رووسیا دەستی بەسەر شارۆچکەیەکی رۆژهەڵاتی ئۆکراینادا گرت

26-12-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سوپای رووسیا رایگەیاند، هێزەکانیان تەواوی شارۆچکەی مارینکایان لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کۆنتڕۆل کردووە. کۆنتڕۆڵکردنی شارەکە بە یەکێک لە دەستکەوتە هەرە بەرچاوەکانی رووسیا لە دوای گرتنی شاری باخمووت دێت لە مانگی ئایاری ئەم ساڵ.
 
سێرگی شۆیگۆ، وەزیری بەرگریی رووسیا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کە لە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی وڵاتەکە پەخش کرا، گوتی: "یەکەیەکی سوپای وڵاتەکەمان ئەمڕۆ [دووشەممە] بەتەواوەتی ناوچەی مارینکایان کۆنتڕۆل کردووە."
 
شۆیگۆ لە کۆبوونەوەکەدا رووی لە پووتین کرد و گوتی: "دەمەوێت پیرۆزباییت لێ بکەم، ئەوە سەرکەوتنێکە کە هەلی ئەوە بە سوپای رووسیا دەدات ئۆپەراسیۆنەکانی فراوانتر بکات".
 
کۆنتڕۆلکردنی شارۆچکەکە، بەگوتەی وەزیری بەرگریی رووسیا، یارمەتیی سەربازانی رووسیا دەدات بتوانن بە ئاراستەی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا بڕۆن و هەرێمی دۆنێتسک کە رووسیا کۆنتڕۆلی کردووە، بپارێزن.
 
ئەوە لەکاتێکدایە، رووسیا لە مانگی ئایاری ئەم ساڵدا توانی دوای شەش مانگ لە شەڕێکی خوێناویدا شاری باخمووت لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کۆنتڕۆل بکات. شارەکە لەڕووی شەڕەوە ستراتیژییە و ئۆکراینییەکان وەکو سیمبوڵی بەرخودان ناویان دەبرد. 
 
شەڕی نێوان ئۆکرانیا و رووسیا لە مانگی شوباتی 2022 دەستیپێکرد و بەگوێرەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، رووسیا نزیکەی ٪17.5ـی ئەو خاکەی کە لە دوای رووخانی یەكێتیی سۆڤییەتی جاران وەک بەشێک لە خاکی ئۆکراینا ناسێندرابوو، کۆنترۆڵ کردووە.
 
رووسیا بەشێکی هەرێمەکانی دۆنێتسک، خێرسۆن، لوهانسک و زاپۆریژیای لەنێو ئۆکراینا کۆنترۆڵ کردووە؛ لە ساڵی 2014یشەوە نیمچەدوورگەی کریمیای لە ئۆکراینا لکاندووە بەخۆیەوە.
 
لە حوزەیرانی ئەم ساڵ، سوپای ئۆکراینا بە یارمەتیی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا، هێرشی پێچەوانەی دژی سوپای رووسیا بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی دەستپێکرد.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جۆری ئەو فڕۆکەیەی قەتەر بڕیارە بیداتە ترەمپ

قەتەر "کۆشکی فڕیو" بە دیاری دەداتە ترەمپ

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا خۆی بۆ قبووڵکردنی دیارییەکی زۆر گرانبەها ئامادە دەکات. دیارییەکە فڕۆکەیەکی جۆری بۆینگ 747-8ـە کە پێی دەگوترێت "کۆشکی فڕیو".