پارێزگاری مۆسکۆ: چەندین درۆنی دووژمنمان خستەخوارەوە

24-01-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سێرگی سۆبیانین، پارێزگاری مۆسکۆ رایدەگەیێنێت، سیستمی بەرگریی وڵاتەکەی چەندین درۆنی "دووژمن"ـی لە ئاسمانی شارەکە خستووەتە خوارەوە. 
 
پاڕێزگاری مۆسکۆ رایگەیاند، درۆنەکان لە ناوچەکانی کۆلۆمنا و رامێنسکۆ خراونەتە خوارەوە و  لەو شوێنانەی کە درۆنەکانی لێ کەوتووەتە خوارەوە، هیچ زەرەر و زیانێک نەبووە و تیمەکانی فریاگوزاری گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.
 
بەگوێرەی میدیای رووسیا، بەهۆی مەترسی درۆن، دەزگای فڕۆکەوانی فیدراڵیی ئەو وڵاتە، بەشێک لە گەشتەکانی راگرتووە و رێنمایی بە ژمارەیەک فڕۆکەش داوە لە نزیکترین فڕۆکەخانە بنیشنەوە. 
 
رۆژی پێنجشەممە 23-1-2025 وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، لە ماوەی سێ کاژێردا 49 درۆنی ئۆکراینییان لە ئاسمانی رووسیا خستووەتە خوارەوە و زۆربەشیان لە ئاسمانی هەرێمی کورسک بوون. 
 
هەر هەمان رۆژ، ئیگۆر کوتساک، پارێزگاری کورسک ئاماژەی بەوە کرد، هێرشە درۆنییەکانی ئۆکراینا وایکردووە  کارەبای بەشێک لە هەرێمەکە ببڕێت. 
 
هێرشە درۆنییەکانی ئۆکراینا لەکاتێکدان، سوپای رووسیا لە باکووری رۆژهەڵاتی هەرێمی خارکیڤ و لە شاری پۆکرۆڤسکی هەرێمی دۆنێتسک لەپێشڕەویدان.
 
رۆژی سێشەممە 21-1-2025، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە پانێلێکی کۆڕبەندی داڤۆس گوتی، "لە رۆژئاوا [رۆژئاوای ئۆکراینا] رووبەڕووی دۆخێکی سەخت بووینەتەوە."
 
هەر هەمان رۆژ، هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا رایگەیاند، سیستمی بەرگریی وڵاتەکەیان 65 درۆنی رووسیای لە 10 هەرێمی ئۆکراینا خستووەتە خوارەوە. 
 
رووسیا یەک لەسەر پێنجی خاکی ئۆکراینای کۆنترۆڵ کردووە و هەریەکە لە هەرێمەکانی دۆنێتسک، خێرسۆن، لوهانسک و زاپۆریژیای لەژێردەستە و لە 2014یشەوە نیمچە دوورگەی کریمیای خستووەتە ژێر دەسەڵاتی خۆی.
 
جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا لە مانگی دووی ساڵی 2022ـەوە بەردەوامە. لەو کاتەوە ئەمریکا بایی زیاتر لە 66 ملیار دۆلار هاوکاری سەربازی پێشکێشی ئۆکرانیا کردووە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە