رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی فینلاند رایدەگەیێنێت، ئەگەر مۆسکۆ بەردەوام بێت لە پاڵنانی کۆچبەران بەرەو سنووری وڵاتەکەی، ئەوا هێڵسنکی ناچار دەبێت دوایین دەروازەی سنووری نێوان رووسیا و فینلاند کە بەکراوەیی ماوەتەوە، دابخات.
رۆژی دووشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2023، پیتێری ئۆرپۆ، سەرۆکوەزیرانی فینلاند لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە هێڵنسکی پایتەختی وڵاتەکەی گوتی: "ئێمە هەموو دەروازە سنوورییەکانمان لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکەمان [لەگەڵ رووسیا] داخستووە، جگە لە یەک دەروازەی سنووری نەبێت، ئەگەر پێویست بکات ئەویش دادەخەین".
سەرۆکوەزیرانی فینلاند گوتیشی: "فینلاند سنوورەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا و هاوپەیمانیی ناتۆ دەپارێزێت؛ رێگە نادەین ئەو دیاردەیە بەردەوام بێت".
فینلاند و رووسیا هەزار و 300 کیلۆمەتر سنووریان لەگەڵ یەکدیدا هەیە، لە مانگی ئابەوە نزیکەی 800 کۆچبەری نایاسایی لەو سنوورە و لە رووسیاوە خۆیان گەیاندووەتە فینلاند.
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی فینلاندیش، زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی لە رووسیاوە بەشێوەیەکی نایاسایی خۆیان دەگەیێننە فینلاد، خەڵکی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقان.
بەرپرسانی فینلاند رووسیا بە تێکدانی سەقامگیری وڵاتانی دراوسێی تۆمەتبار دەکەن. هەفتەی رابردوو سەرۆکوەزیرانی فینلاند رایگەیاند، "رووسیا بەشێوەیەکی سیستماتیکی و رێکخراو هەوڵی تێکدانی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێی دەدات".
لە نیسانی ساڵی رابردوو، مۆسکۆ هۆشداریدا لەوەی "لەڕووی تاکتیکی و ستراتیژییەوە، رێوشوێنی بەرپەرچدانەوە" دژی فینلاند دەگرێتە بەر، ئەوەش دوای ئەوەی فینلاند بڕیاریدا ببێتە ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆ و رووسیاش ئەو هەنگاوەی فینلاندی بە هێرشکردنە سەر ئاسایشی مۆسکۆ ناوبرد.
لە مانگی نیسانی ساڵی 2021، دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، فینلاند و سوێد بەیەکەوە داواکارییان پێشکێش بە ناتۆ کرد بۆ ئەندامبوون لە رێکخراوەکە.
رۆژی 4-4-2023، لە ساڵڕۆژی دامەزراندنی رێکخراوی ناتۆدا، بەشێوەیەکی فەرمی فینلاند بووە بە 31مین ئەندامی رێکخراوەکە و ئاڵای ئەو وڵاتە لە بارەگای ناتۆ لە برۆکسڵ هەڵکرا.
بەگوێرەی بڕگەی 5ـی پەیماننامەی ناتۆ کە لە ساڵی 1949دا واژۆ کراوە، هەر هێرشێك بکرێتە سەر ئەندامێکی ناتۆ، بە هێرشی سەر هەموو ئەندامەکانی دادەنرێت و دەبێت هەموو ئەندامەکانی وەڵامی ئەو هێرشە بدەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ