رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، ئێران چەند هەنگاوێکی کەمی ماوە بۆ گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی و گفتوگۆکانیش لە چارەنووسێکی نادیاردان. ئەمریکا ئەو بەرپرسەی سەرپەرشتیی گفتوگۆکانی نێوان واشنتن و تارانی بۆ گەڕانەوە بۆ نێو رێککەوتنی ئەتۆمی دەکرد، لە کارەکەی سڕکردووە و، چارەنووسی ئەویش هاوشێوەی گفتوگۆکان نادیارە.
ئەو بەرپرسە رۆب ماڵی، نێردەی تایبەتی ئەمریکایە بۆ کاروباری ئێران، بەڵام کەیسەکەی ماڵی بەتەنیا نەبووەتە هۆی ناڕوونبوونی گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران، بەڵکو دەستگیرکردنی ئەمریکییەکی دیکە لەلایەن ئێران لە هەفتەی رابردوو و ناردنی چەک و پێویسی جەنگی زیاتریش بۆ کەنداو لەلایەن ئەمریکا، ئەم گفتوگۆیانەی ئاڵۆزتر و ناڕوونتر کردوون.
ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ''من لەسەر وردەکاریی ئەم پڕۆسەیە قسەناکەم کە هەرگیزیش نەمویستووە قسەی لەسەر بکەم، پێمانوایە گرنگە ئەو وردەکارییانە بەنهێنی بمێننەوە، ئەمەش هەستیاریی زانیارییەکانە لەبارەی دەستگیرکراوەکان، بەڵام ئەوەش دەڵێم، هیچ شتێک لە گەڕاندنەوەی زیندانییەکان بە زووترین کات بۆ ئێمە گرنگتر نییە."
هەرچەندە ئێستا ئەمریکا رەتیدەکاتەوە لەگەڵ ئێران لەبارەی چەکی ئەتۆمی لە گفتوگۆدا بێت، بەڵام چەند بەرپرسێکی ئیسرائیلی ئەوەیان ئاشکراکردووە کە گفتوگۆی نهێنی لەنێوان تاران و واشنتندا هەن و سڕکردنی رۆب ماڵیش، پەیوەندی بە ئاشکرابوونی ئەو زانیارییانەوە هەیە.
ئەمە رووێکی ئەو گفتوگۆیانەیە، رووەکەی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان ئەوروپا و ئێرانن کە ئەوروپا لەو گفتوگۆیانەدا زیاتر نوێنەرایەتیی ئەمریکا دەکات و گفتوگۆکانیش کە دەکرێن بە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی ئەمریکا و ئێران ناویان دەبردرێت.
ئەندامێکی پەرلەمانی ئەوروپا سەبارەت بەو گفتویانە دەڵێت، ئەوان لە پێگەی بەهێزدان، بۆیە هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بکرێت، "بە زیانی ئەوروپا و ئەمریکاش دەکەوێتەوە."
هێرمان تێرچس، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا لەو بارەیەوە رایگەیاند، "هەموو تۆمارەکانی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران لە ساڵی رابردوودا وایکردوو ئێمە هەڵوێستێکی تووندمان بەرامبەر بە رژێمی ئێران هەبێت، چونکە پێموایە ئەو رژێمە جێگەی متمانە نییە و هەمیشە هەوڵیداوە ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بۆیە پێمانوایە ئەم گفتوگۆیانە تەنیا کات و پارە بە ئێران دەدات تاوەکو ببنە خاوەنی ئەو چەکە.''
بە فەرمی و بە ئاشکرا گفتوگۆ لەنێوان ئەمریکا و ئێران لەبارەی چەکی ئەتۆمی نییە، بەڵام رووداو زانیویەتی لە چەند مانگی رابردوودا، ئەمریکا لە چەندین کەناڵەوە پەیوەندی لەگەڵ ئێران لەبارەی چەکی ئەتۆمییەوە کردووە، بەتایبەتیشن لە رێگەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ناوچەکە لە نێویاندا عێراق و قەتەر.
بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە بۆ ئەمریکا هێڵی سوورە، هەر ئەمەش وایکردووە چەندین جار ئەمریکا راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئەم پەیامە بە ئێرانییەکان بگەیێنێت، چەندین جاریش بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداویان راگەیاندووە، ئەوان دەیانەوێت بە رێگەی دیپلۆماسی کێشەی ئەتۆم لەگەڵ ئێران چارەسەربکەن، بەڵام ئەگەر ئەم بژارەیە سەرکەوتوونەبوو، بژاردەکانی دیکەش لەسەر مێزن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ