لە دوای دەستبەکاربوونی ترەمپ زیاتر لە 500 کۆچبەر دەستگیرکراون

24-01-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری رۆژنامەڤانیی ترەمپ رایدەگەیێنێت، 538 کۆچبەری نایاسایی لە ئەمریکا دەستگیرکراون و سەدانیان رەوانەی وڵاتەکانیان کراونەتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 23ـی کانوونی دووەمی 2025، کالۆلاین لێڤت، سکرتێری رۆژنامەڤانیی ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "ئیدارەی ترەمپ 538 تاوانباری کۆچبەری نایاسایی دەستگیر کرد." گوتیشی، "سەدان کەس لەو کۆچبەرانەی کە دەستگیرکراون، بە فڕۆکەی سەربازی رەوانەی وڵاتەکانی خۆیان کراونەتەوە. "
 
هەرچەندە ئەو بەرپرسەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە نەکردووە ئەو کۆچبەرانەی دەستگیر کراون خەڵکی کام وڵاتن، بەڵام میدیای ئەمریکی دەڵێت، خەڵکی ئەفغانستان، ئەنگۆلا، بۆلیڤیا، بەرازیل، کۆلۆمبیا، دۆمەنیکا، ئیکوادۆر، سلڤادۆر، گواتیمالا، هندۆراس، مەکسیک، نیکاراگوا، سەنیگال و ڤەنزوێلان. 
 
کۆچبەرەکان لە هەریەکە لە ویلایەتەکانی ئیلینۆی، کالیفۆرنیا، مینیسۆتا، نیویۆرک، فلۆریدا و مێریلاند دەستگیرکراون و دەزگای کۆچ و گومرگی ئەمریکیش دەڵێت، کۆچبەران تاوانی کوشتن، دەستدرێژی سێکسی و دزییان کردووە.
 
ترەمپ لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی دا کۆچبەرانی نایاسایی دیپۆرت بکاتەوە، لەگەڵ دەستبەکاربوونیشی ژمارەیەک فەرمانی سەرۆکایەتیی دژی کۆچبەران دەرکرد. 
 
ترەمپ هەزار و 500 سەربازی بۆ سنووری مەکسیک زیاد کرد، بۆ ئەوەی بتوانن رێگە لە گەیشتنی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەیان بگرن. بە ناردنی ئەو هێزە، ژمارەی سەربازە ئەمریکییەکان لەسەر سنووری مەکسیک دەبێتە چوار هەزار سەرباز.
 
بەگوێرەی دەزگای پاراستن و چاودێریکردنی سنوورەکانی ئەمریکا، لە 11 مانگی سەرەتای ساڵی 2024 دا، ملیۆنێک و 550 هەزار کۆچبەر چوونەتە ئەو وڵاتە، لەکاتێکدا هەمان ماوەی پێرار، دوو ملیۆن و 240 هەزار کۆچبەر چووبوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە