مێرمنداڵێک بەتۆمەتی پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر مزگەوتێکی بەلجیکا دەستگیرکرا

24-01-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
داواکاری گشتیی برۆکسێل رایدەگەیێنێت، مێرمنداڵێکیان دەستگیر کردووە کە "ئەندامی بزووتنەوەیەکی راستڕۆ" بووە و پلانی داناوە ئەمڕۆ هەینی هێرش بکاتە سەر مزگەوتێکی برۆکسێل.
 
شەوی پێنجشەممە، 23ـی کانوونی دووەمی 2025، داواکاریی گشتیی برۆکسێل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، کەسێکیان دەستگیر کردووە کە ویستوویەتی هێرشێکی "تیرۆریستی" بکاتە سەر مزگەوتێک.
 
داواکاریی گشتیی برۆکسێل دەشڵێت، "گومانییان هەیە کە تۆمەتبارەکە ئەندامی بزووتنەوەیەکی راستڕۆ بێت"، و لەکاتی دەستگیرکردنی، چەندین پارچە چەکیان لە ماڵی تۆمەتبارەکە دۆزیوەتەوە.
 
ڤان تیخلت، وەزیری دادی بەلجیکا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە مێرمنداڵەکە تەمەنی 14 ساڵ بووە و هەڵگری بیری تووندڕەوی بووە.
 
تیخلت لەوبارەیەوە گوتی، "ئێستا پەڕگیری خێراتر لە جاران لەنێو گەنجان پەرەدەسێنێت". ئەو پێیوایە، "گەنجان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان مێشکییان دەشۆردرێتەوە".
 
دەزگای هەواڵگریی بەلجیکا لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا کە سەرەتای ئەم مانگە بڵاویکردەوە دەڵێت، لە دوو ساڵی رابردوودا نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەو کەسانەی پلانیان بۆ هێرشکردن داناوە  تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتر بووە.
 
دەزگای هەواڵگریی بەلجیکا دەڵێت، چاودێریی نزیکەی 600 کەس دەکەن کە وەکو کەسانی پەڕگیر دەستنیشان کراون و ئەگەری هەیە مەترسی لەسەر کۆمەڵگە دروست بکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە