دیکەی تۆزاوی و پێکهێنەری ئەستێرەکاندایە کە بە کارینا ناسراوە.
بۆشاییەکە بەهۆی تیشکی سەروو بنەوشەیی تووند و بای ئەستێرە نوێ و گەرمەکانەوە دروستبووە کە تازە دەرپەڕیون. لەلایەکی ئەم وێنەیەوە بۆ لایەکی دیکە مەودای نزیکەی 15 ساڵی رووناکی هەیە. یەک ساڵی رووناکیش یەکسانە بە نزیکەی 9.46 تریلیۆن کیلۆمەتر.
گەلەئەستێرەی چەرخی گالیسکە
ئەم گەلەئەستێرەیە گەورەیەی لای راست، لە ساڵانی 1940 دا لەلایەن فریتز زویکی، فەلەکناسی سویسرییەوە دۆزرایەوە. شێوە چەرخی گالیسکەییەکەی لە ئەنجامی پێکدادانی لەگەڵ گاڵاکسییەکی دیکەدا دروستبووە. نیوەتیرەکەی 145 هەزار ساڵی رووناکییە. بە واتایەکی دیکە، بۆ ئەوەی بتوانی نیوەتیرەکەی ببڕی، دەبێت 145 هەزار ساڵی رووناکی گەشت بکەیت.
هەسارەی نێپتون
جەیمس وێب تەنیا بەنێو قووڵایی گەردووندا ناڕوانێت، بەڵکو لە تەنەکانی نێو کۆمەڵەی خۆریش دەکۆڵێتەوە. ئەمشێوە گەوهەرە هەشتەمین هەسارەیە لە کۆمەڵەی خۆردا: لەم وێنەیەدا نێپتون، بە ئەڵقەکانیەوە دەبینرێت. ئەو خاڵە سپییە بچووکانەی کە دەوریان داوە مانگن. "ئەستێرە چڵدارە" گەورەکەی سەرەوە ناوی تریتۆنە کە گەورەترین مانگی نێپتۆنە و لە ساڵی 1846 دۆزراوەتەوە.
ئۆریۆن نێبولا
ئۆریۆن یەکێکە لە ناوچە ئاشناکانی ئاسمان. ناوچەیەکی دروستبوونی ئەستێرەیە، بە نێبولا ناودەبرێت، نزیکەی 1,350 ساڵی رووناکی لە زەوییەوە دوورە. لێرەدا وێب وێنەی تایبەتمەندییەک دەگرێت کە پێی دەگوترێت شریتی ئۆریۆن کە دیوارێکە لە گازی چڕ و تۆز پێکدێت.
دیمۆرفۆس
لە یەکێک لە چیرۆکە گەورەکانی بۆشایی ئاسمانی ئەمساڵدا، ناسا کەشتییەکی ئاسمانی بە هەسارۆکەیەکدا بە ناوی دیمۆرفۆس کێشا بۆ ئەوەی بزانێت ئایا دەتوانرێت رێڕەوی ئەو بەردە بگۆڕێت کە پانییەکەی 160 مەتر بوو. ئەوەش تاقیکردنەوەیەک بوو بۆ ستراتیژییەکی بەرگریکردن لە زەوی لە هەڕەشەی ئەستێرە بچووکەکان. جەیمس وێب وێنەی 1000 تۆن پاشماوەی گرت کە بەهۆی بەرکەوتنەوە پەرش و بڵاوبوونەوە.
WR-140
ئەمە یەکێک بوو لە سەرنجڕاکێشترین وێنەکانی ئەمساڵی جەیمس وێب. "WR" ئاماژەیە بۆ Wolf-Rayet کە جۆرێکە لە ئەستێرە؛ ئەستێرەیەکی گەورەیە و لە کۆتایی تەمەنیدایە. ئەستێرەکە بای گازی زەبەلاح دەردەداتە نێو بۆشایی ئاسمانەوە. ئەستێرەیەکی هاوڕێی نەبینراو لەم وێنەیەدا خەریکە ئەو بایانە پاڵدەنێت بۆ ئەوەی تۆز و خۆڵ دروست بکات. ئەو توێکڵە تۆزاوییانەی کە دەیبینیت زیاتر لە 10 تریلیۆن کیلۆمەتر بەرەو دەرەوە درێژ دەبنەوە. ئەوەش 70 هەزار هێندەی مەودای نێوان زەوی و خۆرەکەمانە.
گەلەئەستێرەی فانتۆم
M74 کە نازناوی فانتۆم گالاکسی لێنراوە، بە قۆڵە خولگەییە خۆدەرخستنەکانی ناسراوە. نزیکەی 32 ملیۆن ساڵی رووناکی لە زەوییەوە دوورە و دەکەوێتە "بۆشایی ماسییەوە". هەستەوەرەکانی تێلیسکۆپی وێب بە تایبەتی ئەو کاتە باشن لە وێنەگرتنی هەموو تاڵە وردەکانی غاز و تۆز کە بەشێوەیەکی راستەوخۆ بکەوێتە بەرامبەریان. ئەوەش تایبەتمەندییەکە کە لەم ئەستێرەدا هەیە.
وێنەگرتنی 13 ملیار ساڵ لەمەوبەر
چۆن دەکرێت تێلیسکۆپێک ئێستا وێنەی 13 ملیار ساڵ لەمەوبەر بگرێت؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە وەڵامدانەوەی پێویستی بە تێگەییشتنێکی سەرەتاییە بۆ فیزیا.
رووناکی بە خێرایی 300 هەزار کیلۆمەتر لە چرکەیەکدا دەڕوات. ئەو رووناکیەی کە ئێستا تێلیسکۆپەکە وێنەی گرتووە 13 ملیار ساڵ لەمەوبەر لە ئەنجامی تەقینەوە گەورەکەوە لە قووڵایی گەردوونەوە دەرپەڕیوە و ئێستا گەیشتووەتە تێلسکۆپەکە.
بۆیە ئەو وێنانەی کە تێلیسکۆپەکە ئێستا لە رێگەی هاوێنە و کامێرا پێشکەوتووەکانییەوە دەیانگرێت، شێوەی 13 ملیار ساڵ لەمەوبەری گەردوون پێشاندەدەن.
وێنەکانی جەیمس وێب "چیا" و "دۆڵی" شوێنێکی دروستبوونی ئەستێرەکان پێشاندەدەن کە پێی دەگوترێت NGC 3324 کە دەکەوێتە تەمە ئەستێرەی کارینا. (تەمەئەستێرەکان لە شێوەی هەوری گازیدان و شوێنی لەدایکبوون و مردنی ئەستێرەکانن)."
ناسا ئەو بەرزی و نزمییانە بە "چاڵە گەردوونیەکان" ناودەبات کە 7 هەزار و 600 ساڵی رووناکی لە زەوییەوە دوورن، (واتە هێندە دوورن کە دەبێت 7 هەزار و 600 ساڵ بە خێرایی رووناکی گەشت بکەی تا پێیان دەگەیت: هەر ساڵێکی رووناکی 9 ترلیۆن کیلۆمەترە).
ئەمبەر سترۆن، گەردوونناسی ناسا دەڵێت: "ئێمە بۆ یەکەمین جار هەندێ ئەستێرەی نوێ دەبینین کە پێشتر بە تەواوی لێمان شاراوە بوون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ