رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی چەپەکانی ئەڵمانیا دەڵێت، پارتەکەی بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیی کورد و کارکردن بۆ پرسی کورد لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا (بۆندستاگ) و ئاماژە بەوەش دەکات: پێویستە دان بە رێڤەبەری خۆسەر دا بنرێت"
پاول ڤان ئاکن، سەرۆکی پارتی چەپەکانی ئەڵمانیا لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند کە هەڵبژاردنی پێنج بەربژێری کورد بۆ پەرلەمانی فیدڕاڵی، دەرفەتێکی باشە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بزووتنەوەی کوردی و چەپەکان لە ئەڵمانیا.
سەرۆکی پارتی چەپەکان باس لەوە دەکات کە "پێویستە قەدەخە لەسەر پەکەکە لە ئەڵمانیا هەڵبگیرێت و، دان بە رێڤەبەری خۆسەر لە [رۆژئاوای کوردستان] دا بنرێت."
ڤان ئاکن بە گوتەی خۆی ماوەی 15 ساڵە سەردانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان دەکات و دەڵێت: "لە هەموو ناوچە جیاوازەکان، لە دیاربەکرەوە بۆ هەولێر تا کۆبانێ، لەوێ کارم کردووە بە هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی کوردی. ئەوەی ئێستا چەندین ئەندامی کوردمان هەیە لە فراکسیۆنی پەرلەمانی فیدراڵدا، بێگومان شتێکی زۆر باشە."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ پاول ڤان ئاکن، سەرۆکی پارتی چەپەکانی ئەڵمانیا:
رووداو: بەڕێز ڤان ئاکن، سوپاس کە لەگەڵماندایت. ئێوە چۆن هەڵسەنگاندن بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکەتان دەکەن؟ دەنگەکانتان دوو هێندە زیادی کرد. هۆکاری ئەمە چی بوو؟
ڤان ئاکن: ئێمە ئەنجامێکی زۆر گەورەمان بەدەستهێنا. هەموومان زۆر دڵخۆشین. پێموایە هۆکارەکەی ئەوە بوو کە ئێمە وەک چەپەکان هەمیشە پابەند بووین بە بابەتە کۆمەڵایەتییەکان. ئێمە هەمیشە گوتوومانە گرنگترین شت بۆ خەڵکی ئەڵمانیا دیاریکردنی سنوورێکە بۆ کرێی خانوو. کرێی خانووەکان ئەوەندە گرانن کە لە توانای زۆر کەسدا نییە. خەڵک ترسی ئەوەیان هەیە لە خانووەکانیان دەربکرێن و پێویستە دڵنیاییان پێ بدرێت. بۆ ئەمەش پێویستمان بە دیاریکردنی سنوورێک هەیە بۆ کرێی خانوو. نرخەکان زۆر بەرزن. واتە ئێمە هەمیشە لەگەڵ پرسیارە کۆمەڵایەتییەکان ماوینەتەوە، لە کاتێکدا پارتەکانی دیکە زۆرجار بەدوای قوربانی و تاوانباراندا گەڕاون لە بواری کۆچبەریدا. ئێمە هەرگیز بەشداریی ئەمەمان نەکردووە. پێموایە ئەوەی ئێمە لەسەر ئەمە روون بووین، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی زۆر کەس کە پێشینەی کۆچبەرییان هەیە دەنگیان بە ئێمە داوە.
رووداو: کام بابەت؟ هەروەها چیتان کرد کە بووە هۆی ئەوەی دەنگدەرانتان هان بدەن کە دەنگتان پێ بدەن؟
ڤان ئاکن: پێموایە شتێکی زۆر یەکلاکەرەوە بۆ ئێمە ئەوە بوو، کە بۆ یەکەم جار کەمپینی هەڵبژاردنەکە لە خوارەوە بەرەو سەرەوە بوو. ئێمە سەردانی زیاتر لە 640 هەزار ماڵمان کرد لە ئەڵمانیا و لە خەڵکمان پرسی کێشەیان چییە. لەوێدا زۆربەی جار دەوترا، ئێمە ئیدی ناتوانین کرێی خانوو بدەین، نرخەکان زۆر بەرزن. ئێمەش ئەمەمان خستە ناوەندی کەمپینی هەڵبژاردنەکەمان. واتە ئەم پەیوەندییە راستەوخۆیە لەگەڵ دەنگدەران، پێموایە یارمەتی ئێمەی دا.
رووداو: پێنج بەربژێری پارتەکەی بەڕێزتان کوردن و ئێستا دەچنە نێو پەرلەمانی فیدراڵ، ئەمە بۆ پارتەکەی ئێوە و بۆ کورد لە هەمانکاتدا چەند گرنگە؟
ڤان ئاکن: من کەسێکم زۆر بەمە دڵخۆشم، چونکە من بۆ ماوەی 15 ساڵە بەردەوام سەردانی کوردستان دەکەم، لە هەموو ناوچە جیاوازەکان، لە دیاربەکرەوە بۆ هەولێر تا کۆبانێ، لەوێ کارم کردووە بە هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی کوردی. ئەوەی ئێستا چەندین ئەندامی کوردمان هەیە لە فراکسیۆنی پەرلەمانی فیدراڵدا، بێگومان شتێکی زۆر باشە. پێموایە ئەمە پەیوەندی نێوان بزووتنەوەی کوردی و چەپەکان لێرە لە ئەڵمانیا بەهێزتر دەکات.
رووداو: ئایا ئێوە وەک پارتی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی فیدراڵ (بۆندستاگ) کار بۆ پرسی کورد دەکەن؟
ڤان ئاکن: ئێمە وەک چەپەکان هەمیشە ئەمەمان کردووە. من کەسێکم هەمیشە ئەمەم کردووە. بێگومان ئێمە لەسەر ئەوە بەردەوام دەبین. قەدەخەکردنی پەکەکە دەبێت کۆتایی پێ بێت لە ئەڵمانیا. ئەمە پرسیار نییە. ئێمە پێویستمان بە دانپێدانان هەیە بە خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا. ئەمانە ئەو شتانەن کە ئێمە کاریان بۆ دەکەین.
ڕووداو: پرسی سەرەکیی ئەم بانگەشەیە پرسی کۆچبەران بوو، ئەمە دروست بوو؟ پارتەکەی ئێوە چی دەڵێت؟
ڤان ئاکن: ئێمە هەمیشە بەڕوونی گوتوومانە، ئێمە بەشداری ئەم هێرشانەی دژی کۆچبەران ناکەین. ئێمە بە تووندی و بەبێ لاوازبوون لە پاڵ هەموو خەڵک دەوەستین لێرە لە ئەڵمانیا، گرنگ نییە رەنگی پێستیان چییە، گرنگ نییە پاسپۆرتیان چییە. ئێمە هەمیشە لە پێش و لە پشتیانەوە دەوەستین، لەمەدا هیچ دوودڵییەک نییە. ئێمە وەک چەپەکان هەمیشە داکۆکی لە مافی پەنابەری دەکەین.
رووداو: باشە بەهۆی ئەوەی چەندین بەربژێری پارتەکەتان کورد بوون، بێگومان ژمارەیەکی زۆری دەنگدەرانی کورد دەنگیان بە پارتەکەتان داوە، چ پەیامێکتان هەیە بۆ ئەو دەنگدەرانە؟
ڤان ئاکن: ئێمە وەک پارتی چەپ لە ئەڵمانیا هەمیشە لە پاڵ کوردەکان وەستاوین. لێرە لە ئەڵمانیا، هەروەها لە هەرێمی کوردستانیش. ئەمەش بەردەوام دەبێت. بەڵێ، سوپاس بۆ دەنگەکانیان.
رووداو: ئێستا لە ئەڵمانیا بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا دەنگەکانی پارتی جێگرەوە دوو هێندە زیادی کردووە، ئێوە پلانتان چییە بۆ ئەوەی ژمارەی دەنگدەرانی ئەو پارتە زیاتر نەکات؟
ڤان ئاکن: لەوانەیە باشترین شێوە بۆ گەیشتن بە دەنگدەرانی AfD، لە رێگەی پرسی کۆمەڵایەتییەوە بێت. ئەمە ئێستا لەم کەمپینی هەڵبژاردنە کورتەدا، کە تەنانەت سێ مانگیشی نەخایاند، بەداخەوە سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام ئێستا چوار ساڵمان هەیە بۆ چوون بۆ شوێنەکانی رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا، بەردەوام لەوێبوون و راوێژکاری کۆمەڵایەتیکردن و نیشاندانی خەڵک کە ئێمە وەک چەپەکان، خەبات بۆ خواستەکانیان دەکەین، لە کاتێکدا AfD لەڕاستیدا پارتی ملیۆنێران و ملیاردێرانە. پێموایە ئەگەر چوار ساڵمان هەبێت، دەتوانین لەوێ زۆر شت بگۆڕین.
رووداو: دوایین پرسیارم ئەوەیە، یەکەم شت کە دەتانەوێت کاری لەسەر بکەن لە پەرلەمان چییە؟
ڤان ئاکن: یەکەم شت بێگومان دیاریکردنی سنوورێکە بۆ کرێی خانوو. پێویستمان بە چاودێریکردنی نرخە بۆ کرێی خانوو. ئێمە لەسەر شەقامەکان و لە پەرلەمانی فیدراڵ خەڵک رێکدەخەین. پێموایە ئێستا ئەمە گرنگترین بابەتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ