گۆتێرێز لە سەهۆڵبەندانی باشووری زەویەوە داوای رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دەکات

25-11-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەنتارکتیکا.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەنتارکتیکا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی بەستەڵەکی باشووری زەوی لە ناوچەی ئەنتارکتیکا کرد و گوتی، دەبێت کار بۆ وەستانی گۆڕانی کەشوهەوا بکرێت و رێگە لە توانەوەی بەستەڵەکەکان بگیرێت.
 
رۆژی هەینی 24ـی تشرینی دووەمی 2023، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەنتارکتیکا باسی لە کاریگەرییەکانی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا کرد و گوتی، "ئەوەی روودەدات کارەساتە لە جیهان. ئەوەی لە ئەنتارکتیکا روودەدات لە ئەنتارکتیکا نامێنێتەوە. ئەوەی هەزاران میل لە دووری ئێرە روودەدات، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئێرە هەبووە".
 
گۆتێرێز باسی لە کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە بڕیارە لە 30ـی ئەم مانگە لە دوبەی بەڕێوەبچێت و تاوەکو 12ـی کانوونی یەکەم بەردەوام بێت و گوتی، ئەو کۆنفرانسە دەرفەتێکە بۆ وڵاتانی جیهان بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر ئەوە بدەن کە ئایا قۆناخی دوای سووتەمەنی بەبەردبوو کەی دەستپێدەکات و کەی رێگە لە گەرمبوونی زیاتری زەوی دەگرن.
 
پسپۆڕانی بواری کەشوهەوا لە ناسا دەڵێن، ساڵی 2023 گەرمترین ساڵ بووە لە مێژووی تۆمارکراوی پلەی گەرمادا و هۆشداریشیان داوە لەوەی ساڵی داهاتوو لە ئەمساڵ گەرمتر دەبێت.
 
پسپۆڕانی ناسا باسیان لە چەندین دیاردەی سرووشتی کردووە کە ئاماژەن بۆ گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا، وەک زیادبوونی لافاو و زۆربوونی شەپۆلی گەرما و ئاماژە بەوەش دەکەن، ئەو دیاردانەش زۆربەی وڵاتانی جیهانیان گرتووەتەوە.
 
لە سەدەی نۆزدەیەمەوە، پلەی گەرمای زەوی 1.2 پلەی سیلیزی بەرزبووەتەوە و هۆکارەکەیشی دەردانی گازە زیانبەخشەکان بۆ نێو بەرگی هەوا بووە.
 
لە نوێترین توێژینەوەدا دەرکەوتووە، لە 50 ساڵی رابردوودا رۆژانە 30 مەتر لە سەهۆڵی ژێر بەستەڵەکەکانی باشووری زەوی تواونەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە