رووداو - واشنتن
شاندێکی زانکۆی کوردستان - هەولێر لە ئەمریکایە و لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە. ئەندامێکی شاندەکە دەڵێت، "هەستمان کردووە ماوەیەکە ئەمریکا گرنگییەکی ئەوتۆ بە پرسی کورد نادات؛ داوامان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە کرد لە دەرەوەی دۆسیەی سەربازی و ئەمنی لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی خوێندکاران و پرۆگرامی خوێندن لەنێوانماندا بەهێزتر بکرێت."
شاندەکەی زانکۆی کوردستان - هەولێر لە چوار ئەندامی بۆردی ئەو زانکۆیە پێکهاتوون کە جگە لە وەزارەتی دەرەوە، چەندین دیداری دیکەیان هەبووە.
عەبدولسەلام مەدەنی، ئەندامی بۆردی زانکۆی کوردستان – هەولێر و ئەندامی شاندەکە لە واشنتن بە رووداوی راگەیاند، "ماوەیەکە هەست دەکەین سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا گرنگییەکی ئەوتۆ بە پرسی کورد نادات؛ ویستمان ئەو پەیامە بگەیێنین کە دەبێت گرنگییەکی زیاتر بدرێت و ئەمریکا لە دەرەوەی دۆسیەی سەربازی و ئەمنی، لە هەرێمی کوردستان بمێنێتەوە و ئاڵوگۆڕی خوێندکاران و پرۆگرامی خوێندن لەنێوانماندا بەهێزتر بکرێت."
عەبدولسەلام مەدەنی دەڵێت، "دەستکەوتی سەردانەکەمان بۆ هەموو کوردستانە و تەنانەت بۆ قوتابییانی سەرەتاییش باسمان لە ئاڵوگۆڕی تواناکان کرد بۆ ئەوەی دەرفەت بە قوتابییان و خوێندکارانی کوردستان بدرێت بچنە ئەمریکا و ئاشنای پڕۆسەی خوێندن و کولتووری ئەو وڵاتە بن و ئەوانیش بێن بۆ هەرێمی کوردستان."
هاوکات گریگۆری ستیڤان، راوێژکاری باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو باسی لەوەکرد کە لە ساڵی 2008ەوە ئەمریکا بە بڕی 100 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی لە خوێندنی باڵا لە عێراقدا کردووە کە زیاتر لە نیوەی ئەو پارەیە بۆ کوردستان چووە و گوتیشی، "پشتیوانیکردن لە خوێندنی باڵا و دەستپێشخەرییەکانی ئەو بوارە و دروستکردنی دەرفەتی پەروەردەیی بۆ گەنجانی عێراق هێشتا لە کارە لەپێشینەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە."
گریگۆری ستیڤان گوتی، "ئێمە دەزانین زانکۆی کوردستان – هەولێر کۆنترین دامەزراوەی کوردستانی عێراقە کە خوێندن تێیدا بە زمانی ئینگلیزییە و لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا سەرکردەیان بۆ داهاتووی کوردستان راهێناوە؛ بۆیە زۆر پەرۆش بووین بۆ بینینیان تاوەکو بزانین پلانیان بۆ داهاتوو چییە."
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، ئەو راوێژکارە باڵایەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی، "ئەوان باسیان لە چەند دەستپێشخەرییەکی نوێ کرد، وەکو ژیری دەستکرد، ژینگە، ئاو، کەشوهەوا و تەندروستیی گشتی کە ئەمانە هەموویان دەستپێشخەری گەورەن؛ بۆیە باسمان لەو رێگەیانە کرد کە ئەمریکا و زانکۆی کوردستان دەتوانن بەیەکەوە هاوئاهەنگی بکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکانمان."
بڕیارە شاندەکەی زانکۆی کوردستان - هەولێر لە چەند رۆژی داهاتوودا ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی دیکە لە واشنتن هەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ