رووداو دیجیتاڵ
وێنەکان: مەهدی فەرەج
ژوجیاجیاو، شارۆچکەیەکی کۆنی ئاوییە لە شاری شەنگهای لەو پەڕی رۆژهەڵاتی چین کە بە "ڤێنیسی شەنگهای" ناودەبرێت. بە ئۆتۆمبێل کاژێرێک لە ناوەندی شەنگهای دوورە.
ژوجیاجیاو دەکەوێتە سەر دەریای رۆژهەڵاتی چین؛ لە چەندین رێڕەوی ئاویی دڵڕفێن و پردی بەردین بونیادنراوە و شەقامە کۆنەکانی بە بەرد چیمەنتۆکراو و زیاتر لە 10 هەزار باڵەخانەی تێدایە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ شانشینی مینگ (1368-1644) و چینگ (1644-1911). هاوکات، بەو پێیەی رێڕەوی ئاویی زۆرە، 36 پردی لە بەرد دروستکراوی تێدایە. هەر لەبەر ئەوەش، هاتووچۆی دانیشتووانیشی بە زۆری لەڕێگەی بەلەمەوە دەکرێت، هەرچەندە رێگەی پیادە و میترۆشی لێیە.
ژوجیاجیاو باشترین شارۆچکەی ئاویی کۆن و پارێزراوە لە نێوان چوار شارۆچکە کۆنەکەی شەنگهای. ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارۆچکەیەی چین سەروو 95 هەزار کەس دەبێت. رووبەری وشکانیی شارۆچکەکەش 136 کیلۆمەتر دووجایە.