ئەڵمانیا چوار کەس بە تۆمەتی یارمەتیدانی حەماس دادگایی دەکات

25-02-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ چوار کەس لە بەرلینی ئەڵمانیا بە تۆمەتی 'یارمەتیدانی حەماس' و 'ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر جووەکان' و هێرشکردنە سەر بنکەی ئەمریکییەکان لە ئەورووپا، دادگایی کران.
 
رۆژی سێشەممە 25ی شوباتی 2025 داواکاری گشتیی ئەڵمانیا ناسنامەی چوار کەسی ئاشکرا کرد و گوتی، ئەو چوار کەسەی دادگایی کراون لە کانوونی یەکەمی 2023 لە بەرلین و هۆڵەندا دەستگیر کراون.
 
لەبارەی ناسنامەی دادگاییکراوەکانەوە، داواکاری گشتیی ئەڵمانیا رایانگەیاند، عەبدولحەمیدی تەمەن 46 ساڵ و ئیبراهیمی تەمەن 41 ساڵ خەڵکی لوبنانن، محەممەدی تەمەن 34 ساڵ خەڵکی میسرە و نازیح تەمەنی 57 ساڵە و خەڵکی هۆڵەندایە.
 
هەر چوار کەسەکە بەوە تۆمەتبار کراون کە 'ئەندامی کەتیبەکانی قەسام' بوون، کە باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماسە، هەروەها تۆمەتی ئەوەیان خراوەتە پاڵ 'ئامادەکارییان کردووە بۆئەوەی لە وڵاتانی ئەورووپا هێرش بکەنە سەر جووەکان.'
 
بە گوتەی داواکارانی گشتیی ئەڵمانیا، چوار دەستگیرکراوەکە هەوڵیان داوە بنکەی سەربازیی رامشتاین لە ئەڵمانیا بکەنە ئامانج.
 
بنکەی سەربازیی رامشتاین لە ناوچەی راینلاندی ئەڵمانیا لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بەکاردەهێندرێت.
 
پڕۆسەی دادگاییکردنەکە لەژێر چاودێریی تووندی پۆلیس بەڕێوەچوو و تێیدا 50 کەسیش وەکو شایەتحاڵ بەشدار بوون. پێشبینی دەکرێت لە تشرینی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ دادگە بڕیاری کۆتایی لە کەیسەکە بدات.
 
بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی لەلایەن هەریەکە لە ئەڵمانیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپاوە بە گرووپێکی تیرۆریستی ناسێندراوە، هەر کەسێکیش تۆمەتی ئەندامبوونی ئەو گرووپەی بەسەردا ساخ بکرێتەوە، رووبەڕووی سزایەکی قورس دەبێتەوە.
 
لەو کاتەشی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ئۆکتۆبەری 2023 دەستیپێکردووە، ئەڵمانیا چاودێریکردنی دامەزراوەکانی جووەکانی وڵاتەکەی تووندتر کرد، ئامانجییەتی رێگری لە هێرشکردنە سەریان بگرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە