رووداو دیجیتاڵ
فریدریک مێرتز، سەرۆکی پارتی کریستیان دیموکراتەکانی ئەڵمانیا کە بە رێژەی 29% دەنگەکان یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا بوو، قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد.
لەبارەی پەیامی بۆ کورد کاتێک رووداو لێی پرسی "بە هەزاران دەنگدەری کورد دەنگی بە پارتەکەتان دا، ئێوە چیتان بۆ ئەوان هەیە؟" مێرتز دەڵێ "زۆر دڵخۆشم بە دەنگدەرە زۆرەکان لە ئەڵمانیا، بۆ ئەو هەموو کەسانەی لە CDU یارمەتییان داین."
630 کورسی لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا هەن. بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان؛ کریستیان دیموکراتەکان و سۆسیال کریستیانەکانی هاوپەیمانیان (راستڕۆن) بە بەدەستهێنانی 211 کورسی یەکەم بوون. بەوپێیە، مێرتز لە پێش هەموو بەربژێرەکانی دیکەوەیە بۆ بوونە راوێژکاری ئەڵمانیا.
مێرتزی تەمەنی 69 ساڵ و بە درووشمی "ئەڵمانیایەک کە جارێکی دیکە شانازی پێوە بکەین" بەشدار بوو لە هەڵبژاردنەکەدا. بڕیاریداوە ئەگەر ببێتە راوێژکار، سنوورەکان زیاتر کۆنترۆڵ بکات، یاسای نوێ بۆ پرسی کۆچبەری دەربکات و باج کەم بکاتەوە.
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی سەرۆکی پارتی کرستیان دیموکراتەکان:
رووداو: بەڕێز فریدریک مێرتز، پیرۆزبایتان لێدەکەم، چەند دڵخۆشن بە ئەنجامەکە؟
فریدریک مێرتز: زۆر سوپاس. بەڵێ، بێگومان مرۆڤ هەست دەکات ئێستا کەمپەینی هەڵبژاردن کۆتایی هاتووە. من زۆر دڵخۆشم و هەست بە باشی دەکەم، بەتایبەتی لەم کەشوهەوایەدا زۆر هەست بە باشی دەکەم. پارتی CDU لە دۆخێکی باشدایە، ئەمشەو ئاهەنگ دەگێڕین، بەڵام لە سبەینێوە دەست بە کارکردن دەکەینەوە.
رووداو: بە هەزاران دەنگدەری کورد دەنگی بە پارتەکەتان دا، ئێوە چیتان بۆ ئەوان هەیە؟
فریدریک مێرتز: سوپاس بۆ تۆش. من زۆر دڵخۆشم بە دەنگدەرە زۆرەکان لە ئەڵمانیا، بۆ ئەو هەموو کەسانەی لە CDU یارمەتیان داین، ماندوونەناسانە هاوکارییان کردین و ئەم کەمپەینی هەڵبژاردنەیان ئەنجام دا. ئەمە کەمپەینێکی هەڵبژاردنی زۆر گەورە و سەرکەوتوو بوو. زۆر، زۆر سوپاس.
رووداو: دەتوانم، بڵێم ئێوە راوێژکاری داهاتووی ئەڵمانیان؟
فریدریک مێرتز: ئەوە لە داهاتوودا دەبینین، با بزانین چی دەبێت. پێویستە ئێستا گفتوگۆی لەسەر بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ