خاوەن گەلەرییەکی عەرەب میوزیسیانێکی یۆنانی و نیگارکێشێکی کورد لە ئەمریکا کۆدەکاتەوە

24-10-2023
دیار کوردە @diyarkurda
نیگارکێشە کوردەکە و مۆسیقاژەنە یۆنانییەکە لە گەلەرییەکی ویلایەتی ڤێرجینیای ئەمریکا.
نیگارکێشە کوردەکە و مۆسیقاژەنە یۆنانییەکە لە گەلەرییەکی ویلایەتی ڤێرجینیای ئەمریکا.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە ویلایەتی ڤێرجینیای ئەمریکا، گفتوگۆیەکی تایبەت لە نێوان میوزیک و نیگارکێشان دا بەڕێوەچوو. مۆسیقاژەن سپیرۆسی یۆنانی و نیگارکێش لوقمان ئەحمەدی کوردی رۆژئاوایە و خاوەن گەلەریش عێراقییە.
 
لوقمان ئەحمەد، هونەرمەند دەڵێت، "وەک پڕۆژە ویستمان شتێکی نوێ پێشکێشی خەڵک بکەین، گوتمان گالەری شتێکی نۆرماڵە و خەڵک زۆرجار دەچنە گالەری، ئەم جارە گالەرییەکە جیاوازە، چونکە لە ماڵێکدایە، ئەمە سەرنجڕاکێشە، چونکە خەڵک دێن و هەستێکی خۆشیان پێدەدات، دووەمیش، گوتمان بەشێوەیەکی زیندوو، هەم شێوەکاری بکەین، هەمیش میوزک هەبێت، ئەوەی سەرنجڕاکێشیشە ئەوەیە، خاوەنی ماڵەکە عەرەبێکی عێراقییە، من کوردم لە رۆژئاوای کوردستانم، هەڤاڵەکەشم سپیرۆ، یۆنانییە، ویستم ئەوە نیشانبدەین، سێ کولتووری جیاواز بەرهەمێکی باش پێشکێش بکەین.''
 
نیگارکێشەکەی رۆژئاوای کوردستان لە باسی تابلۆیەکیدا دەڵێت: ''سێ شتی گرنگ لە تابلۆکەدا هەن، یەکەمیان هێزە، دووەم باڵندەیە وەک سیمبولی ئاشتییە، ژنیش سیمبولی جوانییە، هەرسێ شتی گرنگ کە ژیانی ئێمە دروستدەکەن و ویستم ئەوانە لە تابلۆکەدا هەبن، یەکێکیش وەک کوردێک حەزم دەکرد ئەو هەستە لە تابلۆکاندا هەبێت، دووەمیش ئەو شەڕەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دروستدەبێت، دڵی ئێمە دەشکێنێت، ویستم ئەوە نیشانبدەین کە ژیانی ئێمە پێویستی بە ئاشتی و ئارامی و خۆشییە.''
 
میوزیک زمانێکی جیهانییە و هەموو کەس لێیی تێدەگات، سپیرۆس کە میوزسیانێکی بەنێوبانگی یۆنانییە، لەم گفتوگۆیەدا چەند پارچە میوزیکێکی جیاوازی پێشکێشکرد کە بۆ هەموو ئامادەبووان جێگەی سەرنج و دڵخۆشی بوو.
 
سپیرۆس کۆلیاڤاسیلیس دەڵێت، ''من تێکەڵەیەکم لە میوزیکی رۆژهەڵاتی و رۆژئاوایی پێشکێشکرد، هەندێک میوزیکی عێراقی و کوردی پێشکێشکرد، هەروەها من لە هاوڕێ میوزیسیانە کورد و عێراقییەکانەوە فێربوومە، بۆیەش ویستم ئەوە بکەین کە گرنگ نییە ئێمە ناو لە شتەکان بنێین، بڵێین ئەمە میوزیکی رۆژئاوایی یان میوزیکی رۆژهەڵاتییە، بەڵکو میوزیک میوزیکە، بۆیەش ویستم ئەمانە تێکەڵ بکەم هەم ئەوەی رۆژئاوا و هەم ئەوەی رۆژهەڵاتیش، جوانی میوزیکیش ئەوەیە کە کولتوورەکان تێکەڵ دەکەین.''
 
بەشداربووانی ئیڤێنتەکە تێکەڵەیەک بوون لە خەڵکی جیاواز، هەر لە کورد تاوەکو دەگاتە یۆنانی و عەرەب و ئەمریکی، ئەمەش رەنگدانەوەی کۆمەڵگەی ئەمریکی و ناوچەکەشە، خاوەن ماڵەکەش خۆی بەعەرەب دەزانێت، بەڵام رەگێکی کورد و تورکیشی تێدایە.
 
نەدا هەمزە، خاوەن گەلەرییەکەیە و باس لەوە دەکات، ''پاشخانی من بەم شێوەیەیە، کەمێک پاشخانی کورد و گەلانی دیکەم هەیە، خۆم عەرەبم، باپیرێکم تورکە و داپیرەشم کوردە، ئێستاش لێرەین لە ئەمریکا و وڵاتینامەی ئەمریکیشم هەیە، بڕوای منیش ئەوەیە گرنگ نییە، پاشخانی تۆ و ئاینەکەت چییە، یان خەڵکی کوێیی، بەڵکو هەمیشە دەتوانین بەیەکەوە بە ئاشتیانە بژین.''
 
ئەم گفتوگۆیە پەیامێکی ئاشتیانە و هاوکاری پێبوو، بۆیەش لە کۆتاییدا تابلۆ سەرنجڕاکێشەکەی لوقمان ئەحمەد بە بڕی 1500 دۆلار لە زیادکردنێکی ئاشکرادا فرۆشرا و لەگەڵ ئەو هاوکارییانەی دیکە کە کۆکرانەوە پێشکێش بە غەنی میرۆز دەکرێت کە لە شنگال چەند کۆرسێکی فێرکردنی میوزیکی کردوونەتەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە