رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئەفغانستان بڕیارەکەی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان بۆ دەستگیرکردنی سەرکردەکانی رەتدەکاتەوە و بە "بڕیاری سیاسی" ناوی دەبات.
رۆژی هەینی، 24ی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی ئەفغانستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "وەکو هەموو بڕیارەکانی دیکەی، ئەو بڕیارەی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە، دووڕوویی پێوە دیارە و بڕیارێکی سیاسییە."
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، "جێگەی داخە ئەم دامەزراوەیە [دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان] چاوی بەرامبەر تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی بەرامبەر مرۆڤایەتی داخستووە، کە لەلایەن هێزە بیانییەکان و هاوپەیمانە نێوخۆییەکان لە ماوەی داگیرکاریی 20 ساڵەی ئەفغانستان کران."
تاڵیبان لە هاوینی 2021 گەڕایەوە سەر دەسەڵات، ئەوەش دوای ئەوەی بە هێزی سەربازی حکومەتی ئەو کاتەی ئەفغانستانی لە دەسەڵات لادا.
محەممەد نەبی عومەری، وەزیری ناوخۆی ئەفغانستان لەبارەی بڕیارەکەی دادگە رایگەیاند، "دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان ناتوانێت بمانترسێنێت." ئاماژەی بەوەش کرد، دادگەکە لەجیاتی ئەوەی فەرمان بۆ ئەوان دەربکات، دەبێت بەهۆی جەنگی غەززەوە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دادگەیی بکات.
رۆژی 23-01-2025 کەریم خان، داواکاری گشتیی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان رایگەیاند، بە تۆمەتی "گۆشەگیرکردنی ژنان" و "تاوانی دژی مرۆڤایەتی" فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ ژمارەیەک لە سەرکردەکانی تاڵیبان دەرکردووە، لەنێویاندا هەیبەتوڵڵا ئاخونزادە، رێبەری باڵای تاڵیبان و عەبدولحەکیم عەقانی، سەرۆکی دەستەی دادوەریی تاڵیبان.
لەدوای هاتنە سەر دەسەڵاتی تاڵیبان، کچانی ئەفغانستان رێگەیان پێنادرێت تاوەکو زیاتر لە پۆلی شەشی سەرەتایی بخوێنن و کارکردنی ژنانیش سنووردار کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ