کۆمەڵەی کوردی لە ئەڵمانیا: مەترسی لەسەر گەڕاندنەوەی ئێزدییەکان هەیە

25-05-2024
پەیمان محەممەد
دوو کوردی ئێزدی بەرامبەر پەرستگەی لالش، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دوو کوردی ئێزدی بەرامبەر پەرستگەی لالش، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رێککەوتنی عێراق و ئەڵمانیا بۆ گەڕاندنەوەی ''ئارەزوومەندانە''ـی کۆچبەران، کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن. جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کوردی لە ئەڵمانیا دەڵێت، مەترسی لەسەر گەڕاندنەوەی دوو هەزار و 500 بۆ چوار هەزار کوردی ئێزدی هەیە.
 
محەممەد تانری ڤەردی، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کوردی لە ئەڵمانیا ئەمڕۆ (شەممە، 25-05-2024) لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشیکرد، رایگەیاند، ''بەپێی رێککەوتنێکی نێوان عێراق و ئەڵمانیا، دەبێ 22 هەزار کەس ئەو وڵاتە جێبهێڵن و بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان [عێراق و هەرێمی کوردستان].'' 
 
محەممەد تانریڤەردی گوتی، ''پێویستە ئەو کەسانەی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانن و خێزانیان لە ئەڵمانیا هەیە و منداڵەکانیان لەوێ دەخوێنن، بتوانن لە وڵاتەکە بمێننەوە.''
 
جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کوردی لە ئەڵمانیا ئاماژەی بە کوردانی ئێزدی کرد کە دوای هێرشی داعش بۆ سەر شنگال لە ساڵی 2014 روویان کردە ئەڵمانیا و دەڵێت، ''هەزار و 200 ژن و منداڵی ئەوان زمان فێربوونە و لێرە کار دەکەن، ئەوان دەبێ بتوانن لێرە بمێننەوە.''
 
بۆ پرسی گەڕاندنەوە و گەڕانەوەی دڵخوازی کۆچبەران بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، رووداو پرسیاری لە وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا کردووە و بە نووسراو وەڵامیان داوەتەوە کە، ''لە 31ـی ئاداری 2024، 279 هەزار و 49 هاووڵاتیی عێراقی [و هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان] لە ئەڵمانیا دەژین، کە 22 هەزار و 757 کەسیان مافی مانەوەیان پێ نەدراوە''.
 
بەگوتەی محەممەد تانری ڤەردی، بەپێی ئەو رێککەوتنەی لە نێوان ئەڵمانیا و عێراق بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەران واژۆکراوە، مەترسی لەسەر گەڕاندنەوەی ئێزدییەکانیش هەیە.
 
رێککەوتنەکە لە 14 خاڵ پێکهاتووە و سەرەتای ساڵی 2023 لەنێوان محەممەد شیاع سوودانی و ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا واژۆکراوە و هەردوو لایەن بۆ نەهێشتنی کۆچی نایاسایی و هاوئاهەنگیکردن بۆ گەڕاندنەوەی ژمارەیەک لە کۆچبەرانی عێراقی کۆکن.
 
ئەڵمانیا لەسەر داوای عێراق نێوەڕۆکی رێککەوتنەکە ئاشکرا ناکات، بەڵام کۆپییەکی دەست رووداو کەوتووە و تێیدا هاتووە؛ دوای رەتکردنەوەی دۆسیەکەیان، پەناخوازان بە ''دڵخواز''ـی خۆیان دەگەڕێندرێنەوە عێراق؛ جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کوردی ئاماژەی دا، ''بە رای من؛ هەردوو بواری گەڕاندنەوەی ناچاری و گەڕانەوەی دڵخوازانەی پەناخوازان و کۆچبەران لەئارادایە.''
 
وەک محەممەد تانری ڤەردی دەڵێت، هەرێمەکانی ئەڵمانیا خۆیان بۆ دۆسیەی پەنابەران بەرپرسیارن و هەندێکیان رایانگەیاندووە ئامادە نین کوردانی ئێزدی لە ئەڵمانیا دەربکرێن، گوتیشی، ''لەنێو ئەو 22 هەزار و 757 کەسەی مافی مانەوەیان پێ نەدراوە و مەترسیی گەڕاندنەوەیان لەسەرە، دوو هەزار و 500 تاوەکو چوار هەزار کەسیان کوردی ئێزدین.''
 
ژمارەی کوردانی ئێزدی لە باشووری کوردستان پێش شەڕی داعش نزیکەی 550 هەزار کەس بوو. بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، نزیکەی 120 هەزار ئێزدی کۆچیان بۆ دەرەوەی وڵات کردووە، کە 135 هەزار و 860 کەسیشیان لەنێو کامپەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژین. جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کوردی لە ئەڵمانیا ئەوەشی خستەڕوو، ''دۆخی ژیان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ گەڕانەوەی ئێزدیان لەبار نییە و ناتوانن بەو شێوەیە بگەڕێنەوە.'' 
 
بەپێی رێککەوتنەکەی نێوانیان، ئەڵمانیا و عێراق کار بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی کۆچبەر و پەناخوازان دەکەن، دەبێ ئەو کەسانەی دەگەڕێندرێنەوە، ئاوێتەی کۆمەڵگە بکرێن، پەرە بە کۆچی یاسایی بدرێت، ئاسانکاری بکرێت بۆ پێدانی ڤیزە و هاتنی خوێندکاران بۆ ئەڵمانیا، هەروەها تێیدا باس لەوە کراوە، هیچ لایەنێک تاکلایەنە رێکاری گەڕانەوەی هیچ کەسێک ناگرێتەبەر.
 
هەروەها لە رێککەوتنەکەدا هاتووە، هەر دوو وڵات ویستیان بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان هەیە و هەر یەک لەو دوو وڵاتە دەتوانن کۆتایی بە رێککەوتنەکە بهێنن، بەڵام دەبێ سێ مانگ پێشتر، لایەنی بەرامبەر ئاگادار بکەنەوە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساتی ئاشکراکردنی دەنگەکان و هەڵبژاردنی فرێدریک مێرتز، بە راوێژکاری ئەڵمانیا. وێنە: AFP

فرێدریش مێرتس بووە راوێژکاری ئەڵمانیا

پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا فرێدریش مێرتس، بەربژێری هاوپەیمانێتیی کریستیان دیموکرات و یەکێتیی کریستیان سۆسیال CDU/CSU و سۆسیال دیموکراتی وەک راوێژکاری نوێی وڵاتەکە هەڵبژارد.