روووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئۆکراینا دەڵێن، شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ، رووسیا بە دەیان درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشی کردووەتە سەر ئۆکراینا و لە ئەنجامدا لانیکەم پێنج کەس بریندار بوون.
هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا رۆژی شەممە 25-11-2023 لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، هێرشەکە گەورەترین هێرشی درۆنی رووسیا بووە بۆ سەر کیێڤ لەو کاتەوەی جەنگی نێوانیان دەستیپێکردووە و ئاماژەی بەوەش کرد، هێزی بەرگری ئۆکراینا تەنیا شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ 71 درۆنی رووسیای خستووەتە خوارەوە کە ئێرانی بوون و زۆربەیان لە ئاسمانی کیێڤ بوون.
هاوکات ڤیتالی کلیشکۆ، قایمقامی کیێڤ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلیگرام رایگەیاند، "چەند درۆنێکی بۆمبڕێژکراو بوونە هۆی ئەوەی پێنج کەس بریندار بن و ئێستاش پێنج بریندارەکە رەوانەی نەخۆشخانە کراون و چارەسەی پزیشکی وەردەگرن".
هێرشەکە، بەگوتەی قایمقامی کیێڤ، بووەتە هۆی ئەوەی باڵەخانەیەک بڕووخێت و بەو هۆیەوەش دوو کەس کەوتوونەتە ژێر دارووپەردووی باڵەخانە رووخاوەکەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی خەریکی رزگارکردنیانن.
وەزارەتی وزەی ئۆکرایناش گوتی، هێرشەکە بووەتە هۆی ئەوەی کارەبای 200 باڵەخانە لە کیێڤی پایتەخت ببڕێت.
جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە دوو ساڵ نزیک دەبێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ وەستانی نییە.
رۆژی 22-11-2023، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی وڵاتەکەی رایگەیاند، "ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەردەوام تراژیدیایە؛ بەدڵنیاییەوە دەبێت بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن ئەو تراژیدیایە بووەستێندرێت".
سەرۆکی رووسیا رەخنەی لە بەرپرسانی ئۆکراینا گرت بەوەی گفتوگۆ بۆ وەستاندنی شەڕ رەت دەکەنەوە و گوتی، "رووسیا هەرگیز گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ ئۆکراینا رەتنەکردووەتەوە".
لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا ڤۆڵۆدێمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا یاسایەکی واژۆ کرد و بەگوێرەی یاساکە، هەموو گفتوگۆیەکی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین قەدەخە کرد.
رووسیا بەشێکی هەرێمەکانی دۆنێتسک، خێرسۆن، لوهانسک، میکۆلیاڤ و زاپۆریژیای لەنێو ئۆکراینا کۆنترۆڵ کردووە؛ لە ساڵی 2014شەوە نیمچە دوورگەی کریمیای لە ئۆکراینا لکاندووە بە خۆیەوە و بە بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی ناساندوویەتی.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 10 هەزار کەسی سڤیل لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا کوژراون.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەش کە لەلایەن ئەمریکاوە بڵاوکراونەتەوە، لە سەرەتای جەنگەکەوە 70 هەزار سەربازی ئۆکراینی کوژراون و 130 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لە سوپای رووسیاش، 120 هەزار سەرباز کوژراون و 280 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ