رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا دەڵێت، ئەو کەسانە بانگهێشتی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی پاپا فرانسیس کراون کە زۆر لە پاپا نزیک بوون. ئاماژە بەوەش دەکات، پەیوەندیی نێوان پاپای ڤاتیکان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان "زۆر بەهێز بوو."
رۆژی هەینی 25ی نیسان رێزان حەمەساڵح، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا بە زنار شینۆ، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداوی لە ئیتاڵیا راگەیاند، "بۆ ئەم جۆرە بۆنانە شاند میوانداری ناکرێن؛ ئەو شاندانەی تایبەت و سەرەخۆشی دەنێرن و ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداربوون لە بۆنەکەدا دەردەبڕن، ڤاتیکان هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکات. ئەو شاندانەی زۆر نزیکن و ئەوانەی زۆر نزیک بوون لە پاپا، ئەو شاندانەش کە پاپا خۆی زۆرجار چاوپێکەوتنی لەگەڵیان هەبووە و لای پاپا گرنگ بوون، هەڵدەبژێردرێن."
رێزان حەمەساڵح گوتی، "ئێمە وەکو نوێنەرایەتی، سەرەخۆشیی سەرۆکی هەرێمی کوردستانمان گەیاندە ڤاتیکان و گوتمان ئەگەر رێوڕەسم هەیە خۆشحاڵ دەبین بەشدار بین. چەند وڵاتێکی دیکە داوای کرد، بەڵام ڤاتیکان خۆی هەڵسەنگاندن بۆ کەسایەتی و ئەو وڵاتانە دەکات کە زۆر نزیکن. دوایین نوێژی پاپاش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە هەرێمی کوردستان بوو؛ پەیوەندیی نێوان پاپا و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش زۆر بەهێز بوو."
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا ئاماژەی بەوەش کرد، "سەرۆکی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتی عێراقیش دەکات. راستە هەرێمی کوردستان زۆرینە کریستیان نییە، بەڵام پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان وایکردووە کە زۆر تایبەت بێت."
رۆژی شەممە، سەرکردەکانی جیهان لە ڤاتیکان لە رێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە پاپا فرانسیسدا بەشداری دەکەن، کە 21ی نیسان لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد: "ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 25-4-2025 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی ماڵئاواييكردن له پاپاى ڤاتيكان بهرهو رۆمای پايتهختى ئيتاڵیا بهڕێدهكهوێت".
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "سهرۆك نێچيرڤان بارزانى که له ههمان کاتدا نوێنهرایهتیی عێراقیش دهکات، سبهى شهممه له ڤاتيكان له رێوڕهسمى فهرميى ماڵئاواييكردن له پاپا فرانسيس بهشدار دهبێت كه له سهرانسهرى جيهانهوه، بهشداری تێدا دهکرێت".
لە رێوەڕسمەکەدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا؛ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا؛ کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و چەندین سەرکردەی دیکەی جیهان ئامادە دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ