رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ داوا لە رێکخراوی ئۆپێک دەکات نرخی نەوت دابەزێنێت، چونکە پێیوایە ئەگەر نرخی نەوت دابەزێت، رووسیا ناچار دەبێت کۆتایی بە جەنگی ئۆکراینا بهێنێت.
رۆژی پێنجشەممە، 23ـی کانوونی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەڕێگەی ڤیدیۆکۆنفڕانس بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس کرد و رایگەیاند، ئەگەر نرخی نەوت دابەزێت، جەنگی رووسیا - ئۆکراینا دەستبەجێ کۆتایی دێت."
ترەمپ گوتی: "ئێستا نرخی نەوت بەرزە و ئەوەش بەسە بۆ ئەوەی رووسیا درێژە بە جەنگەکە بدات. دەبێت نرخی نەوت بهێنینە خوارەوە و کۆتایی بەو جەنگە بهێنین."
رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت کە بە (ئۆپێک) ناسراوە، رێکخراوێکی نێودەوڵەتییە لە 13 وڵات پێکهاتووە و لە 14ـی ئەیلوولی 1960 لەلایەن عێراق، ئێران، کوێت، سعودیە و ڤەنزوێلا دامەزرا. لە ساڵی 1965ـەوە بارەگای سەرەکیی لە ڤیەننای نەمسایە.
ترەمپ دەیەوێت لە رێگەی کەمکردنەوەی نرخی نەوت کاریگەری لەسەر رووسیا دروست بکات و پێیوایە رووسیا بە داهاتی نەوت درێژە بە جەنگی ئۆکراینا دەدات.
لە داڤۆس پرسیار لە ترەمپ کرا، کە "ئایا لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە ساڵی داهاتوو جەنگەکە دەوەستێت؟" ترەمپ گوتی، "دەبێت پرسیار لە رووسیا بکەن. ئۆکراینا بۆ رێککەوتن ئامادەیە."
چەند کاژێرێک پێش گوتەکانی ترەمپ، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا- کرێملن لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "رووسیا ئامادەی دیالۆگێکی هاوبەش بوو لەسەر بنەمای رێزی هاوبەش. ئێمە هێشتا چاوەڕێی ئاماژەکان دەکەین، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەکمان پێنەگەیشتووە."
رۆژی 20ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، ترەمپ وەکو سەرۆکی ئەمریکا سوێندی یاسایی خوارد. پێشتر چەند جارێک گوتبووی ئەگەر ببێتەوە سەرۆک بە زووترین کات جەنگی ئۆکراینا رادەگرێت.
لە دووەم رۆژی سەرۆکایەتیدا، ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی سزای زیاتری بەسەر رووسیادا کرد لە ئەگەری ئەوەی سەرۆکی وڵاتەکە بە گفتوگۆکردن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا رازی نەبێت.
ترەمپ گوتی: "پێموایە ئەو (پووتین) رووسیا تێکدەشکێنێت ئەگەر رێککەوتن نەکات." جەختی لەوەش کردەوە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا ویستی خۆی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئاگربەست و رێککەوتنەوە پیشان داوە.
بەرپرسانی رووسیا چەند جارێک رایانگەیاندووە، ئامادەی گفتوگۆن لەگەڵ ئۆکراینییەکان، ئەگەر ئۆکراینا دەست لەو خاکە هەڵگرێت کە رووسیا لە ماوەی جەنگدا کۆنترۆڵی کردووە. هەروەها، ناشیانەوێت ئۆکراینا ببێتە ئەندامی ناتۆ، ئەم مەرجەیان چەند جارێک لەلایەن بەرپرسانی کیێڤەوە رەتکراوەتەوە.
نزیکبوونەوەی ئۆکراینا لە ناتۆ و بە ئەندامبوون لەو هاوپەیمانێتییەدا و "پێشێلکردنی ماف"ـی رووسەکانی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا لەلایەن حکومەتی کیێڤەوە بە دیارترین هۆکاری هێرشی مۆسکۆ بۆ سەر ئۆکراینا دادەنرێت.
رووسیا یەک لەسەر پێنجی خاکی ئۆکراینای کۆنترۆڵ کردووە و هەریەکە لە هەرێمەکانی دۆنێتسک، خێرسۆن، لوهانسک و زاپۆریژیای لەژێردەستە و لە 2014یشەوە نیمچە دوورگەی کریمیای خستووەتە ژێر دەسەڵاتی خۆی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ