کۆبوونەوەی ساڵانەی سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی و گرووپی بانکە جیهانییەکان لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت

24-10-2024
دیار کوردە @diyarkurda
سەرکردەی وڵاتانی جیهان لە کۆبوونەکەدا بەشدارن
سەرکردەی وڵاتانی جیهان لە کۆبوونەکەدا بەشدارن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە واشنتن دی سی لە ئەمریکا کۆبوونەوەی ساڵانەی سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی و گرووپی بانکی جیهانییەکان بەڕێوەدەچێت.
 
ژمارەیەکی زۆر لە وەزیرانی دارایی و پلاندانان و پارێزگاری بانکی ناوەندیی وڵاتان و نوێنەرانی کەرتی تایبەت و وەبەرهێنان و بانکە گەورەکانی جیهان ئامادەن.
 
ئیسماعیل نەبی، وەزیری پلاندانانی و هاوئاهەنگی نێودەوڵەتیی گینیایە، چاویان لەوەیە لەم کۆبوونەوانە سوود لە ئەزموونی وڵاتان و هاوکارییە دارایی و راوێژکارییەکانی ئای ئێم ئێف و بانکی جیهانی وەربگرن، تاوەکو لە وڵاتێکی بەرهەمهێنەری خەڵووز، ببنە بە وڵاتێکی کشتوکاڵی و پیشەسازی.
 
ئیسماعیل نەبی دەڵێت: ''گینیا، وڵاتی من، لە باشووری ئەفریقایە، وڵاتێکی بەرهەمهێنەری خەڵووزە، بەڵام دەمانەوێت لە خەڵوزەوە بەرەو کشتوکاڵ بڕۆین، دەمانەوێت لە وڵاتێکی خاوەن سێکتەری کانەی خەڵوزی بۆ وڵاتێکی پێشکەوتوو، لە رووی ژێرخانی ئابووری و کشتوکاڵییەوە، هەروەها توانای بوونیادنان، ئەمە سەرنجی کۆبوونەوەکانمان بووە، وڵاتێکیش بەبێ خاوەن توانای مرۆیی، ناتوانێت بەرەو پێشەوە بچێت، بۆیە پێمانوایە ئەو کۆبوونەوانە هاوکارن، چاومان بە بەرپرسانی ئای ئێم ئێف و بانکی جیهانی و هەروەها هەندێک وڵاتی هاوبەش کەوت، لە ئەفریقا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەشەکانی دیکەی جیهان، لە ئاستی وەزیر و کۆبوونەوەی دووقۆڵی تاوەکو بزانین چۆن هاوئاهەنگیمان بەرەوپێشەوە ببەین.''
 
لە کۆبوونەوەکانی ئەم ساڵ، پرسی گەشەی ئابووری جیهان، شەڕی هەڵاوسان، پەیوەندی بازرگانی نێوان وڵاتان، قەرزی سەر وڵاتە هەژارەکان، خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەش و هەوا و ئابووری سەوز تاوتوێ دەکرێن.
 
بەبۆچوونی بەشێکی زۆری بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی ئەم ساڵیش، هەڵبژاردنی ئەمریکا سێبەری تەواوی بەسەر کۆبوونەوەکاندا هەیە، چونکە ئەنجامەکانی هەرچییەک بێت، رەنگدانەوەی لەسەر بازاڕە داراییەکان و پەیوەندییە بازرگانییەکانی وڵاتانیش دەبێت.
 
مارشا گڵوهۆڤسکی، بەڕێوەبەری سێکتەری گشتی لە جەی پی مۆرگن باس لەوە دەکات کە "گەورەترین پرس لە مێشکی هەموواندا هەڵبژاردنی ئەمریکایە، لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێت بەبێ پرسی هەڵاوسان باس لە هەڵبژاردنی ئەمریکا بکرێت، هەردووکیان بەتەواوەتی بەیەوەکەوە بەستراونەتەوە، بۆیە بابزانین ئەنجامەکانیان چی دەبن، کەس نایەوێت پێش هەڵبژاردنەکان بکەوێت، بەڵام ئەو مەترسیانەی پەیوەندیان بە هەڵبژاردنەوە هەیە زۆر گەورەن، بۆیەش ئەگەر باجی دیکە بسەپێندرێت و شەڕی بازرگانی هەبێت، دەبینین گۆڕانکاریی گەورە لە گەشەی داهاتی جیهانی روودەدات، ئەمەش شتێکە ئای ئێم ئێف باسی کرد، پرسێکی دیکەی گەورە پرسی جیۆ سیاسییە، ئەوەی کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست روودەدات، ئەمەش شتێکی زیاتر هەرێمییە، بەڵام هەمووجیهانیش سەیری نرخی نەوت دەکات، کە چۆن بە هەڵاوسانەوە بەستراوەتەوە.''
 
کۆبوونەوەکانی ئەم ساڵی ئای ئێم ئێف و گرووپی بانکی جیهانی تاوەکو 26ی ئەم مانگە بەردەوامدەبن، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، ئەم ساڵ بەهۆی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەڵوەشانەوەی گەشتە ئاسمانییەکان بەهۆی هێرشی چاوەڕوانکراوی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، هیچ شاندێکی باڵای عێراقی لە کۆبوونەوەکانی ئەو دوو دامەزراوەیە گەورەیە بەشدارنەبوون، کە ساڵانە لەسەر ئاستی وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی بەشداریان تێدا دەکرد.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە