رووداو دیجیتاڵ
زۆر کەس کۆرۆنا وەکو رووداوێکی رابردوو سەیر دەکەن، هۆکارەکەش ئەوەیە خەڵک لەگەڵی راهاتوون، وڵاتانیش رێکارەکانی رێگریکردن لە ڤایرۆسەکەیان تێپەڕاند، بەڵام هێشتا کۆرۆنا مەترسییە.
رۆژی یەکشەممە 26ی ئاداری 2023 میدیایی ئەمریکی رایگەیاند، هەندێک وڵات هێشتا کێشەیان لەگەڵ پێدانی قورچکی کۆتایی ڤاکسینە بە خەڵک، بەڵام کەنەدا و بەریتانیا لەو وڵاتانەن کە قورچکی کۆتاییان بە خەڵک داوە. بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئەمریکا، رۆژانە 300 کەس کە زۆرینەیان پیرن، بەهۆی کۆرۆناوە گیان لەدەست دەدەن.
لە ئەمریکا، 53 ملیۆن کەس تەمەنیان 65 ساڵی تێپەڕاندووە کە دەکاتە 16%ی دانیشتووانی وڵاتەکە، شارەزایان پێیانوایە کە کۆرۆنا کاریگەریی زیاتری لەسەر ئەوانە دەبێت. جگە لەوەش، حەوت ملیۆن کەس لە ئەمریکا نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، ئەمەش کێشەی جیددییان لە بەرامبەر خۆڕاگری لە کاتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆ دروستدەکات.
روون نییە کە ئایا ئەمریکا قورچکی کۆتایی ڤاکسین بە خەڵکەکەی دەدات یاخود نا؛ بەڵام بەپێی میدیای ئەمریکی، لەوانەیە وڵاتەکە قورچکێکی نوێ، هاوشێوەی قورچکی ئەنفلۆنزا، بە خەڵکەکەی بدات.
سەرەتای مانگی ئاداری 2023، ئەنجوومەنی پیران داواکارییەکی ئەڤریل هاینز، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی پەسند کرد بۆئەوەی بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە ئەگەری پەیوەندیی نێوان کۆرۆنا و تاقیگەیەکی چینی کە گومانی دزەپێکردنی ڤایرۆسەکەی لەسەرە، بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێت، ئەمەش بەو مانایەی کە پڕۆژەیاساکە هیچی دیکەی لەبەردەمدا نەماوە جگە لە ناردنی بۆ کۆشکی سپی بۆئەوەی جۆ بایدن واژۆی لەسەر بکات.
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتایی ساڵی 2019 لە شاری ووهانی رۆژهەڵاتی چین دەستیپێکرد و تائێستا نزیکەی حەوت ملیۆن کەس لە جیهاندا بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان زیاتر لە یەک ملیۆن کەسیش لە ئەمریکا گیانیان لەدەستداوە.
بەڵام بەرپرسانی تەندروستی و دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا تائێستا ناکۆکن لەسەر ئەوەی کە ئایا ڤایرۆسەکە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ گوێزراوەتەوە یان لە تاقیگەیەکی ووهانەوە دزەی کردووەتە دەرەوە.
وەزارەتی وزەی ئەمریکا دەڵێت، رەنگە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەنجامی رووداوێکی تاقیگەوە دەرچووبێت، ئەوەش لەگەڵ هەڵسەنگاندنەکانی FBI یەکدەگرێتەوە و پێچەوانەی ئەنجامی دەزگاکانی دیکەیە.
رۆبێرت رێدفێڵد، بەڕێوەبەری پێشووی ناوەندی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان، رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە ئەنجوومەنی پیران بەرگریی لە بیردۆزی دزەکردنەکە کرد، بەڵام پەیمانگەی نیشتمانیی هەستیاری و نەخۆشییە درمییەکان و دامەزراوە نیشتمانییەکانی تەندروستی لەگەڵ ئەو گریمانەیەدا بوون کە ڤایرۆسەکە لە ئاژەڵێکی تووشبووەوە گوێزراوەتەوە بۆ مرۆڤ.
هەروەها ئەڤریل هاینز ئاماژەی بەوەش کرد، "کۆدەنگییەکی بەرفراوان لە کۆمەڵگەی هەواڵگریدا هەیە کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە ئەنجامی چەکێکی بایۆلۆجی یان ئەندازیاریی بۆماوەییەوە نەبووە، بەڵام هیچ کۆدەنگییەک نییە لەسەر ئەوەی کە ئایا لە تاقیگەیەکەوە دزەی کردووە یان نا."
کاتێک لە مانگی شووباتدا یاسای ئاشکرا کردنی بەڵگەنامە نهێنییەکانی کۆرۆنا لە ئەنجوومەنی پیران پێشکێش کرا، جۆش هاوڵی، نووسەری هاوبەشی رەشنووسەکە گوتی، هەر کەسێک پرسیاری ئەوەی کردووە کە ئایا کۆرۆنا لە تاقیگەیەکدا سەرچاوەی گرتووە یان نا "بێدەنگ کراوە و بە تیۆریستێکی پیلانگێڕی ناونراوە."
هاوڵی گوتیشی، "ئێستا دەردەکەوێت کە ئەم گومانکەرە ژیرانە راست دەکەن. گەلی ئەمریکا شایەنی ئەوەیە راستییەکان بزانێت."
لە هەوڵێکی جیادا کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران رۆژی هەینی پڕۆژەیاسایەکیان خستەڕوو کە رێگە بە هاووڵاتییانی ئەمریکی دەدات سکاڵا لەسەر چین تۆمار بکەن، لە کاتێکدا کە پەکین بیردۆزی دزەپێکردنەکە رەتدەکاتەوە و بە "هەڵمەتی شێواندنی گەورە" ناوی دەبات.
کریس سمیس، ئەندامی کۆنگرێس، نوێنەری ویلایەتی نیوجێرسی گوتی: "دواجار دەبێت بگەینە بنچینەی ئەوەی چی روویداوە و کێ دەستی لەم تەڵەیدا هەبووە بۆ ئەوەی دادپەروەری بۆ ئەو کەسانە بەدیبهێنین کە بە هۆی کۆرۆناوە زۆر ئازاریان چەشتووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ