ساڵی 2021 بەهۆی پیسبوونی هەواوە زیاتر لە 500 هەزار کەس لە ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە

24-11-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئاژانسی ژینگەی ئەوروپی دەڵێت، لە ساڵی 2021 تەنیا بەهۆی پیسبوونی کەشوهەواوە، 500 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە. 
 
رۆژی هەینی، 24ـی تشرینی دووەمی 2023، ئاژانسی ژینگەی ئەوروپی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لەو 500 هەزار کەسەی لە ساڵی 2021دا گیانیان لەدەستداوە، 253 هەزار کەس بەهۆی زۆربوونی چڕی گەردیلەکانی هەوا، 52 هەزار کەس بەهۆی زیادبوونی رێژەی نایترۆجین و 22 هەزاری دیکەش بەهۆی بەرکەوتنیان بە گازی ئۆزۆن گیانیان لەدەستداوە.
 
ڤیرجینووس سینکێڤیچەس، کۆمیسیاری ژینگەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، "ئەو ئامارانەی کە ئەمڕۆ دەربارەی ژینگەی یەكێتیی ئەوروپا بڵاودەکرێنەوە ئەوە نیشان دەدەن کە کێشەی پیسبوونی کەشوهەوا، گەورەترین کێشەیە لە یەکێتی ئەوروپا."
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش دەڵێت، پیسبوونی کەشوهەوا یەکێکە لە گەورەترین هۆکارەکانی مردن لە جیهان و ساڵانە ژمارەیەکی زۆری خەڵک بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە گیانلەدەست دەدەن.
 
لەنێوان ساڵی 2005 و 2021 ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە گیانیان لەدەستداوە 41٪ کەمی کردووە و یەکێتیی ئەوروپاش ئامانجی ئەوەیە تاوەکو ساڵی 2030 رێژەکە بۆ 55٪ کەمتر بکاتەوە. 
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژەی بەوەش کرد، سووتاندنی سووتەمەنی بەردینی، لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و ئاژەڵداری قەبارەیەکی زۆر گازی ژەهراوی و گەردیلە زیانبەخشەکان دەردەدەن. 
 
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی رۆژنامەی گاردیان، 98٪ـی خەڵکی ئەوروپا ئەو هەناسەیەی هەڵیدەمژن تەندروست نییە و لەگەڵ رێنماییەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی یەکناگرێتەوە.
 
لینا ئیلا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی ژینگەی ئەوروپی دەڵێت، "هەواڵە ئەرێنییەکە ئەوەیە کە دەسەڵاتداران لەسەر ئاستی ئەوروپا لە رێگەی رێوشوێنی وەک پێشخستنی هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی و پاسکیلسواری لە ناوەندەکانی شارەکاندا هەنگاو دەگرنەبەر بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە