رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی ئێران لە کابوول رایگەیاند، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ شاندێکی پلەبەرزی ئەو وڵاتە لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی ئەفغانستان دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، ماوەی سەردانەکەی عەباس عێراقچی بۆ ئەفغانستان یەک رۆژ دەبێت. ئەو سەردانەشی دەبێتە یەکەمین سەردانی وەزیرێکی دەرەوەی ئێران بۆ ئەفغانستان لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات.
شاندێکی پلەبەرز، کە لە بەرپرسانی ئابووری و بازرگانیی ئێران پێکدێت و هەروەها نوێنەری چەندین وەزارەتی ئەو وڵاتە یاوەری وەزیری دەرەوەی ئێران دەکەن.
بەپێی میدیای ئێران، لەم سەردانە دا هەردوولا باس لە پرسە جۆراوجۆرەکان و هەروەها کێشە هەنووکەییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکەن.
بەرپرسانی حکومەتی کاتیی ئەفغانستان، سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ ئەو وڵاتەیان پشتراستکردەوە.
زاکیر جەلالی، بەرپرسی ئیدارەی سێیەمی سیاسی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاندووە: "بەرژەوەندییە هاوبەشە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکانی نێوان ئەفغانستان و ئێران دەرفەتێکە بۆ بەهێزکردنی هاوکارییە دوو قۆڵییەکان. سەردانی داهاتووی سەید عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کابول هەنگاوێکی بنیاتنەرە بە ئاراستەی پتەوکردنی ئەو پەیوەندییانە."
ئەو بەرپرسەی حکومەتی تالیبان لە ئەفغانستان هەروەها دەڵێت: "سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کابوول دەتوانێت پەیوەندییەکانی نێوان تاڵیبان و ئێران بباتە قۆناخێکی نوێوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ